"پەدەکە لە بەرژەوەندی خۆی سامانی وڵات بە تاڵانکردن دەدات"

بە فشاری دەوڵەتانی زلهێز دەوڵەتی عێراق بێدەنگە لە ئاست ئەو ڕێککەوتنە ژێر بە ژێرانەی کە پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لەسەر سامانی سروشتی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی تاکەکەسی و حزبی و دوور لە هەموو بەرژەوەندییەکی گشتی، ئەنجامیداوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی وەک نەوت، بەڵام ئەم سامانە سروشتییەی بە تاڵاندەبرێت و لەلایەن بنەماڵە فەرمانڕەواکانی باشووری کوردستانەوە قورخکراوە، ئەوەی لێی بێبەشە گەلە، لە دوای فرۆشتنی نەوت ڕاستەوخۆ لەلایەن هەرێمەوە و دوورکەوتنەوە لە عێراق، بەستنی گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت لە نێوان پەدەکە و ئەردۆغان و نەناردنەوەی پارەی نەوت لە تورکیاوە، قەیرانی ئابوری دەستیپێکرد و مووچەخۆران نیو مووچە و بازاڕی هەرێم لاواز بوو، ئێستاش باس لەوە دەکرێت کە گرێبەست لەسەر غازیش دەکرێت.

 

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارای و بانک دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە پەدەکە لەسەر سامانی سروشتی غاز ڕێککەوتن ئەنجام دەدات تایبەت بە نوژنها ڕوونیکردەوە ئەوەی ئەو لایەنە دەیەوێت تەنها و تەنها بەرژەوەندی حزب و دەسەڵاتدارانی حزبەکەیە و دوورە لە بەرژەوەندی گەل، وتیشی بەستنی هەر جۆرە گرێبەستێک کە لە نێوان دوو وڵاتدا ئەنجامبدرێت کارێکی ئاسایی و ئابورییە، هەموو دەوڵەتانیش پێی هەڵدەستن بەڵام ئەو گرێبەستە پەنجا ساڵەیەی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە ئەنجام دراوە، زۆرترین زەرەری بۆ گەلی کوردستان و ئابوری کوردستان هەیە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر بەراوردێک بکەین لە مامەڵەکردنی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە سامانی سروشتییەوە، دەبینین دەوڵەتی عێراق لە ڕێگای سۆمۆوە مامەڵەی گرێبەستە نەوتییەکانی دەکات و گرێبەستی خزمەتگوزارین، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو گرێبەستانەی کردوویەتی زۆرینەی بڕە پارەکان دەچێتەوە بۆ کۆمپانیاکانی تورکیا، ئەمەش زۆرترین زیانی گەیاندووە بە ئابوری و سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و تاکە گرێبەستە لە مێژووی کورد کە بەو شێوازە زیانی بە نەتەوەی کورد گەیاندبێت.

 

"ئابوری سەربەخۆ دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستانی خراپ کرد"

گوڵاڵە سدیق ئاماژەی بەوەدا، دەستپێکردن بە ئابوری سەربەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ کە بەداخەوە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردا و زیانیی زۆریش بە نەتەوە و سامانی سروشتی گەیشت، هۆکاری ئەمەش نەبوونی یاسایەکی تەواوە لە عێراقدا قۆستنەوەی ئەم هەلە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە و مامەڵەکردن بە نەوت و تاڵانکردنی.

 

"لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە کۆمەڵێک کاریگەری دەرەکی و ناوەکی هەن لەسەر سیاسەتی دەوڵەتی عێراق، ئەگەر ئەو کاریگەریانە نەبن بێگومان حکومەتی ناوەندی عێراق لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی قبوڵ ناکات، بۆیە لە ڕێگای دیکەوە و ئەو شایستە داراییانەی دەکرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی دابینبکات، دەیبڕێت و بەرپەرچی ڕێککەوتنەکانی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم دەداتەوە، بەڵام دووبارە لە ژێر فشاری دەرەکی عێراق هاوکاری هەرێم دەکات وە لە نەبوونی هەر فشارێک و بەرژەوەندییەکدا بێگوومان دەڵەتانی دیکە وەک کارتێکی فشار ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی دەکات کە چیتر هاوکاری هەرێم نەکات".

 

" عێراق لە سیاسەتی بەڕێوەبردندا لاواز بووە"

گوڵاڵە سدیق، ئابوریناس، ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی عێراق سیاسەتی بەڕێوەبردنیان لە ڕووی بە هەدەردانی سامانی سروشتی و گەندەڵییەوە لە ئاستێکی خراپدایە، بەڵام بە هەموو ئەو خراپی دۆخی ئابوریەشەوە دەستیان نەبردووە بۆ موچەی فەرمانبەران، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە بوونی بچوکترین دۆخی سیاسی موچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و لە هەموو پرسێکدا دەست دەبات بۆ ماف خەڵکی.

 

ڕوونییکردەوە کە هاوشێوەی گرێبەستە نەوتییەکان دەنگۆی گرێبەستی غازیش هەیە، چونکە لاوازی حزبەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان وایکردووە پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە مامەڵە بە سامانی سروشتییەوە بکات، ئەوەی پەدەکە دەیکات جگە لە بەرژەوەندی خێزانی و تاکەکەسی هیچی دیکە نییە و دوورە لە بەرژەوەندی گەل و نەتەوەی کورد، "ڕوونە کە هێزە سیاسییەکانی دیکەی دەرەوەی پەدەکە بەشدارییەکی شەرمنانەیان پێدەکرێت لە پەرلەمان و بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە پەدەکە باڵادەست بووە".

 

"پێدانی سامانی سروشتی بە دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕووی سەربازییانەوە بەهێزیان دەکات"

ئەو ئابوریناسە باس لەوەدەکات کە ئەو ڕێککەوتنانەی پەدەکە ئەنجامی دەدات لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا جگە لە بەهەدەردانی سامانی سروشتی هەرێم بەهێزکردنی دەوڵەتی تورکیاشە و بووەتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی ئەو دەوڵەتە لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە، ئەمەش تەنها بۆ دەوڵەتی تورکیا نییە، بەڵکو هەر ڕێککەوتنێک لە بەرژەوەندی گەل نەکرێت پێویستە بووەستێندرێت بۆ ئەوەی بەکارنەهێندرێتەوە دژی نەتەوە و بەهۆیەوە گەل و ڕۆڵەی کورد لەناونەچێت.

 

"بەهۆی ئەوەی کە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لاواز کراون و تاکە حزب لە پەرلەماندا دەسەڵاتدارە، بۆیە ئەوەی پێویستە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەتایبەت لە هەرێمی کوردستاندا حزبەکانی دەرەوەی پەدەکەن، کە بەبێ بوونی هەڵوێستی پەرلەمان پێویستە دەنگیان هەبێت و کۆدەنگ بن و بەڕووی ئەو پیلانانەدا بووەستنەوە کە پەدەکە لە بەرژەوەندی خۆی ئەنجامی دەدات و چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمان نەکەن"

 

لە کۆتایشدا وتی: ئەگەر حکومەتی عێراق خاوەن سیاسەتێکی تۆکمەی خۆی بوایە هیچ هێز و لایەنێک نەیدەتوانی سنورەکان بشکێنێت و دەست درێژ بکاتە ناو سیاسەتی دەوڵەتەکەوە.