ژنانی کرماشان مافی کارەکانیان وەرناگرن

لە پێشەنگایەکی مۆبیلیاتەکانی شاری کرماشاندا، دەرکەوت زۆرترین ڕێژەی ژنان لە مۆبیلیاتەکاندا کار دەکەن، بەڵام باسیان لەوەکرد، کە نایەکسانی لە مووچەدا هەیە و فشاری کۆمەڵایەتییان لەسەرە.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی کە هەژاری زیادی کردووە و قەیرانی ئابووری کارەساتی لێکەوتووەتەوە، لەو شارەدا سەرەڕای فشاری کۆمەڵایەتی و ئاینی کە هەوڵ دەدرێت ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دوور بخرێتەوە، بەڵام ژنان لەپێناو بوونی خۆیان خەبات دەکەن، پێشانگای "مۆبیلیات و کەرەستەکانی ماڵ و ژووری خەوتن، پارکی شەهید لە شارەکە کرایەوە و چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، ئەوەی بەدی دەکرا ڕێژەی بەرزی بەشداری ژنان بوو وەک بەڕێوەبەری ستاند و ڕاوێژکاری فرۆشتن و ژمێریار و کاشێر.

 

"خەڵک ناتوانێت هیچ بکڕێت"

تینا کەریمی، جگە لە کاری ئارایشتگا، ماوەی ٤ ساڵە وەک ڕاوێژکاری فرۆشتن لە مۆبیلیاتێک کار دەکات و دەڵێت: خوێندنم لە بواری پیشەسازیدا بووە تا بڕوانامەی بەکالۆریۆس، دوای تەواوکردنی خوێندن، بەدوای کارێکدا گەڕام، بەڵام بەپێی خوێندنەکەم کارم دەست نەکەوت، پاشان دەستم بە کاری ئارایشتگا کرد و لەگەڵ ئەوەشدا لێرە وەک ڕاوێژکاری فرۆشتن کار دەکەم.
 

تینا کەریمی ڕایگەیاند کە قازانج لە ئارایشتگاکە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە و وتی: پێشتر باشتر بوو، بەڵام لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا قازانج کەمی کردووە، بەهۆی بێکاری لە شارەکەدا زۆرێک لە ژنان ڕوویان لە کاری ئارایشتگا کردووە و بازاڕیش وەک جاران باش نییە، بەرەو دواوە دەچێت، هەروەها فرۆشتنیش لە پێشەنگاکەدا بەراورد بە ساڵانی پێشوو کەمی کردووە، خەڵک ناتوانێت هیچ شتێک بکڕێت، بەو پێیەی زۆربەی کەرەستەکان کاڵای هاوردەکراون، نرخەکانیان بەردەوام بەرز دەبێتەوە

 

لە بوارەکەی خۆیدا کار ناکات

پوریا خەندەمی، خەڵکی شاری کرماشان، سەبارەت بە ئەزموونی بیست ساڵەی کارەکەی وتی: بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە دەروونناسی وەرگرتووە و بیست ساڵە وەک بازرگان کار دەکەم، نزیکەی سێ ساڵە مۆبیلیات بەڕێوە دەبەین، بیست ساڵە لەگەڵ هاوژینەکەم کار دەکەین و سەنتەرێکمان بۆ ڕازاندنەوەی ماڵ هەیە، پێویستە ژن و پیاو پێکەوە کار بکەن و ئەمەش ڕێگە بە مرۆڤ دەدات لە ژیاندا بەرەو پێشەوە بچێت.

 

نایەکسانی لە مووچەدا هەیە

یاس حەیدەری باسی ئەزمونی خۆی لە کارەکەیدا کرد و وتی: ماوەی پێنج ساڵە لە بواری مۆبیلیات و ژمێریاری زنجیرەیەک چێشتخانە کارم کردووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسم هەیە لە وێب دیزاین بەڵام بەداخەوە کارێکم لەو بوارەدا نەدۆزیوەتەوە و سەرمایەم نییە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەم، زۆربەی ئەو کەسانەی لە بواری فرۆشتندا کار دەکەن ژنن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە نیوەڕۆژە کارەکان، لە بازاڕەکەدا جیاوازییەکی لە نێوان مووچەی ژنان و پیاواندا هەیە، بیانووی خاوەنکارەکان ئەوەیە کە ژنان پیری ماڵەکان نین و هیچ خەرجیەکی تریان نییە، خەرجی ماڵ لەسەر شانی ئەوان نییە.

 

یاسای خوێندووە بەڵام لە مۆبیلیاتدا کاردەکات

ستارە درەخشان لە تاران دەژی و وتی: من دەرچووی یاسام، نزیکەی ١٠ ساڵە لە مۆبیلیاتدا کار دەکەم و لە هەمان کاتدا جلوبەرگ دیزاین دەکەم، بەڵام ئێستا بە فرۆشتنی مۆبیلیات بژێوی ژیانم دابین دەکەم، بەدەر لە بواری خوێندنەکەم چەندین کاری دیکەم کردووە، ژن و پیاوان لە ئێران هەمان کێشەیان هەیە، ئەمە تەنها بۆ ژن نییە، من دەبینم ئەو پیاوانەشی بڕوانامە یان دکتۆرایان هەیە، کاری خۆیان ناکەن، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نزیکەی هەموو کەسێک بژێوی ژیانی لەو کارانەدا پەیدا دەکات کە هیچ پەیوەندییەکی بە خوێندنەوە نییە.

 

ستارە درەخشان وتیشی: دەبێت بڵێم مووچەی ژنان بە بەراورد بە پیاوان زۆر کەمە، هەرچەندە ژنان لە زۆرێک لە کارەکاندا لە پیاوان بەسوودترن، بەڵام بەهۆی بیرۆکەی هەڵەی ناو کۆمەڵگەوە مووچەی ژنان کەمترە، بۆ نموونە لەو کۆمپانیای کە پێشتر کارم تیادا دەکرد، بڕی فرۆشم هاوتای هاوکارە پیاوەکانم بوو، هەندێک جار زیاتریش بوو، بەڵام مووچەی پیاوان دوو ئەوەندەی مووچەی من بوو، ئەمە بە هیچ شێوەیەک دادپەروەرانە نییە، چونکە من هەمان کارم دەکرد بەڵام نیوەی مووچەم پێدەدرا، هەر بۆیە پێموایە کار و هەوڵ و کاری ژنان بەرزە، بەڵام مافەکانیان بەدەست ناهێنن.