هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ

پێشەنگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵی لە شاری سلێمانی بە بەشداری کۆمپانیا و خاوەنکارەکان بەڕێوەچوو، کە تیایدا هەوڵی ئاشناکردنی بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ و ناوخۆی هەرێمی کوردستان درا تا بتوانن سوود لە ئەزموون و بەرهەمەکانی یەکتر ببینن.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- ٧ی ئەیلول، سێیەمین خولی پێشەنگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ لە شاری سلێمانی کرایەوە و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا و ٨ وڵات بەشداری تێدا کرد، ئامانجی ناساندنی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان بوو بە جیهانی دەرەوە، هەروەها ئاشناکردنی بەرهەمی وڵاتانی دیکە بە هاوڵاتیانی هەرێم و گۆڕینەوه‌ی زانیاری و چۆنیەتی بەکارهێنانی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان.

 

پێشەنگاکە کەرەستە، ئامێر و بەرهەمی کشتوکاڵی لە خۆگرتبوو، زۆرینەی کۆمپانیا و کارگە و خاوەنکارە بەشداربووەکان لە وڵاتی ئێران و تورکیا و شارەکانی عێراقەوە هاتبوون، بەشداریکردنی کۆمپانیا و کارگە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کەمتر دەبینرا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی نەدان بە بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان کە حکومەت هیچ ئاسانکارییەک بۆ جوتیاران و خاوەنکارەکان ناکات، تا بتوانن ئاستی کارکردنیان فراوان بکەن، ساڵانەش ڕێژەیەکی بەرچاو لە جوتیارانی کوردستان بەهۆی بەرهەمی وڵاتانی دراوسێوە زەرەر دەکات، چونکە بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ لەناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساغ نابێتەوە.

 

کاتێک باس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت وەک وڵاتێکی بەکاربەر پێناسە دەکرێت کە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان پشت بە هاوردەکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت، ئەمەش زیانێکی زۆری لە بەرەوپێشبردن لە هەرێمی کوردستاندا داوە و تا ئێستا لە هیچ سێکتەر و بوارێکدا نەیانتوانیووە ببنە بەرهەمهێن و وڵاتانی دراوسێش ساڵانە بڕێکی باش داهات قازانج دەکەن، بەهۆی هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

گوڵ خونچە و زەعفەرانی باخچەکانی کرماشان لە سلێمانی پێشوازی لێدەکرێت

پەیوەند سەمیعیان، خوێندکاری دکتۆرای گیا دەرمانییە له‌ وڵاتی ئێران، لە سەرەتادا باسی لە شێوازی بەرهەمهێنانەکانیان کرد لەناو باخچەکانیان لە کرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و وتی: ئەو باخچەیەی کە هەمانە خۆمان کاری کشتوکاڵی ئەنجامدەدەین، چونکە دایکم لە پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بوو، کاتێک خانەنشین بوو دەستی بە کاری کشتوکاڵی بەرهەمە ئەندامییە سروشتییەکان کرد.

 

پەیوەند ئاماژەی بە بەشێک لە بەرهەمەکانیان کرد کە لەناو باخچەکان بەرهەمی دەهێنن و وتی: یەکێک لەو بەرهەمانەی کە هەمانە زەعفەرانە کە بەتەنها تایبەت نییە بە کرماشان، ئێمە لە مەشهەد هێناومانە، بەڵام تەنها کەسین کە لە کرماشان زەعفەرانی ئەندامی-ئۆرگانیکی بەرهەمدەهێنین، هەروەها گوڵ خونچە، گێلاس و قەیسیمان هەیە کە بەبێ هیچ مادەیەکی کیمیایی و مادەی پارێزگاریکردن بەرهەمی دەهێنین.

 

پەیوەند لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد لە سەرەتادا کاتێک دایکی دەستی بە کارکردن کردووە ئامانجی ئەوە بووە سوود لە هێز و توانای ژنان ببینێت،" دایکم هەوڵیداوە سود لە هێزی ئەو ژنانە ببینێت و کاریان پێبدات کە ئابوری خێزانەکانیان خراپە، یاخود خۆیان سەرپەرشتی خێزانەکانیان دەکەن، تا بتوانن جێگیر و سەربەخۆببن و خۆیان کاربکەن و داهاتی خۆیان هەبێت، بەرهەمەکانی ئێمە لە کرماشانە، لە هەمان شوێنی کێڵگەکە کۆمپانیامان هەیە کە ئەو بەرهەمەی کە بەدەستمان دەکەوێت کۆیدەکەینەوە، لە پاکەتی دەکەین و هەر لەوێش دەیفرۆشین.

 

ژنان دەبێت سوود لە هێز و توانای خۆیان ببینن بۆ بەرەوپێشچوونیان

پەیوەند، کە بەرهەمەکانیان هێناوەتە شاری سلێمانی و لەناو بازاڕی کاردا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ساغی دەکەنەوە، باس لەوەدەکات کە لێرە سودەکانی زەعفەران ناناسن، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئەوان تا بازاڕیی بە بەرهەمەکانیانەوە بکەن لە هەرێمی کوردستان، "ئێمە تەنها کەسین کە زەعفەرانمان بۆ ئێرە هێناوە، بۆیە خەڵکی زانیاری زۆریان لەسەر تایبەتمەندی مادە سەرەتاییە سودبەخشەکانی زەعفەران نییە، کاتێک پێیان دەناسێنین لێرە و بۆیان ڕووندەکەینەوە هەم ئێمە دەناسن، هەم دواتر دێن و بەرهەمەکانمان لێدەکڕن، چونکە دەزانن سوودی زۆرە و کاریگەری باشی هەیە لەسەر پەستانی خوێن، ڕێکخستنی لێدانی دڵ و شەکرەی خوێن چارەسەردەکات، کەسانی دیکەش بۆ جوانبوونی ڕووخسار و پێست لە کرێمەکانی جوانکاری سوودی لێدەبینن.

 

لە کۆتایشدا پەیوەند جەختی لەسەر ئەوەکردووە کە پێویستە ژنان خۆیان پێبگەیەنن و تواناکانی خۆیان بدۆزنەوە و وتی: خوێندن یەک قۆناغی جێگیر بوون و سەربەخۆبوونی هەر کەسێکە بە تایبەتی بۆ ژنان کە دەبێت لەبیری جێگیربوونی خۆیاندا بن، چونکە ئەوە زەمانی کۆنبوو کە ژنان پشتیان بە پیاوەکان دەبەست بەڵام ئێستا خۆیان زۆر توانایان هەیە کە دەتوانن سوود لە تواناکانیان ببینن، دوای تەواوکردنی خوێندن دەبێت بزانن ئامانج و ئاواتیان چیە لە ژیان بۆ ئەوان چ شتێک گرنگە و لەگەڵ کێ دەتوانن داهات پەیدابکەن.

 

عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ

ئەفسانە تورکەمەندی، بەڕێوەبەری فرۆشتنی کۆمپانیای "چشمە ما‌ه"یە لە شیرازی وڵاتی ئێران و باسی لەوەکرد هاتوونەتە سلێمانی بۆ ناساندنی بەرهەمەکانیان و وتی: بەرهەمەکانی کۆمپانیای چشمە ما، خەیار شۆر، ترشیات، دۆشاو و زەیتونە کە لە شیراز بەرهەمدەهێندرێت، بەرهەمەکانمان زۆر باش و کوالێتی بەرزن و لەم پێشەنگایەدا لە شاری سلێمانی بەشداریمانکردووە چونکە دەمانەوێت بەرهەماکانمان بۆ شوێنانی دیکە هەناردە بکەین.

 

ئەفسانە باسی لە کارکردنی ناو کارگەکەیان کرد لە شیراز و وتی: بەرهەمهێنان و کارگەکەمان لە شیرازە، بەرهەمەکان لە کێڵگەکانمان لە شیراز بەرهەمدەهێنین، لەناو کارگەکان ژنان کاردەکەن و چالاکیان هەیە و بەرهەمەکان بەدەستی خۆیان دروستدەکەن، کاری کۆکردنەوەی ناو کێڵگەکان و پاککردن وشۆردنەوە و  لە پاکەتکردن هەتا فرۆشتن ژنان ئەنجامیدەدەن."

 

ئەفسانە ئاماژەی بەوەدا کە هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ عێراق سوودی بۆ هەردوو لا دەبێت، "ئەگەر لە سلێمانی نوێنەرەکان بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەمان بکڕن و بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێ بەرهەمەکانمان هەناردە بکەین، هەم بۆ فرۆشی ئێمە سوودی هەیە، هەروەها خەڵکی عێراقیش سوودی لێدەبینن".

 

لە کۆتایدا لە دیدی ئەفسانە پێشەنگای لەم جۆرە دەتوانێت بەرهەمی هەرێم و وڵاتە جیاوازەکان بەیەکتری بناسێنێت تا بتوانن سوود لەیەکتر ببینن، "پێشەنگای لەم جۆرە دەبێتە هۆی یەکتر ناسینی کۆمپانیاکان و بە بەرهەمەکانی یەکتر ئاشنا دەبن".