داهاتی تورکیا لەجیاتی نیشتەجێبوونی سەلامەت بۆ جەنگ خەرج دەکرێت

دەوڵەتی تورکیا ئەگەرچی بە ناوی پاراستن لە بوومەلەرزە و کارەساتی سروشتی باج کۆدەکاتەوە، بەڵام لە جەنگ دژی کورددا بەکاریان دەهێنێت و لە بوومەلەرزەکانیشدا هەزاران کەس گیان لەدەستدەدەن.

سروە نێرگز

 

سلێمانی- دوای بوومەلەرزەکەی ١٧ی ئابی ١٩٩٩ کە سەرتاسەری هەرێمی مەڕمەڕەی تورکیا، کە ناوچەیەکی بەرفراوانی لە ئەنقەرەوە تا ئیزمیر گرتەوە، بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ١٧ هەزار و ٤٨٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ هەزار و ٧٨١ کەسیش برینداربوون.

 

دوای ئەو بوومەلەرزەیە، دەوڵەتی تورکیا دەستیکرد بە کۆکردنەوەی باخی بوومەلەرزە، لە نێوان ساڵانی نێوان ٢٠٠٠-٢٠٢٢ نزیکەی ٤٣٢ ملیار لیرەی تورکی باجی بوومەلەرزە کۆکراوەیەوە، بەپێی ئەو ژمارەیە بۆ هەر ساڵێک ٤١٦ ملیۆن لیرە کۆکراوەتەوە.

 

هەروەها توانرا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٠-٢٠٢٢دا یەک ملیۆن و ٣١٥ هەزار خانوو بە قەبارەی ٩٦ مەتر دروستبکرێت و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠١٦ نزیکەی ٦٠-٧٠ هەزار خانوو دروستکرا، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە ٣٥ هەزار خانوو؛ لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ٢٢ هەزار دابەزیوە.

 

ئەگەر قەبارەی یەک خانوو بە ١١٢ مەتر چوارگۆشە وەربگرین، بە گشتی دەکرا لە ٢٣ ساڵی ڕابردوودا یەک ملیۆن و ١٢٧ هەزار خانوو دروست بکرایە.

 

لە بری نیشتەجێبوون تورکیا باج بۆ جەنگ خەرج دەکات

تورکیا لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی وەزارەتی بەرگری بە ٤٦٠ ملیار لیرە دیاریکرد، کە دەکاتە ٢٤ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و گەورەترین بودجەی ئەو وەزارەتەیە لە مێژووی کۆماری تورکیادا، بەڵام ئەردۆغان لە بری دروستکردی شوێنی نیشتەجێبوونی سەلامەت بۆ هاوڵاتیان، بەو باجەی لە خۆیان وەرگیراوە، سەرقاڵی خەرجکردنی پارەیەیە لە جەنگدا بۆ وێرانکاریی و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، ئەم جەنگەش لە دژی گەلی کورد بەردەوام لە زیادبووندایە.

 

نرخی هەر ڕۆکێتێکی فڕۆکەی ئێف-١٦ لە ٤٠٠ هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات، تاکو ٢.١ ملیۆن دۆلار، ئەو ڕۆکێتانەش تورکیا خۆی دروستیدەکات تێچووی ٢ ملیۆن دۆلار دەبێت، تێچووی هەر مووشەکێک کاتێک لە مووشەکهاوێژێکەوە دەتەقێنرێت، ساڵانە لە ٥٠ ملیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە، ئەگەر لە یەک هێرشی فراواندا لەبەرچاوی بگرین و ١٠٠ مووشەکهاوێژ بەکاربهێنرێت، ئەوا تێچووی مووشەکهاوێژەکان پێنج ملیار دۆلار دەبێت لە ساڵێکدا.

 

خەرجی یەک فڕۆکە بێ هاویشتی بۆمب ٢٥ هەزار دۆلارە لە یەک کاتژمێردا، خەرجیی یەک فڕۆکە لەگەڵ ئەنجامدانی بۆردومان ٦٥ هەزار دۆلارە، بۆ فڕینی فڕۆکەیەکی ئێف–١٦ تەنیا تێچووی سووتەمەنییەکەی، یەک ملیۆن دۆلارە، بۆمبێکی ئاسایی کە لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگییەوە فڕێدەدەرێت، نرخی ٢٥٠٠ دۆلارە.

 

لە ماوەی یەک ساڵدا نرخی فڕۆکەیەکی ئێف-١٦ بە هەموو پێداویستییەکانییەوە لە فڕۆکەخانەیەکدا لە نێوان٨٠٠ هەزار دۆلار بۆ دوو ملیۆن و نیو دۆلارە.

 

لە دۆخی کارەساتی بوومەلەرزەدا تورکیای داگیرکار بەردەوامە لە بۆردومان

ئەردۆغان بە ڕێژەیەکی بەرز بودجەی وڵاتەکەی بۆ جەنگ و داگیرکاری و قڕکردنی گەلی کورد بەکاردێنێت، لە ٪٢ی بودجەی بۆ پەروەردە تەرخان دەکات، کە مۆدێلی سیستەمی پەروەردەیی بازاڕگەراییە کە دەوڵەتی تورکیا بەکاریدەهێنێت، بە ئامانجی ئەوەی لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا کێبڕکێ بکات و پارەی خزمەتگوزارییەکە بدات، خوێندکار و دایک و باوک بکاتە "کڕیار" و جیاوازی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا دروستبکات.

 

دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە جیاتی ئەو توانا ئابوریەی هەیەتی بۆ خزمەتى گەلانى تورکیا و بەتایبەت لە دۆخێکى وەک ئێستادا، کە بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و چەند شارێکی تورکیا ڕوویداوە، بەکاربهێنێت بۆ لێقەوماوان، بەڵام فڕۆکەکانی ئەردۆغان هەزاران کیلۆمەتر دەبڕێت و بۆردومانى خاکی هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

تورکیا لە ڕووی توانای سەربازییەوە دووەم وڵاتە لەسەر ئاستى هاوپەیمانیەتى ناتۆ، تورکیا جگە لەوەى خۆی بودجەیەکى گەورەى بۆ کڕینى چەک و تەقەمەنى تەرخانکردووە، هاوکات وڵاتانى هاوپەیمانى ناتۆش هاوکاری دەکەن، بەڵام چەندین ساڵە تورکیا لە مەیدانى شەڕدا بەو توانا سەربازییەى خۆیەوە نەیتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبهێنێت.

 

جگە لە برسیکردنی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی و هەڵاواردنیان بۆ لەناوبردن و تەنانەت دوای بوومەلەرزەی ساڵی ١٩٩٩ هیچ هەوڵێک لەلایەن دەوڵەتی تورکیا نەدراوە بۆ ئەوەی بتوانێت سیستەمێکی سەلامەتی نیشتەجێبوون دابین بکات و چەند ساڵ جارێک هەزاران هاوڵاتی ئەو وڵاتە نەبنە قوربانی سیاسەتی لەناوبردن و قڕکردنەکانی دەوڵەتی تورکیا.