ڕێکخراوی لانەی منداڵان لە پلانیدایە هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنێت

ڕێکخراوی لانەی منداڵان کاردەکات بۆ پێشخستنی ژنان لەبواری هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵگەیی و ئابووری، ئامانجیشیەتی لە کۆتایی خولی کارەکەیاندا هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ڕێکخراوەی لانەی منداڵان کە ڕێکخراوێکی تایبەتە بە ژنان و منداڵان ماوەی سێ مانگە چالاکیەکانی لە شاری هەڵەبجە چڕ کردووەتەوە سەبارەت بە هۆشیارکردنەوەی ژنان و کۆڕ و سیمینار لەبارەی بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای توندوتیژی خێزانی و ژنان.

 

بەناز بەها، سەرپەرشتیاری تەکنیکی پرۆژەکان لە ڕێکخراوی لانەی منداڵان لە هەڵەبجە لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ نوژنها باسی لە کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە کرد کە ماوەی ٦ مانگ لە هەڵەبجە بەردەوام دەبێت و ماوەی سێ مانگی سەرەتا تایبەت بووە بە ژنان و سیمینار و کۆڕ لە خورماڵ و هەڵەبجە و گوندەکانی دەوروبەریان بەستراوە، ئامانجیشیانە ژنان هۆشیار بکەنەوە سەبارەت بە ماف و یاساکانی تایبەت بە ژنان، دەشڵێت: تا ژن هۆشیار نەکەینەوە، ناتوانین تاک هۆشیار بکەینەوە، تاوەکو دایکێک هۆشیار نەکەین ناتوانین کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە.

 

بەناز بەها باسی لەوەکرد مەبەستیانە ژنان هۆشیار بکەنەوە لە توندوتیژی خێزانی، توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا و یاسای ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش، "ژنان لە جیهاندا بەهۆی ڕەگەزییانەوە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، هەروەها هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا ڕەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەهۆی دابونەریت و کلتوری کۆمەڵگەوە ڕێژەکەی زیاتر بێت بەڵام لە وڵاتانی دیکەش بەدەرنین لێی، ئەم هاوسەرگیرییە کاریگەری نەرێنی هەیە، کۆمەڵگە لەژێر ناوی ناموس و شەرەف و سوڵحی عەشایەریدا پاساو دەهێننەوە و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا ڕێکدەخەن لە کاتێکدا نازانن چەندە کێشەیە و چ مەترسییەک دەخەنە کۆمەڵگەوە، بۆچی ئەو کچە ببێتە قوربانی کێشەیەکی خێزانی و عەشیرەتی، بۆیە گرنگە کار لەسەر ژنان بکرێت چونکە بەشی زۆری کۆمەڵگە پێکدەهێنن".

 

دەربارەی بڕیاری ١٣٢٥ بەناز وتی: ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایش لەپێناو کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی سەر ژنانە لە بەرەکانی جەنگدا، لە هەر وڵاتێكدا جەنگ ڕووبدات ژنان دەبنە قوربانی، لایەکی بەهۆی نەمانی هاوژین و باوک و براوە کە بژێوی ژیان دەکەوێتە سەریان، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەوەی کاتێک وڵاتێک داگیردەکرێت ژنان بە بارمتە دەگیرێن و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، کە ئەمە کاڵکردنەوەی ڕەگەزی مرۆڤایەتییە.

 

لە سەرەتای مانگی هەشت کار لەسەر پرۆژەی بچوک و هەلی کار بۆ ژنان دەکەین

بەوتەی بەناز بەها، سەرپەرشتیاری تەکنیکی پرۆژە لە ڕێکخراوی لانەی منداڵان یەکێک لە کار و ئامانجەکانیان خزمەتکردنی ژنان و گەنجانە لە ڕێگەی پرۆژەی ئابووری بچووکەوە، ئەمەش لە مانگی ئابەوە دەستپێدەکات، تا ژنان ببنە خاوەنی پرژەی بچوک و دوکان و کاری خۆیان.

 

ڕێکخراوی لانەی منداڵان بە شێکە لە پرۆگرامی تطویر-گەشەپێدان کە ئامانجیان گەشەپێدانی ڕێکخراوی مەدەنییە و پشگیری دارایی لەلایەن یو پیپی ئیتاڵی و مەسەلەوە بۆ دابین کراوە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لە کارکردن لە هەڵەبجە بەردەوام دەبن.