دروومانخانەی لیلیت: دەرفەتێک بۆ ئابوورییەکی سەربەخۆ

لە قامیشلۆ دەستەی کولتووریی وۆرکشۆپێکی دوورین بە ناوی “لیلیت” بۆ ژنان کردەوە، بەڕێوەبەری وۆرکشۆپی “لیلیت” ئاریا مێلا خەلیل باسی لە وۆرکشۆپەکە کرد و دەڵێت: ژنان لەم وۆرکشۆپەدا ئابووری خۆیان بونیاد دەنێن.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ-بە درێژایی مێژوو ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا هەبووە و ڕۆڵی گرنگی لە بوارە جیاوازەکاندا هەبووە، بەڵام زۆرجار هەوڵی ژنان بۆ سەربەخۆیی ئابووری و دارایی خۆیان سنووردار بووە، بەو پێیەی هەمیشە دەرفەتی ئەوەیان نەبووە کە بڕیاری ئابووری بدەن یان سەرچاوەکانیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێوەببەن.

 

لەگەڵ پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوچەکە و لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆڵی ژنان لە ئابووریدا بەرجەستەتر بووە، ژنان لە بەرهەمهێنان و کارکردن و بونیادنانی کاری خۆیاندا بەشدار بوون، دەستپێشخەرییە ئابوورییەکانی ژنان ڕۆڵێکی کارایان هەبووە لە بەڕێوەبردنی ئابوورییەکانیان بۆ بەهێزبوون و سەربەخۆبوون.

 

ئەمڕۆ ژنان نەک تەنها وەک کرێکار، بەڵکو وەک خاوەن کار و بڕیاردەر بوونەتە هاوبەشی سەرەکی لە ئابووریدا، ئەمەش گرنگی بەهێزکردنی ئابووری ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە گەیشتن بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیدا دەردەخات، ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بەهێزکردنی ژنان لە ئابووریدا نەک هەر هەنگاوێکە بەرەو یەکسانی، بەڵکو بنەمایەکە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر و سەقامگیرتر.

 

لەو چوارچێوەیەدا، دەستەی کولتووری لە قامیشلۆ دروومانخانەیەکی بە ناوی "لیلیت" بۆ ژنان کردۆتەوە، بۆ زانیاری زیاتر  قسەمان لەگەڵ ئاریا مێلا خەلیل، بەڕێوەبەری دروومانخانەی لیلیت کرد.

 

”ژنان لێرە ئابووریی خۆیان بونیاد دەنێن”

ئاریا مێلا خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە کردنەوەی ئەم دروومانخانەیە پاڵپشتیکردنی ژنان و دروستکردنی شوێنێکە بۆ ئەوەی فێری کارامەیی دورینی ببن، وتی: ئەم وۆرکشۆپە تایبەتەمان بۆ نان کردەوە بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بکەن، زۆرێک لە ژنان لە ماڵەوەن و هەلی کاریان بۆ ناڕەخسێت، بەڵام وۆرکشۆپی لیلیت دەرگاکانی بەڕووی هەموو ژناندا دەکاتەوە و پێشوازییان لێدەکات.

 

”ئێمەش داواکاری لە فرۆشگەکەوە وەردەگرین”

ئاریا مێلا خەلیل ڕوونیشی کردەوە، کە لە فرۆشگەکەیدا جلوبەرگی هەمووان دەدوورێ، وتی: خواستی سەرەکیمان لە کردنەوەی ئەم دروومانخانەیە دورینی جلوبەرگی کولتووری کوردی بوو، بەڵام بەو پێیەی ئەو جلوبەرگانە تەنها بۆ ماوەی دوو مانگ لە ماوەی ساڵدا یان لە ئاهەنگەکاندا بەکاردەهێنرێن، بۆ ئەوەی کارەکانمان بەردەوام بن، ئێمەش داواکاری لە دوکانەکانەوە وەردەگرین، بە پێی داوای دوکانەکان جلوبەرگ دەدوورین بۆیان.

 

”ئامانجمان کردنەوەی دروومانخانەئە لە بازاڕی قامیشلۆ”

ئاریا مێلا خەلیل جەختی لەوە کردەوە، لە داهاتوودا دوکانێک لە بازاڕی قامیشلۆ دەکەنەوە و وتی: لە سەرەتادا ژمارەی ژنانی ناو دروومانخانەکە ١٢ کەس بوو، بەڵام بەهۆی هەندێک بارودۆخەوە ئێستا ٥ ژن کار دەکەن، لە داهاتوودا چەندین پڕۆژەمان ئامادە کردووە، زۆرێک لە ژنانی دیکە دەهێنینە دروومانخانەکە و ڕاهێنانیان پێدەکەین، هەروەها بەشداری فێستیڤاڵەکان دەکەین و جلوبەرگەکانمان پێشکەش دەکەین، بەو پێیەی دۆخی ئابووری ئێرە سەختە، بەڵام بەهۆی هەندێک بارودۆخەوە ئێستا ٥ ژن کار دەکەن، لە داهاتوودا چەندین پڕۆژەمان ئامادە کردووە؛ ئامادەکاری دەکەین بۆ کردنەوەی دوکانێک لە بازاڕی قامیشلۆ بۆ فراوانکردنی پڕۆژەکەمان.

 

ڕاهێنانی بێ بەرامبەر بۆ کەسوکاری شەهیدان

ئاریا مێلا خەلیل ئاماژەی بەوەدا، کە مەشق و ڕاهێنانەکانیان نزیکەی ٣ مانگی خایاندووە و وتی: دوای تەواوبوونی مەشقەکان، ژنان دەتوانن بەشداری دروومانخانەکە بکەن و کار بکەن، تا ئێستا نزیکەی ١٠ ژن مەشقەکانیان تەواو کردووە و سەرکەوتوو بوون، جگە لەوەش مەشق و ڕاهێنان بەخۆڕایی بۆ کەسوکاری شەهیدان دابین دەکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئاریا مێلا خەلیل داوای لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی لە ماڵەوە دەمێننەوە لەم پڕۆژەیە ئاگادار بکرێنەوە و بەشداری لە پڕۆژەی هاوشێوەدا بکەن.