ژنێکی کۆچبەر بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی هاوبەش لەناو ماڵەکەیدا ئاسنگەری دەکات

کۆچبەرێکی شاری عەفرینی داگیرکراو بەناوی فاتمە شەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، لەڕێگەی کاری ئاسنگەرییەوە سنووردارکردنی داب و نەریتی شکاندووە، ژیانی هاوبەشی لەناو ماڵەکەیدا بەدەستهێناوە بۆ ئەوەی خێزانێکی دیموکراسی ئازاد بونیاد بنێت کە یەکسانی ڕەگەزی تێیدا زاڵ بێت.

يوبارین بەکر

 

شەهبا- ژیانی کۆمەڵایەتی بەبێ پێکهاتەیەکی بەشدار لە نێوان ژن و پیاودا سەقامگیر نابێت و بنەماڵە "ناوکی یەکەمی کۆمەڵگە" لە غیابی یەکێک لە ڕەگەزەکاندا ناتواندرێت بونیاد بنرێت، بەو پێیەی لە هەموو ئاستەکاندا تەواوکەری یەکترن، لە ماڵەوە دەستپێدەکات و تەنانەت لە شوێنی کاریشدا، بۆ ئەوەی بگاتە کۆمەڵگەیەکی یەکسان.

 

ژنێکی ٦٠ ساڵانی خەڵکی شاری عەفرینی داگیرکراو، کە ئاوارە بوو بۆ شاری شەهبا، بە لێهاتوویی خۆی لە ئاسنگەری و درەوشاوەیی لە پیشەیەکی دەستیکرد بە ئاسنگەری کە تایبەت بوو بە پیاوان، جێپەنجەیەکی گەشاوەی بەجێهێشت بۆ خۆی لەبەرامبەر هەموو کەسێک کە ئیرادەی ژنان دەکاتە ئامانج و هەوڵی پەراوێزخستنیان دەدات.

 

فاتمە شەمۆ، کە لە شاری عەفرین ئاوارە بووە، لە شەهبای  ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژی، دوای هاوسەرگیرییەکەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەگەڵ هاوژینەکەی لە پیشەی ئاسنگەریدا بووە و کاتژمێرێکی زۆر لەگەڵیدا بەسەر دەبات، ئەو لەناو وەرشەی ئاسنگەریدا سەبارەت بە کارەکانی لەم پیشەیەدا، ڕوونیکردەوە کە هاوژینەکەی پێشتر ئاسنگەری دەکرد لەکاتێکدا ئەم کارەی بە تەنیا بۆی سەخت بوو، بڕیاریدا لەگەلیدا کار بکات، هەرچەندە هاوژینەکەی سەرەتا قەدەغەی کردبوو بەهۆی سەختی ئەم پیشەیە و ئاماژەی بەوەدا کە نەیتوانیوە بەرگەی ماندوێتی ئاسنگەری بگرێت، بەڵام پێداگرییەکەی وایلێکرد قبوڵی بکات کە پێکەوە کار بکەن، دواتر دوکانێکی بچووکیان لە ناو ماڵەکەیان لە شاری عەفرین کردووەتەوە.

 

"ئەگەر ژن ئیرادەی بەهێزبێت، دەتوانێت خۆی بسەلمێنێت"

وتیشی: ساڵانێکی زۆر لە ماڵەوە کارمان دەکرد و ئەم پیشەیەمان فیری منداڵەکانمان کرد، پێشتر ئەو ئامێرانەمان دەفرۆشت کە لە بازاڕی عەفرین دروستمان دەکرد، تا لقی پیشەسازی کرایەوە، دواتر دوکانێکمان لە چوارچێوەی ئەو پیشەیە کردەوە، ئەگەر ژنێک ئیرادەیەکی بەهێزی هەبێت، دەتوانێت لە هەموو شوێنێک خۆی بسەلمێنێت، هەروەها هیچ کارێک نییە کە تایبەت بێت بە ڕەگەزی بەرامبەر، ژنان خاوەنی هێزێکی گەورەن، و بەو هێزەش دەتوانن شەڕ لەگەڵ هەموو جیهان بکەن، لە بەرامبەر داب و نەریتەکاندا بوەستنەوە، و ئەو سیاسەتانە شکست بهێنن کە دژی ڕۆڵ و پێگەی ئەوان پراکتیزە دەکرێن.

 

سەبارەت بە ئازارەکانی ئاوارەیی و کاریگەری لەسەر کاری ژنان، فاتمە شەمو دووپاتی کردەوە، کاتێک کەسێک ئاوارە دەبێت لە ناوچەکەی، ڕووبەڕووی دوو ڕەنج دەبێتەوە، لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە سەختەی ژیانی ئێمە هەموو شتێکمان لە عەفرین بەجێهێشتووە کە خاوەنی بووین، ئێستاش شەهبا گەمارۆدراوە، بۆیە زەحمەتە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی کارکردنمان، بەڵام ئێمە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە لەبەردەم هەموو مەرجەکاندا بەرەنگاری دەبینەوە بۆ ئەوەی ڕۆژێک بتوانین بگەڕێینەوە بۆ شارە داگیرکراوەکەمان.

 

وتیشی: کۆمەڵگەی ئێمە خاوەنی عەقڵیەتێکە کە جیاوازی دەکات لە نێوان ڕۆڵی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا، بەڵام من هەرگیز کاریگەری ئەو عەقڵیەتەم نەبووە، تا ئەو کاتەی پێگەی ژن و ڕۆڵی ئەوانم لە کۆمەڵگادا بە ئیرادەی خۆم دەزانی، من و هاوژینەکەم  ڕووبەڕووی هەموو کێشەکان بووینەوە و بەسەریاندا زاڵ بووین بۆ نەهێشتنی ئەم عەقڵیەتە کە ژن پەراوێز دەخات.

 

سەبارەت بە سەختی ئاسنگەری، فاتمە شەمۆ وتی: پیشەی ئاسنگەری کارێکی قورسە، نەک تەنها بۆ ژنان، بەڵکو بۆ پیاوانیش، بەتایبەتی ئێستا کە تەمەنمان گەورە بووە، سەرەڕای سەختییەکانی، ئێمە بە وەرزشێکی تەندروستی دەزانین بۆ جەستە.

 

 لە کۆتایی قسەکانیدا فاتمە شەمۆ پەیام و دەنگی خۆی ئاراستەی هەموو ژنانی جیهان کردو جەختی لەسەر پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو عەقڵیەتە پاوانخوازە کردەوە کە هەوڵدەدات ڕۆڵ و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا نەهێڵێت.