بەرەوپێشچوونی ئابووری هەلی کاری هەمەچەشن بۆ ژنان دەڕەخسێنێت

ئابووری یەکێکە لەو پایانەی کە کۆمەڵگەکان پشتی پێدەبەستن، هەرچەند ئابووری سەرکەوتووتر بێت، گەشەسەندنی زیاتر بەردەوام دەبێت.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، خەڵک هەوڵی پەرەپێدانی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە ئابووریشەوە دەدەن، بەتایبەت ژنان بۆ پەرەپێدانی خۆیان سوود لە شۆڕش وەربگرن.

 

ئابووری ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەو دامەزراوانەدایە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پەرەپێدانی ئابووری ناوچەکە و ژنان بەتایبەتی هەوڵیاندا هەلی کار بۆ زۆرێک لەو ژنانە بڕەخسێنێن کە خوازیاری بنیاتنانی ئابووری خۆیانن لە ڕێگەی پڕۆژەی هەمەچەشن و بەرهەمدارەوە .

 

لاما خەلیل، کارگێڕ لە کۆمیتەی ئابووری ژنان، دەربارەی گرنگی ئابووری ژنان و ئەو پڕۆژانەی کە لە شارۆچکەی تەربەسپی، سەر بە شاری قامیشلۆ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکردووە، ڕایگەیاند، ئەم دامەزراوەیە بۆ پەرەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان کار دەکات، پڕۆژەکانی ئێستایان بریتین لە نانەواخانە و پڕۆژەی بچووک، سیستمێک کە بەشداربووان پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە کارێکی باشتر بکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ڕێگەی ئەم پڕۆژانە، ئامانجمان بنیادنانی ئابوورییەک بە تایبەتی بۆ ژنانە، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەین لە دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان، ئێمە چوار پڕۆژەی نانمان هەیە لە تربەسپی و پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیمان هەیە لە گوندێکی دراوسێ کە تێیدا ٢٠ ژن کار دەکەن و لەوێشدا ژنە کرێکارەکان بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە هاوکاری یەکتر زەویەکانیان دەچێنن و دروێنە دەکەن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە کەسی تر هەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئابووری ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا گرنگییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی هەنگاوێکە کە بەشدارە لە گەشەپێدانی ژنان و کۆمەڵگە، دەشڵێت: هەنگاوی گرنگ ئەوەیە ژنان بە ویستی خۆیان بەشداری لە پڕۆژەکاندا بکەن، ئێمە سەردانی کۆمۆنەکان دەکەین بۆ گەڕان بەدوای ئەو ژنانەدا کە دەیانەوێت لەو پڕۆژانەدا کاربکەن کە ئێمە پێشنیاری دەکەین، کار دەکەین بۆ بنیاتنانەوەیان وەک هەنگاوێک بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆیان لەنێو ئەو پڕۆژانەی کە زۆرترین داواکاریمان لێدەکرێت بەڕێوەی ببەین بریتین لە پڕۆژەی کشتوکاڵی، بەرگدروو، و شیرینی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەن هاوکاری ئەو ژنانە بکەین کە ئاژەڵداری دەکەن و ئاژەڵ لە گوندەکاندا بەخێو دەکەن، ئەمەش لەڕێگەی دروستکردنی پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان، جگە لەو ژنانەی کە شیر و بەرهەمەکانی لەسەر شەقام و شۆستەی جادەکانی شاردا دەیفرۆشن، وتی: کار دەکەین لە پێناو گەرمکردنی بازاڕی کاریان، هەموو ئامانجمان دابینکردنی ئابووری سەربەخۆیە بۆ ژنان.

 

سەبارەت بە سەختییەکانی بەردەم کارەکانی ڕێکخراوەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنی گونجاو بۆ بنیاتنانی پڕۆژەکان سەرەکیترین کێشەی ئەوانە، ڕێگریکردن لەلایەن کۆمەڵگەوە بۆ ژنان هەیە و ئەمەش هۆکارە بۆ بەشداری کەمی ژنان لە بواری کارکردندا، لە بارەیەوە دەڵێت: ژن ڕەوتی کۆمەڵگاکان دیاری دەکەن، ژنانی هۆشیار، خوێندەوار و بە ئەزموون کۆمەڵگایەکی ئازاد و پێشکەوتوو بنیات دەنێن و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە پێویستە هەمووان پشتیوانی ژنان بکەن و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن بۆ ئەوەی پەرە بە خۆیان و کۆمەڵگە بدەن.