بەخشین بە بەهرەکانی بژێوی خۆی دابین دەکات

بەخشین یەکێکە لەو گەنجانەی دەرچووی پەیمانگایە و لە ڕێگەی دەست ڕەنگینییەکەیەوە بژێوی خۆی دابین دەکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- بەخشین محەمەد، دەرچووی بەشی پەیوەندییەکانە لە پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و دانەمەزراندنی لە بوارەکەی خۆیدا، دەستی بە کاری دەستڕەنگینی کردووە و گوڵ لە پەڕۆ و کەرەستەی دیکە دروستدەکات و کردوویەتی بە سەرچاوەی بژێوی خۆی.

 

وەک بەخشین باسی دەکات، گوڵەکانی بە کەرەستەی سادە دروستدەکات و خواستی لەسەرە، بە تایبەت گوڵی ڕۆس و چەپکە پەپولە، دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی زۆر حەزم لە گوڵی سروشتی بوو، بڕیارم دا بە کەرەستەی سادە گوڵ دروست بکەم و بیکەم بە سەرچاوەی داهات بۆ خۆم، سەرەتا گوڵەکانم دەکردە دیاری بۆ هاوڕێ و خزمەکانم، چونکە لە بۆنە و ئاهەنگەکان هەمیشە گوڵم دەکردە دیاری.

 

بەخشین محەمەد بە شێوەی ئۆنلاین کارەکانی دەخاتە بەرچاوی بینەر و لە ڕێگەی ئینستاگرام و فەیسبووک بە ناوی "شینە فلاورس" خواستی خەڵکی بەدەستهێناوە و کردوویەتیە داهاتیش بۆ خۆی.

 

"سودی تۆڕی کۆمەڵایەتی وایکرد کارەکەمان گەورە بکەین"

بەخشین لەبەر ئەوەی سەرەتا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەهرەکەی وەرگرتووە بڕیاری داوە شتی زیاتر فێر ببێت و چەندین جۆری گوڵ دروست بکات، وەکو گوڵە بەڕۆژە و گوڵی رۆس، وتیشی: خەڵک دەتوانن تۆڕی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی باش یان خراپ بەکاربهێنن، بەڵام ئێستا ئێمە سودمان لێبینیوە و بووەتە داهات بۆمان.

 

لە کۆتاییدا بەخشین وتی: سەرەتا هەموو جۆە ئیشێک سەختی خۆی هەیە و بەربەست دێتە ڕێگەت، بەڵام ئەوە تۆیت کە دەتەوێت بگەیتە ئامانج و بەردەوام بیت لەو ئیشەی داتناوە، هیوادارم گەنجان نەترسن و کار بکەن بۆ ئامانج و بیرۆکەکانیان و بەهرەکانیان پیشان بدەن بۆ سوود گەیاندن بە خۆیان و بە کۆمەڵگە.