کۆچبەرانی عەفرین لە ڕێگەی پڕۆژەکانیانەوە ئابووری خۆیان بەهێز دەکەن

ئەو ژنانەی لە کانتۆنی عەفرین- شەهبا دەژین، بە پڕۆژەی بچوک هەلی کار بۆ کۆچبەرانی ژن دەکەنەوە و هەوڵی بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی دەدەن.

ڕاپەرین بەکر

 

شەهبا- لە کانتۆنی عەفرین- شەهبا کە لەلایەک ڕووبەڕووی هێرشی ڕۆژانەی دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە گەمارۆی قورسی حکومەتی دیمەشق لەسەر ئەو ناوچەیە هەیە، ژنان هەلی کار بۆ ژنە کۆچبەرەکان دەڕەخسێنن و هەوڵدەدەن بەشداری بکەن لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی و بەهێزتری بکەن.

 

فاتمە ئەلحەسەن، کۆچبەرێکی شاری داگیرکراوی بابە و لە کانتۆنی شەهبا دەژی، دەڵێت: وەک ژن دەتوانین بەرەنگاری هەموو سیاسەتەکانی دژمان ببینەوە.

 

فاتمە حەسەن خاوەنی ٥ منداڵە و یەکێکە لەو ژنانەیە دژی سەختییەکانی ژیان و سیاسەتەکانی دژیان دەوەستێتەوە، سەبارەت بە دۆخی ژیانی هەرێم وتی: هەرێم بە بارودۆخی سەختدا تێدەپەڕێت. بەهۆی حکومەتی دیمەشقەوە ماوەی ٧ ساڵە لە گەمارۆ دایە. جگە لەوەش هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامە. بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە کاتێکدا کە نرخی کاڵاکان زۆر گران بووە، بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، دەست دەکەن بە کردنەوەی پڕۆژەی بچووک.

 

هەلی کار بۆ ژنان

فاتمە حەسەن لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە سەردەمێکدا کە لە سەختیدا دەژین، پڕۆژەیەکی بچووکم کردەوە بۆ ئەوەی بتوانم لەو ڕێگەیەوە بژیم، فرۆشگایەکی بەرهەمی خۆماڵیم دانا و هەموو جۆرە سەوزەیەکی وشککراوە، مورەبا، ترشیات و ...هتدم هەیە. هەموو نمونەکان ئامادە دەکەم و لە فرۆشگاکەدا دەیفرۆشم کە هەموویان سروشتین و هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێناکەم. هەروەها سەوزەکانم بە شێوەیەکی سروشتی وشک دەکرێنەوە بۆ ئەوەی لە زستاندا بخورێن، لێرە هیچ هەلی کارێک نییە چونکە هەرێمەکە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت و کارگەمان نییە، هەزاران کۆچبەری عەفرین و باب و جەرابلوس و ...هتد هەن. پرۆژەکەم هەلی کاری بۆ بەشێک لە ژنان و بەتایبەت ژنانی کۆچبەر کردەوە. ئەوان لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێناوە".

 

"کۆچکردن لاوازمان ناکات"

فاتمە حەسەن ڕایگەیاند کە کارەکەی زۆر قورسە و هەموو کەسێک ناتوانێت بە باشی ئەنجامی بدات و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە دایکمەوە فێربووم کە قووتی ساڵ ئامادە بکەم، دایکم فێری کردم چۆن سەوزە و شتەکانی تر بۆ خواردن و پاراستنیان هەڵبگرم، دۆخی ئابووری هەرێم لەبەرچاو دەگرم. بەرهەمەکانم بە نرخێکی گونجاو دەفرۆشم بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیان. ئێمە لە ئازارەوە ژیان دروست دەکەین. ئێمە دژی هەموو سیاسەتەکانی برسێتی لە دژمان بەرخۆدان دەکەین، ئێمە ئیرادەمان هەیە و کۆچبەری لاوازمان ناکات.

 

فاتمە حەسەن ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە هێزی خۆی نیشان دا و لە کۆتایدا وتی: پێویستە هەموو ژنێک هێز و ڕوانگەی هەبێت و ڕووبەڕووی هەموو بارودۆخێک ببێتەوە. وەک ژن دەتوانین ڕووبەڕووی وەستاندنی هەموو سیاسەتەکانی دژمان ببینەوە.