هەبوونی شارەزایی لە بوارێکدا هۆکارە بۆ بەدەستهێنانی کار لەلایەن ژنانەوە
بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا ژنان هەوڵیان داوە و لە بوارێکدا شارەزاییان پەیداکردووە، بوونەتە خاوەن کاری تایبەتی خۆیان و داهاتوویان بۆ خۆیان بنیاد ناوە.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- بێ کاری لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان بە دی دەکرێت، دەرچووانی زانکۆکان لە پاش بەدەستهێنانی بڕوانامە بێ کار دەمێننەوە هەلی کار بۆ گەنجان بە گشتی و ژنان بە تایبەت دەبێتە هیوایەک، تەنانەت لە کەرتی نا حکومیشدا دەستکەوتنی کار ئەرکێکی قورسە و کۆمەڵێک مەرجی هەیە لە بەرامبەردا داهاتێکیان پێدەدەن کە نەتوانن بژێوی ژیانیانی پێ دابین بکەن.
بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخە و بوونی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان گەنجان و ژنان لە گەڕان بە دوای کار و دەرخستنی بەهرە و تواناکانیان نەوەستاون، چەندین خولی پیشەیی بۆ دەرچوانی پەیمانگا و زانکۆکان دەکرێتەوە تا لە ڕێگەیەوە ژنان و گەنجان بتوانن ببنە خاوەن داهاتی خۆیان.
لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار بە هاوکاری ڕێکخراوی یوندی پی و مای حەوت ڕۆژخولێک لە هەڵەبجە بەمەبەستی ڕاهێنانی بەشەکانی گەشتوگوزار و پەیمانگای هونەرەجوانەکان ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی ژنان فێری چۆنیەتی بەدەستهێنانی کار ببن هەروەها ژنانی خاوەن پیشە و شێوازی کاریان بەرز بکەنەوە و بتوانن لە ڕێگەیەوە داهات بۆ خۆیان دابین.
"ئامانجمانە هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنین"
چرۆ ڕەشید، مامۆستایە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر و لە هەڵەبجە وەک مامۆستایەک لە خولی راهێنانی پیشەیی وانە بە ژنانی دەست ڕەنگین دەڵێتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە خاوەن کاری خۆیان و هەلی کار بۆ خۆیان و ژنانی دیکە بڕەخسێنن.
وتی: ئێمە ژنانی گەنج لە سەر کاری نوێ ڕادەهێنین و پێویستە لە سەرجەم ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن، گرنگی بە بابەتی کولتووری بدەنبۆ ئەوەی بۆ نەوەکانی داهاتووی بگوازینەوە، هەوڵ دەدەین ڕایانبهێنین لەوەی چۆن دەتوانن کارەکانیان بەهێز بکەن و بازاڕی خۆیان گەرم بکەن، جا لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بێت یاخود شوێنی کاری تایبەت بە خۆیان، هەروەها فێریان دەکەین چۆن بە تێچویەکی کەم داهاتێکی زۆر بۆ خۆیان پەیدا بکەن.
"وردەکاری لە کاری ژناندا بەدی دەکرێت"
شادی خالید، مامۆستا لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان و مامۆستای دیزاین، ئاماژەی بەوەکرد ژنان لە کارەکانیاندا وردن و هەر کارێک ژن بیکات وردەکاری پێوەدیارە، وتیشی: ژنان هەلی کاریان لە دەرەوە بۆ ناڕەخسێت، ئەگەر هەشبێت ڕێژەکەی کەمە بۆیە کردنەوەی خولی لەو شێوەیە گرنگی زۆری هەیە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن خۆیان فێری چەند کارێک بکەن کە بتوانن لە ماڵەکانیان ئەنجامی بدەن، وەک کاری دیزاین و نوسین لەسەر تەختە و چەندین بابەتی دیکە.
لە درێژەی قسەکانیدا شادی خالید بە پیویستی زانی ژنان ببنە خاوەن پیشەی خۆیان بۆ ئەوەی بتوانن ببن بە خاوەن داهاتی تایبەت بە خۆیان، چونکە ژنان لە کاتی بوونی داهاتی خۆی هەست بە سەربەخۆیی و ئیرادەی خۆی دەکات، جگە لەوەش هاوکارێکی باشی خێزانەکەی دەبێت.