بە کارێکی زۆر شیرین بژێوی ژیانی دابین دەکات

ڕازیەحسێن و هاوژینەکەی چەندین کاتژمێر کاریان کرد بۆ دروستکردنی شیرینیەکە، هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی چوارشەممەی سەرەتای نیسان، کارەکەی بە خۆشەویستی ئەنجام دەدات و بژێوی ژیانی بە دروستکردنی شیرینی دابین دەکات.

مەدیا هاوار  

 

شەنگال- دوای فەرمانی ساڵی ١٩٧٤ کۆمەڵگەی ئێزدی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی دانپێدانانی فەلسەفەی ئازادییەوە شاهیدی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی زۆر بووە. پێشکەوتن بە تایبەت لە بواری ئازادی ژندا لە ئاستی شۆڕشدا بەدی دێت، هەنگاوی بەرچاو لەلایەن ژنانەوە لەڕووی خۆئاگابوون و متمانە بەخۆبوون و بەمجۆرە بەشداریکردن لە ژیاندا نراوە. ئێستا ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە سەرکەوتوویی جێگەی خۆیان دەگرنەوە و ژیان بە ڕەنگی ژنانە دەڕازێننەوە، یەکێک لەو ژنانە ناوی ڕازیە حسێنە، ژنێکی گەنجە و تەمەنی ٢٤ ساڵە، ئەو و هاوژینەکەی پێکەوە دوکانێکی شیرینییان کردووەتەوە و ماوەی٦ مانگە ئەم کارە دەکەن، هەرچەندە ڕازیە دووگیان بێت، بەڵام بە زەحمەت و بە دڵخۆشیەوە کار دەکات بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی پەیدا بکات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەگەڵ هاتنی ڕۆژی چوارشەممەی سەرەتای نیسان، هەمووان ڕوویان تێکردو شیرینیان لێکڕی. 

 

"زۆر هەوڵمدا بۆ کارەکەم" 

ڕازیە حسێن باسی یەکەم هەنگاوەکانی لە کاروباری شیرینی کرد و وتی: پێش ئەوەی دوکانەکەمان دابمەزرێت، زۆر حەزم لە دروستکردنی شیرینی بوو لە ماڵەوە، لە ماڵەوە شیرینیم بۆ خۆم دروست دەکرد، دواتر دەستم بەم کارە کردو خۆمم پێ پەرەپێدا، هەوڵێکی زۆرم خستە ناو کارەکەمەوە، پەروەردەم وەرگرت بۆ ئەوەی بتوانم دوکانێکی شیرینی بکەمەوە و پەروەردەکەم سەرکەوتوو بوو بە پاڵپشتی هاوڕێکەم و دایک و باوکم، دەستم بە کارکردن کرد و گەشەم کرد. 

  

"هاوڕێکەم زۆرترین یارمەتیم دەدات" 

ڕازیە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، خێزانەکەی و بەتایبەت هاوڕێکەی زۆر هاوکارییان کردووە بۆ پەرەپێدانی کارەکەی و وتی: شیرینی دوکانەکەم ماوەی ٦ مانگە لە گەڕەکی ناسیر لە جادەی لۆفایە، تەنها من نیم ئەم کارە دەکەم، هاوڕێکەم هاوکارمە، ئەو کێک دروست دەکات و پێکەوە دەیڕازێنینەوە، هاوڕێکەم ئەو کەسەیە کە زۆرترین هاوکاریم دەکات و ئێمە ئەم کارە پێکەوە ئەنجام دەدەین، هیچ نییە سەختی لە کارەکانماندا هەیە، تەنها کێشە ئەوەیە کە هەموو شتەکان لە شەنگال بەردەست نین و کێشەیەک لە ڕێگاکەدا هەیە ئێمە زۆر شتمان دەوێت لە موسڵ و شوێنی جیاوازەوە، بەڵام زۆرجار ڕێگاکان گیراون. 

 

"هەموو ژنێک پێویستی بە خاوەندارێتی لە زانست و ماندووبوونی خۆی هەیە" 

ڕازیە لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە دڵخۆشە بە کارکردن و بەڕێوەبردنی خۆی وەک ژنێک و وتی: کارەکەم باشە و دڵخۆشم پێی، وەک ژنێک کاری خۆم دەکەم و بە ماندووبوونی خۆم ژیانم بەڕێوە دەبەم، پێویستە هەموو ژنێک بتوانێت ئەوەی خۆشی دەوێت بیکات، خۆبەڕێوەبردن جوانترین شتە، کاری ژنان هەمیشە پاک و ڕێکوپێکە، هەر بۆیە کارەکانیان هەمیشە باشن کارەکە لە شەنگال و لادێکانیدا زۆر بەناوبانگە و خەڵکێکی زۆر دێنە لای ئێمە بۆ ئەوەی شیرینییان بۆ دروست بکەن، ئەمەش دڵخۆشمان دەکات ئێمە دوو ڕۆژە خۆمان بۆ جەژن ئامادە دەکەین و زۆر کەس داوای شیرینییان لێکردووین بۆ جەژن.