بە بەرهەمە نمونەییەکانیان ژنان بەشداری فێستیڤاڵ دەکەن

فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لەکۆمەڵگەی خاڵخاڵان، بە بەشداری چەندین ژنی دەست ڕەنگین و بەرهەمی خۆماڵی جیاواز بەرێوەچوو.

کۆیە

 

ڕۆژی  پێنجشەممە و هەینی، لە فێستیڤاڵێكی هاوبەشی نێوان عەلوەی "قەرەناو و پارکی قەرەناو" دەیان بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی سنورەكە و دەوروبەری لە پارکی قەرەناوی سەر بەشارەدێی تەقتەق نمایش کران، بە دەیان جوتیاری سنوورەكە و دەوروبەری بە جۆرەها بەرهەمی خۆماڵی خۆیان بەشدارییان کرد، بە ئامانجی ناساندنی بەرهەمە خۆماڵی و سروشتییەکانی ناوچەکەو زووتر ساغكردنەوەی بەرهەمەکان چەندین ژنی دەست ڕەنگین و خاوەن سەلیقە بەشداریان لە پیشانگاكەدا كرد، زۆربەی ئەو بەرهەم و میوانەی جوتیاران بردبوویانە فێستیڤاڵەكە بریتیبوون لە، هەنجیر، ترێ، قەرەخەرمان، سرکە، دەیان کاری دەستی و خواردنی کوردەواری.

 

"گرنگە ژنان پشت بە تواناکانیان ببەستن"

ژیان ئەمین، یەکێک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەكە بە خواردنی كوردەواری بەشداری كردووە و وتی: من لەهەولێرەوە هاتووم بەخواردنی كوردەواری بەشداریم لە فێستیڤاڵەکەی قەرەناو کردووە، نان، ئەستوک و كەلانە دەكەم و چای دارم لێناوە جگە لەوەی خواردنی دۆڵمەم ئامادەكردووە، ماوەی سێ ساڵە كاری خۆمم هەیە، هەر فێستیڤاڵێک هەبێت بەشداری دەكەم و ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ئێمە سودی زۆرە.

 

ژیان ئەمین هۆكاری دەستپێكردنی كارەكەی بۆ نەهاتن و دواكەوتنی مووچە گەڕاندەوە و  وتی: گرنگە ژنان کاری تایبەتی خۆیان هەبێت و بتوانن پشت بە کار و داهاتی خۆیان ببەستن.

 

"ماوەی ١٥ ساڵە کار دەکەم بەڵام نەمتوانیوە دووکانێکی خۆمم هەبێت"

سینەم مەمەند، ژنێکی دیكەیە كە بەرهەمی دانەوێڵەی وەک ساوەر، بروش، گەنمە كوتاو و  قەرەخەرمان دەفرۆشێت وتی: لە كۆیەوە هاتووم بە بەروبومی خۆماڵی دانەوێڵە وەک ساوەر، بروش وقەرەخەرمان بەشداریم کردووە، هەموو ئەوشتانە خۆم ئامادەیان دەكەم و خۆماڵین، نزیكەی ١٥ ساڵە لەناو ماڵی خۆم ئەو كارە دەكەم لەگەڵ منداڵەكانم بەرهەمەكان دەفرۆشین و بۆ شارەکانی دیکەی دەنێرین، بەڵام توانای دانانی دووکانی تایبەت بە خۆمم نییە بۆیە تەنها لە ماڵەکەی خۆمدا کار دەکەم.

 

سینەم مەمەند، ئاماژەی بەوەشدا كە بەرهەمی خۆماڵی پاک و خاوێنە و ماددەی کیمیایی تیادا نییە، لە ئێستادا خەڵک وردە وردە دەگەڕێنەوە سەر بەکارهێنانی خۆراكی سروشتی و داواکاری زۆرە، ئەم بەرهەمانە هاوینان ئەسپێ لێیان دەدات واتە یەک ساڵ دەخورێن نابێ زۆر بمێننەوە، بەڵام ئەوانەی هاوردە دەكرێن ماددەی کیمیاییان تێدایە و بە چەند ساڵ دەمێننەوە و تێک ناچێ بۆیە بۆ تەندروستی خراپە، لەبەرئەوە هەرچەند بەرهەمی خۆماڵی بەکار بێت هێشتا کەمە و داواکارم هاوڵاتیان بەرهەمی خۆماڵی بەکار بهێنن.

 

"ژنان دەتوانن کاری تایبەت بە خۆیان بەڕێوە ببەن"

فیردەوس محەمەد، دەرچووی بەشی ITیە بەهۆی دانەمەزراندنەوە دەستی بەكارێكی نوێ کردووە وتی: پێشتر چەندین كارم كردووە بەڵام حەزم كرد كاری دەستی خۆم هەبێت، پێم وایە کاری جوان پێویستی بە هەوڵی زۆرە، من یەكەم كەسم لە شارەدێی تەقتەق ئەوكارە دەكەم، خۆشحاڵم كە توانیم بەشداری ئەو پێشانگایە بكەم، بەهۆی ئەوەی ناوچەکەمان بچووکە هەلی كاری کەمی تێدایە بۆیە دەبێت خۆمان هەوڵبدەین كار بدۆزینەوە.

 

فیردەوس محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد ماڵەوەیان هاوكارن بۆ كارەكانی و هیوای خواست خێزانەکان ڕێگرنەبن لەبەردەم كچەكانیان کاتێ دەیانەوێت کارێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت، تەنها ماڵەوە بۆ ژنان نەزانن بەڵکو ژنان توانایان هەیە دەتوانن کاری ماڵەوە و کاری تایبەت بە خۆیان هەبێت.