ڕۆژە حەسەن: نابێت تەنها ڕۆڵە نەریتییەکان بدرێت بە ژن و وەک قوربانی نیشان بدرێن
هەرچەندە لەسەرەتای سینەمادا دەرفەتەکان بۆ ژنان سنوورداربوون، بەڵام ژنانی کورد بە پێداگیری خۆیان ئەمڕۆ سەرەڕای کێشە کولتووری و داراییەکان بوونەتە دەنگێکی دلێر، فیلمساز ڕۆژە حەسەن دەڵێت: ژنان تەنها ئەوانە نین کە قوربانین بەڵکو لە ریزی پێشەوەی خەبات کردندان.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_ژنان لە ئێستادا تەنها بەشداربوویەکی ئاسایی ناو کایە هونەرییەکان نین، بەڵکو وەک بزوێنەرێکی سەرەکی بۆ نوێکردنەوەی زمان و وتاری سینەمایی سەیر دەکرێن، توانیویانە لە ڕێگەی دیدگایەکی جیاوازەوە واتا بۆ چەمکە مرۆییەکان بدۆزنەوە و بە تێپەڕاندنی ئەو کۆسپە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی لەبەردەمیان بووە سەلماندوویانە کە دەتوانن ئاڕاستەی هونەری حەوتەم بەرەو ئاسۆیەکی مرۆییتر و ڕاستگۆیانەتر ببەن، هونەری حەوتەم زاراوەیەکە بۆ سینەما بەکاردێت و ئەم ناوەش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم کاتێک ڕەخنەگر و بیرمەندەکان ویستیان سینەما وەک شێوازێکی سەربەخۆ و باڵای داهێنان بناسێنن کە هەموو هونەرەکانی تری تێدا کۆدەبێتەوە و بۆ ئەوەی بزانیت بۆچی پێی دەوترێت حەوتەم پێویستە لیستی هونەرە کلاسیکییەکانی پێش خۆی بزانیت کە بریتین لە:پەیکەرسازی، نیگارکێشان، تەلارسازی، مۆسیقا، شیعر و ئەدەب، سەما و شانۆ.
سینەما بووە هونەری حەوتەم چونکە توانی هەموو ئەو شەش هونەرەی پێش خۆی لە ناو یەک چوارچێوەدا کۆبکاتەوە بۆ نموونە لە فیلمێکدا تۆ هەم مۆسیقا دەبیستیت هەم وێنەی جوان دەبینیت و هەمیش چیرۆک و نواندن و تەلارسازی شوێنەکان دەبینیت کە هەموویان پێکەوە تابلۆیەکی زیندوو دروست دەکەن، لە مێژووی دروستبوونی فیلمدا هەمیشە هەوڵەکان بۆ ئەوە بووە کە دەنگە پەراوێزخراوەکان بگەنە ناوەندی بڕیاردان و کاریگەری لەسەر پیشەسازییەکە دابنێن ئەم گۆڕانکارییە تەنها لە گۆڕینی کەسایەتییەکاندا نەبوو بەڵکو لە گۆڕینی ئەو عەقڵیەتەدا بوو کە پێی وابوو داهێنان تەنها بۆ گروپێکی دیاریکراوە و ئێستا ئەنجامەکان نیشانی دەدەن کە داهێنان هیچ سنوورێکی نییە و هەموو کەسێک دەتوانێت لە پشتی کامێراوە جیهان بە شێوەیەکی تر وێنا بکاتەوە.
سەرەتای سینەما دەرفەتەکان بۆ ژنان سنووردار بوون
لە مێژووی سینەمادا سەرەتا دەرفەتەکان بۆ ژنان زۆر سنووردار بوون و زیاتر لە چوارچێوەی نواندندا دەبینران بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە نوێخوازییەکان و تێکشکانی قاڵبە باوەکان ژنان ڕوویان لە پشتی کامێرا کرد بۆ ئەوەی چیرۆکەکان بەو شێوەیەی خۆیان دەیبینن بگێڕنەوە ئەم گۆڕانکارییە تەنها گۆڕینی ڕەگەزی دەرهێنەر نەبوو بەڵکو گۆڕینی ئەو عەقڵیەتە بوو کە پێی وابوو سینەما تەنها گۆڕەپانی پیاوانە، کاریگەری ژنانی دەرهێنەر لەسەر پێشکەوتنی هونەر لە چەندین ئاستی جیاوازدا دەردەکەوێت لە ڕووی تەکنیکییەوە ئەوان شێوازێکی وردتر و هەستیارتر لە بەکارهێنانی ڕەنگ و ڕووناکی و کادێرسازیدا پەیڕەو دەکەن کە زۆرجار گوزارشت لە قوڵایی دەروونی کارەکتەرەکان دەکات ئەم ژنە هونەرمەندانە توانیویانە وێنای ژن لە سینەمادا لە کەسێکی لاوەکی و لاوازەوە بگۆڕن بۆ مرۆڤێکی خاوەن بڕیار و خەباتکار کە ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییە گەورەکان دەبێتەوە.
ژنانی دەرهێنەر لە کوردستاندا سەرەڕای هەموو کێشە دارایی و کولتوورییەکان بوونەتە دەنگێکی دلێر
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە دەرهێنەرە ژنەکان دەستیان بۆ بابەتگەلێک بردووە کە پێشتر وەک تابۆ سەیر دەکران یان بە پەراوێزخراوی مابوونەوە ئەوان باس لە مافەکانی مرۆڤ یەکسانی جێندەری ئازارە شاردراوەکانی ناو خێزان و جەنگەکان دەکەن بە جۆرێک کە بینەر هەست بە ڕاستگۆییەکی بێوێنە دەکات لە ڕێگەی فیلمەوە ژنان توانیویانە تواناکانیان لە بەڕێوەبردنی تیمە گەورەکانی بەرهەمهێنان و کۆنترۆڵکردنی سەکۆی وێنەگرتن بسەلمێنن و خەڵاتە جیهانییە گەورەکانی وەک ئۆسکار و چڵەخورمای زێڕین و شێری زێڕین بەدەست بهێنن، ئەمڕۆ ژنانی دەرهێنەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە کوردستاندا سەرەڕای هەموو کێشە دارایی و کولتوورییەکان بوونەتە دەنگێکی دلێر بۆ گواستنەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگە بۆ سەر پەردەی سینەما ئەوان نیشانی دەدەن کە فیلم تەنها ئامرازێکی کات بەسەربردن نییە بەڵکو ئامرازێکی بەهێزە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و دەرخستنی ئەو هێزە شاراوەیەی کە لە ناخی ژنانی داهێنەردا هەیە و چاوەڕوانی دەرفەتێکە بۆ درەوشانەوە.
"بە درێژایی مێژووی ژنان لە خەبات و جەنگدا بوون لە دژی هەموو جۆرە داگیرکارییەک بە هەموو شێوازەکانییەوە"
ڕۆژە حەسەن، فیلمساز قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو لەو بارەیەوە وتی، ئەوەی گرنگە هوونەر ئەرکێکی جیاوازی هەیە لە چالاکییەکانی دیکە چونکە دەبێت خاوەنی زانیاری و مێژووی تایبەت بە ژنان بێت، لە هەر چوار بەشی کوردستان لە هەمان کاتیشدا، چی دەکات بە وێنە و چی دەچێتە بەردەمی بینەران، ئەوەی گرنگە ئێمە ئەو مێژووە پر سەروەرییە ژنان لە باشووری کوردستان لەبەرچاومان بێت، بزانین کە ژنان ئەم خەباتەی دەیکەن خەباتێکی نوێ نییە، بە درێژای مێژووی ژنان لە خەبات و جەنگدا بوون لە دژی هەموو جۆرە داگیرکارییەک بە هەموو شێوازەکانییەوە، جگە لەوەی هەتا دەگاتە دروستکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەردوو بوارەکەدا خەباتی جۆراوجۆری کردووەو شوێن دەستی دیار بووە، ئیشی هونەرمەند ئەوەیە کە جارێکی تر ئەم کارانا زیندوو بکاتەوە و بیهێنێتە بەر دیدەی بیبنەران، چونکە کاتێک کە وێنەی رەسەنی ژنی بەرهەم دەهێنێت بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر نەوەکانی داهاتومان و دەیانەوێت چاو لەوان بکەن و دەبێت لە رووی هونەرەوە پێگەی ژن بگەیەنرێت بە هەموو کەس، سەقافەت و بیرکردنەوەی دەرهێنەر زۆر کاریگەری هەیە لەسەر ناوەرۆکی بەرهەمەکان و لە ناو فیلمەکانیاندا رەنگ دەداتەوە، لەوەی کە ژنان وەک قوربانی پیشان بدەن یاخود وەک کەسێکی سەرکەوتوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک کە دەرهێنەر یاخود سیناریست ڕۆشنبیر بوو هەروەها زانیاری لە مێژووی ژنی کورد هەبێت و بزانن کە چ پێگەیەکیان هەبووە، ئەوا هیچ جارێکی دیکە ئەوە بەرهەم ناهێنێت کە ژنان تەنها لە چوار چێوەی ماڵێکدا بن و تەنها خەریکی ژیانی رۆتینێک بن و نەتوانێت هیچی دیکە بکات، ئێمە ئەوەمان بیر نەجێت کاتێک باس لە ژیانی دووبارەی ماڵەوە دەکەین مەبەستمان کەمکردنەوەی توانای هیچ کەسێک نییە، بێ جیاوازی ژنان و پیاوان، چونکە کە مرۆڤ لە چوارچێووەی خیزاندا بەرپرسیارێتی کەوتە سەر شانی دەبێت بە جوانی جێبەجێێی بکات و دەبێت ئەو ئەرکانە وەک خۆی بەرێوەبجێت، بەلام لە نێوان ژن و پیاودا چۆن دەکرێت ئەوا پەیوەندی بە ژیانی خۆیانەوە هەیە ، بۆیە هیچ کاتێک ئێمە ئەو ئەرکانە کەم ناکەینەوە کە ئەرکی دایکایەتی و ئەرکی ماڵەوەیە ، قسەکەی ئێمە لەسەر ئەوەیە کە ژنان تەنها لەو ڕۆلە نەریتییەکاندا نەمێننەوەو تەنها ئەوە ئەرکەیان نییە لە نێو چێشتخانەکاندا دەیبینیت یاخود کاتێک دەبینین ریکلام بۆ پاککەرەوەیەک دەکەن کارەکتەرەکەی دەکەن بە ژن، ژن تەنها ئەو ڕۆلانەیان نییە بەڵک ورۆڵی زۆر گرنگتر و باڵاتریان هەیە کە ئەویش گۆرینی ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی کۆمەڵگەیە و پەروەردەکردنی نەوەیەی داهاتووە، کاتێک کۆمەڵگە بیرکردنەوەیەکی نەرێینی و جیاوازی هەیە بەرامبەر بە ژنان ئیەوا هەر ژنان دەتوانن ئەو بیرکردنەوەی چەقبەستووە بگۆڕن بۆ بیرکردنەوەیەکی ئەرێینی لە رێگەی بەرهەمەکانیانەوە، چونکە دەزانین لە ئێستادا وێنە کاریگەرییەکی باڵاتری هەیە لە هەموو کایەکانی دیکەیت کۆمەڵگە.
"ژنان تەنها ئەوانە نین کە قوربانین بەڵکو لە ریزی پێشەوەی خەبات کردندان"
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕۆژە حەسەن، فیلمساز وتی، لە ئێستادا ئەکادیمیدا هەیە بۆ پێگەیاندنی ژنانی دەرهێنەر و لە ئاستێکی زۆر باشدان، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژمارەیان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە لە چاو تویستی ئێمەدا بێت و هەرچەندە ئەو ژنانەی کە ئێمە هەمانە خاوەن بیرکردنەوەی بیرۆکەی تایبەت بە خۆیانن، زۆر گرنگە کە ئێمە ئەو جۆرە ژنانەمان هەبێت لە کۆمەڵگەدا و دەبێت بەرهەمەکانیان لە بە شێوازێک بن لە ئاست چاوەروانی بینەرەکانیاندا بێت، بۆ ئێمە گرنگە کە مرۆڤ دەبێت بە بوونیەتی خۆیەوە نیشان بدەین چونکە ناکرێت بەردەوام سەرکەووتبێت یاخود بەردەوام شکست بهێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە کە دەبێت خاڵی سەرکەوتنەکانیان زیاتر جەخت بخەینەسەری، لەبەر ئەوەی ئەو وێنەیە زیاتر بچەسبێت لە مێشک و دەروونی بینەردا کە ژنان تەنها ئەوانە نین کە قوربانین بەڵکو لە ڕیزی پێشەوەی خزمەت کردن و خەبات کردندان، توانیویانە هەموو کات نوێنەرایەتی سەردەمە جیاوازەکانی خۆیان بکەن.