ئیمان بەدرەدین: قاوەی عەرەبی بە ڕێوڕەسم و داب و نەریتی خواردنەوەی بە ناوبانگە

ئیمان بەدرەدین، بە کردنەوەی قاوەخانەیەکی نەریتی و دەوڵەمەند لە ڕووی کولتوورییەوە، ڕێوڕەسم و کولتووری خواردنەوەی قاوەی عەرەبی بەسەرکەوتوویی زیندوو کردەوە.

نور ئەحمەد

 

ڕەققە- قاوەی عەرەبی لە لیستی نوێنەری میراسی فەرهەنگی نامەعنەوی مرۆڤایەتی ڕیکخراوی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان ''یونسکۆ'' لە ساڵی ٢٠١٥دا هاتووە، ئەم قاوەیە بە تامە تاڵەکەی جیا دەکرێتەوە، چونکە ناتوانرێت شەکری تێبکرێت، لە نێو گەلانی عەرەبی نیمچە دوورگەی عەرەبی و عێراق و شام و میسردا بەناوبانگە.

 

سەرەڕای دابەزینی، کولتووری قاوەی عەرەبی لەناونەچووە، نوێنەرایەتی میراسێکی کولتووری قووڵ دەکات، وە بەهاکانی بەخشندەیی و میوانداری بەرجەستە دەکات، ئیمان بەدرەدین، ژنێکی گەنج لە پارێزگای ڕەققە، بەهۆی گرنگییەکەیەوە، بڕیاریدا جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژووی قاوەی عەرەبی بەجێبهێڵێت بە کردنەوەی قاوەخانەیەکی تایبەت بە خۆی لە شاری ڕەققە، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم ناوچەیە سەرەڕای گۆڕانی داب و نەریتی زۆر، دەستبەرداری قاوە عەرەبییە نەریتییەکەی نەبووە.

 

''قاوەی عەرەبی و ڕێوڕەسمە نەریتییەکانی''

 ئیمان بەدرەدین، وتی: قاوەی عەرەبی بە ڕێوڕەسم و داب و نەریتی خواردنەوەی ناوبانگێکی زۆری هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە شاعیران ئاهەنگیان بۆ جوانی و تامە بەتامەکەی گێڕاوە، خەڵکی ناوچەکە تائێستاش خواردنەوەی وەک جۆرێکی پەسەندکراو بە بەراورد بە خواردنەوەکانی تر دەپارێزن.

 

پاراستنی میراس و کولتووری ناوچەکە بە بەرپرسیارێتییەکی سەرەکی بۆ ژنان دادەنرێت، ئیمان بەدرەدینیش بە کردنەوەی قاوەخانەیەکی عەرەبی نەریتی ئەمەی نیشاندا، کە ئەمەش جیایکردەوە لە قاوەخانەکانی دیکەی ناوچەکە.

 

ڕوونیشیکردەوە، خولیای و خۆشەویستی بۆ قاوە و خواردنەوەی پاڵنەری بووە بۆ کردنەوەی دوکانەکە، وتی: پەیوەندییەکی قووڵم بە قاوە و خواردنەوەیەوە هەیە، لە تەمەنی گەنجیەوە بە بۆن و تام و بوونی لە ژیانماندا گەورە بووم، تا ئێستاش لە خواردنەوەکانی دیکە پێم باشترە، هێشتا لەبیرمە کە لە منداڵیدا کۆدەبووینەوە لە ماڵی داپیرە و باپیرانمان کاتێک قاوەیان لە ماڵەوە ورد دەکرد، کە دەنگەکەی وەک مێلۆدی دەردەچوو و بۆنی هێلەکەش بەناو گەڕەکەکەدا بڵاودەبۆیەوە.

 

''قاوە تەنها خواردنەوەیەک نییە، میراسێکی کولتوورییە و کۆمەڵێک بەهایە بۆ هەموو ناوچە عەرەبییەکان''

 دیزاینی دوکانەکەی یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ بۆ خەڵکی ناوچەکە دەورووژێنێت، ئەم یادەوەرییە سەردانکەران دەگوازێتەوە بۆ ڕابردوو، بۆ سەردەمی باوباپیرانیان و ڕێوڕەسمی پیرۆزی وردکردنی قاوە، کە ئەمەش ڕێک مەبەستی پشت دیزاینی دوکانەکەیە، وتی: بیرۆکەی دیزاینێکی نەریتیم لەبیرنەکرد کە میراس و ڕێوڕەسمەکانی قاوە لە ڕابردوودا بەرجەستە دەکات، بەو پێیەی یادەوەریەکان دەهێنێتەوە و دەست لە ڕۆح دەدات، بە مەبەست دەست لێدانی جیاواز و پارچە میراسییەکانم تێکەڵ کردووە، لە نێویاندا دەفری قاوە مسییەکان کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز ڕازاوە، هەریەکەیان لەلایەن دەستی لێهاتووەوە هەڵکەندراوە و نەخشێکی ناوازەیان هەیە کە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، هەریەکەیان ناوی دروستکەرەکەیان هەڵگرتووە، ئەم دەفرانە لە ڕابردوودا بۆ پاراستنی تامی قاوە و بەرزکردنەوەی بۆنەکەی بەکاردەهێنران.

 

وتیشی: خەڵکی ناوچەکە هێشتا پێیان باشە و ڕێوڕەسمی خواردنەوەی لە کاتی کۆبوونەوەکاندا بۆ ناساندن و هاوڕێیەتی دەپارێزن، هەروەها لە کاتی سەردانی کەسیدا وەک دیارییەکی هێمای ئاڵوگۆڕی دەکەن.

 

ڕوونیشیکردەوە، قاوە ڕێوڕەسمی تایبەتی خۆی هەیە، هەموو کەسێک پێی باشە لەگەڵ هێل یان سادە بیخواتەوە، لەکاتێکدا هەندێک پێیان باشە لەگەڵ شەکردا بیخۆنەوە، وتی: بە باشترین خواردنەوە دادەنرێت بۆ باشترکردنی باری دەروونی، هەروەها سەرچاوەی وزە و زیندووییەتییە، هاندانی جەستە و یادەوەریە و توانای بیرکردنەوەشە، سوودی زۆری هەیە، وەک نەهێشتنی برسێتی و سەرئێشە.

 

ڕوونیکردەوە، کە قاوە تەنها خواردنەوەیەک نییە، بەڵکو میراسێکی کولتوورییە و کۆمەڵێک بەهایە بۆ هەموو ناوچە عەرەبییەکان، وتی: قاوە لە بۆنەدا پێشکەش دەکرێت، چ خۆشی بێت یان خەم و پەژارە، هەروەها دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی و ئاشتەوایی و پەیوەندیی خزمایەتییە، بۆ عەرەب هەڵگری چەندین واتا و هێمایە، بەو پێیەی خواردنەوەی ڕەتدەکرێتەوە ئەگەر داواکاری کەسێک جێبەجێ نەکرێت، جگە لەوەش شێوازی خواردنەوە و لەرزینی کوپەکە چەندین واتای هەیە، ئەمە جگە لە بەیتی شیعری زۆرێک لە شاعیران کە ستایشی جوانی دەنکە قاوە و ئەوانەی دەیخۆنەوە دەکەن.