"ئێمە لێرەین و ڕزگارمان بوو" تابلۆکان لە دڵی ئازارەوە تا ڕووناکی ژیان
پێشانگایەکی هونەری ناوازە لە شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە، کە تێیدا تابلۆکان لە بێدەنگییەکی قووڵدا باس لە برینە قووڵەکان و ساتەکانی ڕزگاری دەکەن، ئەوان هەڵگری واژۆی ئەو ژنانەن کە لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە.

وينا سپەهری
ورمێ - چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە فەرەنسا پاشماوەی دەستەیەک دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا، وەک ئەوەی بڵێین "من لێرە بووم و جێپەنجەیەکم بەجێهێشت"، ئەمڕۆ لە گەلەرییەکدا لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چیرۆکی نوێ دەگێڕدرێتەوە لە ڕێگەی ئەو وێنانەی کە لەلایەن هونەرمەندانی ناودارەوە دروست نەکراون و پشتیان بە تەکنیکە ئەکادیمییەکان یان پاشخانی زانکۆ نەبەستووە، بەڵکو لە پشت هەر تابلۆیەکەوە ژیان و هیوای سەرەتایەکی نوێ هەیە.
پێشانگای "ئێمە لێرەین و ڕزگارمان بوو" لە ١ی ئاب لە کافێی كالری لە شەقامی حەسەنی لە شاری ورمێ کرایەوەو تا ٦ یئاب بەردەوام دەبێت، کە زیاترلە ٥٠ تابلۆ لەلایەن ژنان و منداڵانەوە دروستکراون، کە پەنایان بۆ کۆمەڵەی شەمس عەفرید، قوربانیانی توڕەیی و توندوتیژی بردوە، هەر تابلۆیەکیش چیرۆکێک دەگێڕێتەوە و بەردەستە بۆ بینین و کڕین، بەڵام فرۆشتن لێرەدا لە لایەنی ئابووری تێدەپەڕێت، ڕێکخەرانی پێشانگاکە دەڵێن، فرۆشتنی هەر تابلۆیەک واتا مانگێکی زیادەی سەلامەتی بۆ ژنێک و هەنگاوێکی نزیکبوونەوە لە گەڕانەوەی ژنێکی گەنج بۆ خوێندنگە، داهاتی فرۆشتنی هەر تابلۆیەکیش دەبەخشرێتە شەمس عەفرید بۆ پاڵپشتیکردنی بەردەوامی کارەکانی کۆمەڵەکە لە پاراستنی ژنانی زیانلێکەوتووی توندوتیژی.
هەر تابلۆیەک هەڵگری گێڕانەوەیەکی ناوازەیە لە ئامادەبوون و مانەوە و بەرخۆدان، بەڵام هەندێک لە چیرۆکەکان بە شێوەیەکی ڕونتر تیشک دەخەنە سەر تاڵیی توندوتیژی و زیانەکانی، یەکێک لەو چیرۆکانە هی ژنێکە بە ناوی شەهلا.ک، تەمەن ٤١ ساڵ، کە قوربانی هاوسەرگیری پێشوەختەیە و ساڵانێک بەرگەی توندوتیژی هاوسەرەکەی گرتوە لەگەڵ سێ منداڵەکەی، کە پەنای بۆ کۆمەڵەی شەمس ئەفریدی بردوە، کە لە یەکێک لە تابلۆکاندا کە دوو ماسی تێدایە، باسی خۆی دەکات و دەڵێت "تانکیم نییە، بەڵام دەتوانم لە ئاوی گوڵدانێکدا بژیم، هەندێکجار وەک ماسییەکی ئازاد و هەندێکجاریش وەک دیلێک".
یەکێکی تر لە تابلۆکان ناوی "یەکەم تاریکی، پاشان ڕووناکیە" ، کە چیرۆکی ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵە بە ناوی مەهتاب.گ، دوای ئەوەی چیرۆکەکەی بۆ دراوسێیەکی گێڕایەوە، خێزانەکەی بێدەنگ نەبوون و ڕێکاری یاساییان گرتەبەر تا مەهتاب.گ، گەیشتە کۆمەڵەی شەمس ئەفریدی، کە لە تابلۆکەیدا ڕەنگی سەوزی بەکارهێناوە، چونکە هێمای سروشتە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، بیری ماڵ ناکات، بەڵکو حەوشەی سەوزی ماڵە گوندنشینەکەی لەبیرە، کە پەناگەی تەنیایی خۆی بووە.
لە تابلۆی "دیاری" دا چیرۆکی بەرخۆدانی نەسیم دەگێڕدرێتەوە، کە دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی، ف.ی، تەمەن ٢٢ ساڵ لە گوندەکەیدا ڕووبەڕووی جۆرەها دەستدرێژی و چەواشەکاری بۆتەوە، به ڵام له گه ڵ ده ستپێکردنی پشووی نه ورۆز، به هاوکاریی کۆمه ڵه و ڕاوێژکاری یاسایی و ده رونی، بۆ ده ستپێکردنی ژیانێکی نوێ له گه ڵ دایکیدا ڕوویان له شاری ورمێ کردووه .
باوترین تەکنیکی وێنەکێشان کە لەم تابلۆیانەدا بەکارهاتووە، چاپی دەستییە، کە ژن و منداڵەکان دەستیان لەسەر لاپەڕە سپییەکان بەجێدەهێڵن و دەڵێن "ئێمە لێرە بووین و ڕزگارمان بوو"، ئەم ژن و منداڵانە لە ڕێگەی کۆمەڵەی شەمس عەفرید و بە هاوکاری چەندین دامەزراوەی هونەری فێری وێنەکێشان بوون، بۆ ئەوەی ببنە گێڕەرەوەی ئازارەکانیان و بەڵگەی بوونی خۆیان لەم جیهانەدا.