تابلۆی هاوار لەلایەن لەنجە سالم'ەوە نەخشێنرا

تابلۆی محەمەدی ١٣ ساڵ کە بەهۆی بەکارهێنانی چەکی فۆسفۆر لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بریندار بوو، لەنجە سالم دەیکاتە تابلۆیەک و پێشکەش بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی دەکات.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- لەنجە سالم عەلی قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجەیە، تابلۆیەکی بە ناوی "تابلۆی هاوار" بەشێوەی کۆلاج دروستکردووە و دوێنێش بە  شێوەیەکی فەرمی پێشکەشی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد.

 

لەنجە سالم لە دیدارێکی تایبەتیدا بۆ ئاژانسی ژنها باسی لەوەکرد، تابلۆکە ناوی "تابلۆی هاوار"ە و بە شێوەی هونەری کۆلاج  دروستکراوە ئەو پێکهاتەیەی تێیدا بەکارهێنراوە فایبەر و وێنەیە و پێوانەی تابلۆکە ٢١٠-١٧٠ سانتیمەترە، تابلۆکە لە وێنەی کەسایەتییەکان دروستکراوە کە جگە لە کورد، کەسایەتی بیانیشی تێدایە.

 

تابلۆی هاوار، وێنەی محەمەدی ١٣ ساڵی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە

لەنجە دەربارەی تابلۆکەی ئاماژەی بەوەدا: فیگەری ناو تابلۆکە منداڵێکی ڕۆژئاوای کوردستانە بە ناوی محمد حامید محمد کە ناسراوە بە خواکوڕك محمد تەمەنی تەنها ١٣ ساڵ بوو کە جەستەی بەهۆی چەکی فسفۆڕی سپیەوە سوتا لەکاتی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە، محەمەد ئەو منداڵەیە کە دەنگی بە جیهان گەشت و هاواری بە گوێی مرۆڤایەتیدا کرد.

هێشتاش منداڵێک دەبینین  جەستەی خوێنی لێدەتکێت

ئەو هونەرمەندە دەربارەی بەکارهێنانی وێنەی کەسایەتیە کورد و جیهانییەکان وتی: ئەم وێنانە ئاماژەیە بۆئەوەی هەر مرۆڤێک لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا ئەم کارەساتەی بەرچاو کەوتبێت ئەو هاوارە لە ناخیدا دەنگی داوەتەوە، وێنەکانیش سەرۆک و کەسە دەسەڵاتدارەکانن پەیامێکە بۆ ئەوەی لە کاتی هەبوونی ئەم دەسەڵاتدار و وڵاتە زلهێزانەشدا، بەڵام هێشتاش منداڵێک دەبینین  جەستەی خوێنی لێدەتکێت و هاواری دەنگی لەناو گوێماندا شەپۆل دەدات.

 

لەنجە سال، وێنەکەی پێشکەش بە مۆنۆمێتنی هەڵەبجە کردووە و لەوبارەیەوە دەڵێت: مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ناسنامەی شاری هەڵەبجەیە و شوێنێکە زۆربەی خەڵک لەشوێنی جیاجیاوە ڕووی تێدەکەن، هەر بۆیە بەباشم زانی کە لەوێ دابنرێت تا ئەو پەیامە بگات بە زۆرترین خەڵک.

 

دوێنێ بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە پێشکەش بە مۆنۆمێنتەکە کرا.

 

ت.پ