کورتە فیلمی "هیوا" بەشداری فێستیڤاڵی فیلمی نیویۆرک دەکات
کورتە فیلمی "هیوا" لە دەرهێنانی موژگان کاوسی، بەشداری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی نیویۆرک دەکات.
ناوەندی هەواڵ
کورتە فیلمی "هیوا" لە دەرهێنانی موژگان کاوسی، نووسەر، وەرگێڕ، لێکۆڵەری زمانی کوردی و زیندانی سیاسی پێشوو، لەسەر بابەتی هەڕەشەی لەناوبردنی زمانی کوردی لە کەلاردەشت، بەشداری لە حەوتهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی نیویۆرک دەکات، کە بڕیارە لە ٢٠ تا ٢٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری نیویۆرک بەڕێوەبچێت.
لەم فێستیڤاڵەدا کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕێوەدەچێت، نوێترین فیلم و کورتە فیلم و دۆکیۆمێنتاری و چیرۆکی هونەرمەندان سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان و هونەری ژیانی کورد نمایش دەکرێن.
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە کورتە چیرۆکێکە، کە کەوسەر جەعفەرزادە و دەرسا کاوسی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، باس لە مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لە نێو ئەو کوردانەدا دەکات کە لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا ناچار بوون بەرەو ناوچەی کەلاردەشت لە پارێزگای مازەندەران کۆچ بکەن.
هۆکاری دروستکردنی ئەم فیلمە بۆ وەبیرهێنانەوەی مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی و دروستکردنی کولتوورە بۆ ڕێگریکردن لەو هەڕەشانەی لەسەر زمان و ناسنامە هەیە.
بەشی دۆکیۆمێنتاریی فیلمەکە، بنیاتنانەوەی گفتوگۆیەکە کە پێشتر لە کاتی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیدا تۆمارکراوە، پەیوەندی بە بەشی چیرۆکەوە دەکات، کە گەشتێکی دەروونییە لە کاتی خۆیدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم نیگەرانییە.