کتێبخانەی گەڕۆک ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنانی گەنجە
ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر، کتێبخانەی گەڕۆکیان بردە شاری ڕانیە و ئامانجیان هۆشیارکردنەوەی ژنانە دژی توندوتیژییەکان.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- لە چوارچێوەی چالاکییەکان بەبۆنەی هاتنی رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە باخی گشتی شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر کتێبخانەی گەڕۆکیان بردە شارەکە و بە بڵاوکردنەوەی کتێب بەشداریان لە چالاکیەکانی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرد.
لە چالاکیەکەدا چەندین کتێب و نامیلکە سەبارەت بە ژنان و ھۆشیاری دژی توندوتیژی و کتێبەکانی نووسەرانی ژن و کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کتێبی ژن ژیان ئازادی و کتێبی ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو لە نووسینی ساکینە جانسز، ژنۆلۆژی و کتێبی ڕێبەرایەتی پەکەکە ڕێبەرایەتی ژنی ئازادە، کتێبی هەڤاڵ ڤیان سۆران و نامیلکەکانی ژنۆلۆژی نمایشکران.
مەرزیە ئەحمەد، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر ئاماژەی بەوەدا، ئامانجیان لە پێشەنگای کتێب و بڵاوکردنەوەی کتێبەکان بەشداریکردنە لە چالاکییەکانی ٢٥ی نۆڤەمبەر و هەڵمەتی هۆشیاری بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنانە.