ناوەندی کولتوورو هونەر لە مەنبەج هەوڵی بەرەوپێشخستنی هونەر دەدات
زۆرێک لە بەهرەمەندەکان بەشداری ناوەندەی کولتوورو هونەر دەکەن، کە کار لەسەر پەرەپێدانی بەهرەی گەنجەکان لەکانتۆنی مەنبەج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات.
سیلڤا ئیبراهیم
مەنبەج- ناوەندی کولتوورو هونەر لەڕێگەی کردنەوەی خولی هونەری و کولتووری لە بوارە جیاجیاکاندا، دەرفەت بۆ پێشخستنی کولتوورو هونەر لە کانتۆنی مەنبەج، دەڕەخسێنێت.
ناوەندەکە بەشدارە لە پەرەپێدانی گەنجانی بەهرەمەند لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بووەتە شوێنێک بۆ هەموو کەسێک کە خولیای بۆ هەوڵدانی گەشەکردن و پەرەپێدانی هونەر هەیە، جا چ لە بواری شانۆدا بێت یان هونەری پلاستیک، وێنەکێشان و خۆشنووسی و مۆسیقا و ئامێرە جۆراوجۆرەکانی دیکە.
"هونەر بووەتە بەشێک لە من"
لاڤە خەلیل، تەمەنی ١٣ ساڵە، لە کاتی وەرگرتنی پەروەردەی کەمانچەدا، وتی: نزیکەی ٦ مانگە پەروەردەی کەمانچەم کردووە، ئەوە خولیای دڵخوازی من بوو، ئەمڕۆش بووەتە بەشێک لە من و لە ڕێیەوە بوومەتە کەسێکی بەهرەمەند، ناوەندی کولتوورو هونەر لەکانتۆنی مەنبەج ئەم دەرفەتەی ڕەخساند بۆ پەرەپێدانی بەهرە و لێهاتوویی هونەریمان.
ڕوونیکردەوە، تەنها ئەو نییە لە بەشی مۆسیقادا پەروەردە دەکات، بەڵام زۆرێک لە فێرخوازانی تەمەن جیاواز هەن کە پەروەردە لەسەر ئامێرە جیاوازەکانی مۆسیقا وەردەگرن وەک کەمانچە، گیتار، بوزوکی، عود و زەرب، وتیشی: هێشتا لە ئاستی مامناوەند پەروەردە وەردەگرم، بۆ ئەوەی باشتر بم لە ژەنینی کەمانچەدا، پێشتر هیچ ژنێکمان نەدەبینی کە ئامێرێکی مۆسیقای هەڵگرتبێت لە شەقامدا، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدەن ئەم چەشنە چەقبەستووە بشکێنن ئەویش لەڕێگەی کردنەوەی خولی مۆسیقا.
"گەنجان دەتوانن لە ڕێگەی هونەرەوە پەرە بە تواناکانیان بدەن"
فاتمە زەهرا خەلیل، ئەندامی ناوەندی کولتوورو هونەر، تەمەنی ١٨ ساڵە و پەروەردەی زەڕب دەکات، ڕوونیکردەوە، خولی پەروەردەی مۆسیقا بۆ ئامێرێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو زیاترە بۆ هەموو ئامێرەکان هەرکەسێک خولیای بۆ هەر ئامێرێک هەیە دەتوانێت بچێتە ناوەندەکە بۆ پەرەپێدانی خولیاکەی، وتی: ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە ئەم خولانە پاڵپشتی بەهرەی گەنجەکان بکات، زۆر ژن و پیاوی گەنجی بەتوانا هەن کە پێویستە بەهرەکانیان ببیندرێت، بەشداری دەکەین لەپەرەدان بە بەهرەکانیان.
"هونەر کولتوورە و ئێمە هەوڵ دەدەین بیپارێزین"
سیدراعەلی، تەمەنی ١٦ ساڵ وتی: دوای ئەوەی ژنە گەنجەکانی هاوتەمەنی خۆمم بینی کە لە تیپەکەدا پەروەردەیان وەردەگرت، بڕیارمدا بەشداری بکەم، چونکە هەست دەکەم هونەر وەک کولتوورێک وایە و هیوام ئەوەبوو بەشداری تیادا بکەم و بیپارێزم، ناوەندی کولتوورو هونەر لەڕێگەی ئەم پەروەردانەوە هەوڵدەدات ئاستی هونەری کانتۆنی مەنبەج پیشان بدات و بەرەوپێشی بخات، بەتایبەت لە کاتی فێستیڤاڵ، ئاهەنگ و پێشانگە هونەریەکان.