لە قەسرین ژنان بە هونەری قامیش میراسی خۆماڵی بە زیندوویی دەهێڵنەوە
لە شاری قەسرینی تونس، زۆرێک لە ژنان بە بەردەوامبوونیان لەسەر هونەری قامیش، میراسی نەریتی بە زیندوویی دەهێڵنەوە، ئەو ژنانەی کە نەریتی خۆیانیان گۆڕیوە بۆ پڕۆژەیەکی گەشەپێدان، ڕێگا بۆ بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکەنەوە.
ئیخلاس حەمرونی
تونس – لە ناوچەکانی قەسرین، لەو شوێنەی کە سروشت تێکەڵی میرات و دەستڕەنگینییە نەریتییەکان بووە و وەک بەشێک لە ناسنامەی خۆماڵی شێوەی گرتووە، هونەری قامیش وەک یەکێک لە گرنگترین دەوڵەمەندییە کولتوورییەکانی ڕەنجی درێژخایەن دەردەکەوێت.
لە نێوان هەوڵەکانی زیندووکردنەوە و نوێکردنەوەدا، ئەزموونی ژنان ئیلهامبەخشن بۆ دەرهێنانی ئەم هونەرە لە چوارچێوەیەکی نەریتی و سەرنج ڕادەکێشن بەرەو فراوانترین کایەکانی بەرهەمهێنان و نوێگەری. بەم شێوەیە قامیش بووەتە سەرچاوەیەکی ئامرازی گەشەپێدان و بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژنان.
لەو ڕووەوە، ئەزموونی هونەرمەند یەمنا ئەسوودی و هاوڕێکانی، نموونەیەکی زیندووی پاراستنی میرات، ژیانی نوێ و ڕەخساندنی دەرفەتی کار پێشکەش دەکات.
بۆ زۆرێک لە ژنان سەرچاوەی بژێوییە
یەمنا ئەسوودی کە خولیای هونەرە دەستییە نەریتییەکانە، وتی، گەشتە پیشەیییەکەی بە خولیایەکی بچووکەوە دەستی پێکردووە و دواتر بووەتە پڕۆژەیەکی بەرفراوان.ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هاوکاریی ٥ دامەزراوەی نێودەوڵەتی، سوودی بە بنیادنانی ئەم هونەرە گەیاندووە؛ لە هەمان کاتدا لە خوێندنگەدا وەک مامۆستا کار دەکات و لە کایەکانی پەیوەندیدار بە هونەرە شێوەکارییەکان چالاکی دەکات، ئێستاش پڕۆژەیەک بەڕێوەدەبات کە گەلێک ژنی گەنج تێیدا بەشدارن.
یەمنا ئەسوودی دیاری کرد کە لە کارەکانیدا هەوڵ دەدات هونەری قامیش بناسێنێت تا تایبەتمەندییەکانی ناوچەکە ببینرێن و وتی: من سەبەتە حەسیر، تابلۆی سەر دیوار و بەرهەمە هونەرییەکانی دیکە پەرە پێدەدەم.
"کاتێک دراوسێکەم بینی، ویستم ئەم بەرهەمە هونەرییانە دروست بکەم"
یەمنا ئەسوودی وتی، سەرنجی بۆ ئەم هونەرە کاتێک دەستی پێکردووە کە بینیویەتی دراوسێکەی کاری تێدا دەکات و تەکنیکەکانی چنین و دوورینی لێوە فێربووە، دواتر درکی بەوە کردووە کە قامیش تەنها کەرەستەیەکی نەریتی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا کەرەستەیەکی خاوی کراوەیە بۆ داهێنان و گەشەپێدان؛ ئەو وتی: من ناسنامە و بڕوانامەی تەواوی پیشەییم وەرگرت. بەهۆی ئەمەشەوە، لە ناوخۆی تونس و لە دەرەوەش بەشداریی پێشانگاکام کرد و لە بواری گەشەپێدانی پڕۆژەکاندا ئەزموونم بەدەست هێنا. بەم شێوەیە تێگەیشتم کە ئەمە دەبێتە سەرچاوەی بژێوی بۆ زۆرێک لە ژنان. ئامانجم ئەوەیە کارگەکەم گەورەتر بکەم و بیبەمە سەر ئاستی دامەزراوەیەکی ڕاستەقینە و بەردەوام.
"زۆر ژن کار دەکەن"
یەمنا ئەسوودی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناوچە گوندنشینەکانی قەسریندا گەلێک ژن کار دەکەن و وۆرکشۆپ و کارگەکان بەڕێوەدەبەن، ئەمەش بۆ ژنان دەبێتە دەرفەتێک هەم بۆ هەناسەدان و هەم بۆ ڕزگاربوون لە گۆشەگیری. وتیشی کە پڕۆژەکەی بە ناوی هونەرە دەستییە نەریتییەکانی هیبا ئارت بۆ ئەو بووەتە براندێک و گوتی: "وەک هەر پیشەیەک، سەرەتاکەی ئاسان نییە، بەتایبەت کاتێک چوومە ناو کایەیەک کە هونەرمەندانی خاوەن ئەزموونی لێبوو، دەترسام سەرکەوتووم نەبم. بەڵام بڕوا بەخۆبوون و لێهاتووییەکەم، لەگەڵ هەلومەرجی سەختی خێزانەکەشمدا سوودبەخش بوون و بوونە زەمینەیەک بۆ بەردەوامبوونم.، چاودێریکردنی کچە نەخۆشەکەم، لەبری ئەوەی لە کارەکەم سۆرم بکاتەوە، زیاتر سوور و پێداگری کردم.
یەمنا ئەسوودی ڕایگەیاند کە کاتێک بەشداریی لە پێشانگاکاندا کردووە، هەوڵی داوە ڕووە ئەرێنییەکەی قەسرین نیشان بدات و دیاری کرد کە ناوچەکە وەک ئەوەی باسی لێوە دەکرێت شوێنێکی پەراوێزخراو نییە، بەپێچەوانەوە، لە ڕووی قامیش و هونەرە دەستییە نەریتییەکانەوە ناوچەیەکی کشتوکاڵی دەوڵەمەندە. یەمنا وتی فەرشە بەربەرییەکان و بەرهەمەکانی قامیشی قەسرین لە دەرەوەی تونسیش دەناسرێن و ناسنامەیەکی کولتووری لەخۆدەگرێت کە دەبێت بەهەند وەربگیرێت. هەروەها وتی کارگەکەم بۆ زۆرێک لە ژنان بووەتە سەرچاوەی بژێوی؛ کاتێک لە گرتووخانە وانەم دەوتەوە، زیندانییەکی پێشوو دوای ئازادبوونی، هاوکاریم کرد بۆ ئەوەی کارەکەی پەرە پێبدات. بەهۆی ئەمەوە گەلێک ژن توانیویانە بژێوی منداڵەکانیان دابین بکەن و مەرجەکانی ژیانیان باشتر بکەن.
یەمنا ئەسوودی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی کە گەلێک بەرهەمی وەک ئێکسسوارات کە لە قامیش دروستکراون، بازنگ، چەتر بۆ تیپەکانی شانۆ پەرەپێداوە، هەروەها لەگەڵ پسپۆڕانی هونەرە شێوەکارییەکان بەرهەمی هونەری و ئێکسسواراتیان بە تیمی دەریایی بەرهەمهێناوە.
ئەزموونی ژنان لە هونەری قامیشدا
ئەم کایەیەی کە یەمنا ئەسوودی بنیادی ناوە، لە ئەزموونی ژنێکی دیکەشدا ڕەنگ دەداتەوە کە خواستی فێربوون و گەشەپێدانی تێدا دەرکەوتووە. ڕاهێنەر ڕیم سولەیمان وتی، کە لە سەرەتادا هیچ ئەزموونێکی لەسەر کەرەستەی قامیش نەبووە، بەڵام لە کارگەکەدا هەنگاو بە هەنگاو بەدوای کارەکانی مامۆستاکەیدا چووە و بە تێپەڕبوونی کات بووەتە خاوەن ئەزموون و وتی: زۆر حەزم لەم بوارە کرد. بەتایبەت دوای بەدواداچوونی بەرنامە و چاوپێکەوتنەکانی پەیوەندیدار بە قامیشەوە، بڕوام هێنا کە ئەمە ڕێگا هەرە ڕاستەکەیە بۆ گەشەپێدان، فێربوون، کارکردن و بەدەستهێنانی دەرفەتی بژێوی. دۆزیمەوە کە قامیش تەنها بۆ دیکۆراسیۆن بەکارنایەت، بەڵکو بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە بەرهەمی جیاواز و بەسوود. لە ناو گروپەکەدا بەهۆی هاوکاری و پشتیوانییەوە فێربوون ئاسانتر بوو.
"من لەم هونەرەدا هەم سەربەخۆیی و هەم داهێنانم دۆزییەوە"
ڕاهێنەرێکی دیکە بە ناوی سورەییا جەباری بەم شێوەیە دوا: یەکەم شت کە منی ڕاکێشا بۆ ئەم هونەرە، جوانیی کەرەستە سادەکان بوو کە مرۆڤ دەتوانێت بیانگۆڕێت بۆ بەرهەمی هونەریی تایبەت. بەو بەرهەمانە ماڵەکان دەڕازێننەوە. من بەرهەمەکانی قامیش وەک بەشێکی دیکۆراتی و جوانکاری دەبینم، هەر لەبەر ئەوەش لە سەرەتاوە سەرنجی ڕاکێشام. من لەم هونەرەدا هەم سەربەخۆیی و هەم داهێنانم دۆزییەوە. کارکردن لە ناو گروپدا فێربوون و هاوبەشکردنی ئەزموونی لەگەڵ ژنانی دیکەدا زۆر ئاسان کرد و پێشکەوتم.
هەم ڕیم سولەیمان و هەم سورەییا جەباری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ئەزموونانە لێهاتوویی پیشەییی پێ بەخشیون و بووەتە ئەو هونەرەی کە ڕێگای بژێوی ژیانیان بۆ دەکاتەوە.
لە ئەنجامدا، دیدگای یەمنا ئەسوودی و ئەزموونی ڕاهێنەران، مۆدێلێکی یەکگرتوویی بنیاد دەنێت. قامیش لە کەرەستەیەکی نەریتییەوە دەگۆڕێت بۆ پڕۆژەی گەشەپێدان. ئەم ئەزموونە بە داهێنانی تاکەکەسی و ڕەنجی بەکۆمەڵ، میرات دەپارێزێت و ئاسۆیەکی نوێی ئابووری دەکاتەوە.