لە کارگەی پەیکەرسازی پەیکەری ئەو ژنانەی جێپەنجەی خۆیان لە مێژوودا بەجێهێشتووە دروست دەکرێن
لە پەیمانگەی باڵای هونەری هیلالی زێڕین لە بەشی پەیکەرسازیدا، کارگەیەکی هونەریی ١٥ ڕۆژی دەستیپێکردووە، خوێندکاران بۆ کارەکانیان ئاماژەو ئەو ژنانەیان هەڵبژاردووە کە لە مێژوودا شوێنپەنجەیان جێهێشتووە، وەک عشتار و شاماران.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە - هونەر وەک ڕەسەنترین زمانی گۆڕانکاری و بوون، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە تێکۆشانی ژناندا دەگێڕێت، کارگەی پەیکەرسازی لە پەیمانگەی باڵای هونەریی هیلالی زێڕین، نەک هەر لێهاتوویی هونەرمەندانی ژن دەخاتە پێشەوە، بەڵکو بە گێڕانەوەی مێژووە قووڵەکان و ئاماژەکان، ژیان و یادەوەریی کۆمەڵایەتیش لە ڕێگەی هونەرەوە دووبارە دەژێنێتەوە.
پەیمانگەی باڵای هونەریی هیلالی زێڕین لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە: هونەرە دیتارییەکان (کە وێنەکێشان و پەیکەرسازی لەخۆ دەگرن)، مۆسیقا و سینەما، لە ٣ی ئەیلوولەوە، لە بەشی پەیکەرسازیدا کارگەیەکی هونەری دەستی پێکردووە.
ئەو کارگەیەی کە ١٥ ڕۆژ دەخایەنێت، دەرفەتێکە بۆ خوێندکاران تاوەکو لە ڕێگەی هونەرەوە لێهاتووییەکانی خۆیان پەرە پێبدەن، بیر و هەستەکانی خۆیان دەرببڕن و لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ژنانەوە کار بکەن، لەم چوارچێوەیەدا، خوێندکاران ئەو ژنانە و ئاماژەییانەیان هەڵبژاردووە کە لە مێژوودا کاریگەری و شوێنپەنجەیان جێهێشتووە بۆ کارەکانیان.
عشتار: سیمبولی خۆشەویستی، هێز، شەڕ و بەرهەمداری

دیانا فەرمان، خوێندکاری ساڵی سێیەمی پەیمانگەکە، بۆ کارەکەی خۆی عشتاری هەڵبژاردووە، وتی: ئامانجی بەشداریی ئەوان لەم کارگەیەدا بریتییە لە پەرەپێدانی لێهاتوویی هونەری و دەربڕینی بیر و هەستەکانیان.
دیانا ڕوومیکردەوە، کە لە ڕێگەی پەیکەرسازییەوە سەرنج ڕابکێشێتە سەر ژنان، ئیرادەیان و کێشەکانیان، هەروەها عشتاری لەبەر ئەوە هەڵبژاردوە، جونکە لە مێژووی مێزۆپۆتامریادا وەک سیمبولی خۆشەویستی، هێز، شەڕ و بەرهەمداری ناسراوە.
دیانا جەختی لەوە کردەوە، کە بوونی ژنان لە پەیکەرسازیدا و هەموو بوارەکانی هونەردا گرنگە، چونکە ژنان دەتوانن لە ڕێگەی هونەرەوە بۆچوون، بیر و کێشەکانی خۆیان دەرببڕن و پەیامی خۆیان بە کۆمەڵگە بگەیەنن و وتی: ژنان دەتوانن لە هەموو بوارێکدا خۆیان دەربخەن، بیر و هەستەکانی خۆیان پیشان بدەن و لە ڕێگەی هونەرەوە پەیامی خۆیان بە کۆمەڵگە بگەیەنن.
شاماران: سیمبولی زانیاری، ئەقڵ و چاکبوونەوە
لە هەمان کارگەدا، ئەمەل ئیبیش، خوێندکار بۆ پرۆژەکەی خۆی شامارانی هەڵبژاردووە، شاماران وەک ژنێک ناسراوە کە سەرەکەی مرۆڤە و جەستەی مارە، ئەو لە کولتوور و چیرۆکی گەلانی ناوچەکەدا خاوەنی شوێنێکی تایبەتە.
ئەمەل ڕوونیکردەوە، کە لەبەر ئەوەی شاماران وەک سیمبولی زانیاری، ئەقڵ و چاکبوونەوە دەبینرێت، بۆ پرۆژەکەی هەڵیبژاردووە، وتی: ژنان لە مێژوودا هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی کولتوور، یادەوەری و بەهاکانی کۆمەڵگەدا گێڕاوە.
ئەمەل ئاماژەی بەوەشکرد، کە چیرۆکی شاماران یەکێکە لە چیرۆکە ناودارەکانی ناوچەکە و لە ڕێگەی هونەرەوە لە نەوەیەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەیەکی تر.
ئەمەل دڵنیایی دا، کە لە ڕێگەی ئەم کارگەیەوە ئەوان هەوڵ دەدەن مێژووی ڕاستەقینەی ژنان دووبارە بژێننەوە و ڕۆڵی ئەوان لە مێژوودا پیشان بدەن، هەروەها ژنان لە هەموو سەردەمەکاندا سیمب٣ هێز، بەرخۆدان، خۆشەویستی و بەخشندەیی بوون و ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە ئەم ڕاستییە بە هەموو کەسێک بگەیەنن.
"هونەر بۆ پاراستنی کولتوور و مێژووە"

ئەمەل ئەوەی خستەڕوو کە هەڵبژاردنی ئاماژەو ژنە مێژووییەکان تەنها بۆ دروستکردنی بەرهەمی هونەری نییە، لە هەمان کاتدا ئامانج ئەوەیە کە لە ڕێگەی هونەرەوە کولتوور، مێژوو و یادەوەریی ژنان بپارێزرێت و بە نەوە نوێیەکان ڕابگەیەنرێت.
دوای تەواوبوونی کارگەی ١٥ ڕۆژی، ئەو بەرهەمانەی کە لە لایەن خوێندکارانەوە دروست کراون، لە پەیمانگەی باڵای هونەری نمایش دەکرێن، ئەم کارگەیە یەکێکە لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئامانجی ئامادەکاری پێش ئەوەیە پەیمانگەکە دەرگاکانی خۆی بۆ دەستپێکردنی فەرمی خوێندن بکاتەوە.