لە مەراسیـمێکدا ناساندن بۆ پەرتوکی "سیاچەمانە و بونیادی کۆمەڵایەتی هەورامان" کرا
بە ئامادەبوونی چەندین کەسانی نووسەر و ڕۆشنبیری ناوچەی هەورامان و ژەنینی میوزیک، لەلایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکە مەراسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتوکی "سیاچەمانە و بونیادی کۆمەڵایەتی هەورامان"ی نووسەر هدیە عەلی عابد ڕێکخست.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، بە بەشداری چەندین ڕۆشنبیر و نووسەری ناوچەی هەورامان، بە پێشکەشکردنی پارچەیەک میوزیکێکی سونەتی لەلایەن شنیا عەلییەوە، مەراسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتوکی "سیاچەمانە و بونیادی کۆمەڵایەتی هەورامان"ی نووسەر هدیە عەلی عابد لەلایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکەوە ڕێکخرا.
لە مەراسیمەکەدا ئیبراهیم حاجی زەڵمی، توێژەر، هەڵسەنگاندنئ بۆ پەرتوکەکە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پەرتوکەکە خۆی لە تەواوی زانیارییەکانی ناوچەی هەوراماندا دەبینێتەوە، باس لە تەواوی زارەکان، نووسەر، هونەرمەندان و دابونەریتەکانی ناوچەی هەورامان دەکات، باس لە هۆرە چڕی و سیاچەمانەی ناوچەکەی دەکات و زانیارییەکان لە زار و توێژینەوەکانی نووسەران و مێژوو ناسانەوە وەردەگرێت، بەرجەستەکردنی ئەم زانیاریانە بۆ مانەوەی دابونەریت و کولتووری کورد کارێکی گرنگ و پێویستە.
هەروەها لە درێژەی بابەتەکەدا باس لە ڕۆڵی ژنان دەکات لە کارە هونەری و فۆلکلۆریەکاندا و وتی: ژنان لە هونەرە فۆلکلۆریەکانی وەک سیاچەمانەدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، هەبوونی ژنان و کارەکانیان توانیویەتی هونەری هەورامان و ناوچەکانی برەوپێش ببات، ژنان لە سەرەتای هۆرەچڕی و سیاچەمانەوە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە و پاشان بەهۆی ئەو ئەقڵیەتەی هەبووە لە کۆندا نەیانتوانیوە ژنان خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو هونەرە، پێویستە بۆ مانەوەی ئەم چەشنە لە هونەرانە تەواوی نووسەران و مێژوونووسان لە هەوڵدا بن بۆ کۆکردنەوەی هونەرەکانی ناوچەی هەورامان.
"ژنان خاوەنی یەکەمی سیاچەمانەن لە ناوچەی هەورامان"
هدیە عەلی عابد، نووسەر و توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاماژە بە ڕۆڵی ژن دەکات لە کولتوور و سیاچەمانەی ناوچەی هەورامان، دەڵێت: ڕۆڵی ژنان لە سیاچەمانەی ناوچەی هەوراماندا بە خامۆشی ماوەتەوە، هۆکاری دەرنەکەوتن و خۆنیشان نەدانی ژنان لە کاتی هۆرە چڕیدا بۆ شەرمکردن و نەویستنی دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە، بەڵام بە کۆی ئەو توێژینەوانەی بۆمان ئەنجام داوە لەگەڵ ئەو کەسانەی سیاچەمانە بێژبوون، وتویانە ئێمە یان لە پورمان یان دایکمانەوە گوێبیستی سیاچەمانە بووین، بە هۆکاری ئەوەی لە کۆندا ژنان لە ناوچەکەدا شوانکاری و کشتوکاڵیان کردووە ئەو جۆرە ئاوازەیان دەربڕیووە، بۆیە منداڵەکانیان گوێبیستی ئەو سیاچەمانەیە بوون و دەماودەم بۆ پیاوان ماوەتەوە.
لە کۆتاییدا وتی: بە هۆکاری ئەوەی ژنان ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەریاندا زاڵ دەبێت، ناتوانن خاوەنداری سیاچەمانەی ناوچەی هەورامان بکەن، پیاوان خاوەنداریان لە بەیتەکانی سیاچەمانە کردووە و بەردەوام بە پیاوان دەناسرێتەوە، هەتا ئەم کاتەش ژنمان هەیە دەتوانێت بە تەواوی سیاچەمانە بچڕێت، بەڵام بە هۆکاری دەرنەکەوتنی بەشداری ناکات، ئەوەی ماوەتەوە بۆ ژنان ئەو پێناسەیەیە لە سیاچەمانەکاندا ژنی پێ دەناسێنن.