لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە هەوڵی تێکدانی زمانی کوردی دەدرێت

زمانی ڕاگەیاندن گرنگە زمانێکی پاراو بێت دووربێت لە تێکەڵکردنی لەگەڵ زمانی بیانیدا، بەڵام لەناو میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە باشووری کوردستان نەتوانراوە بە ڕادەی پێویست پارێزگاری لە زمانی کوردی بکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- زمان یەکێکە لەو هۆیانەی هەر نەتەوەیەکی پێ دەناسرێتەوە، زمانی کوردیش ڕیزبەندی ٨ەمین دەوڵەمەندترین زمانەکانی جیهاندایە و خاوەن چەندین زاراوەی جیاوازە، بەڵام ئەوەی کێشەیە گرنگی پێنادرێت و هەوڵی پاراستنی نادرێت، بەڵکو بە سیاسەت هەوڵ دەدەن زمانی بیانی تێکەڵ بکەن و یەکێک لە ڕێگاکانیش دەزگاکانی ڕاگەیاندنن، کە سەر بە دەسەڵات و دەوڵەتانی داگیرکەرن، هەر ئەمەش وایکردووە لەناو ڕاگەیاندنەکاندا چەندین وشەی بێگانە و نەشیاو بەکاربهێندرێت، هیچ سانسۆرێک نییە و لایەنی پەیوەندیداریش بێدەنگە لەو بوارەدا.

 

"پاراستنی زمان بە واتای پاراستنی نەتەوە دێت"

نەسرین ئەحمەد، مامۆستای زمانی کوردی، ئاماژەی بەوەکرد، زمان هۆکارێکە بۆ دەربڕینی هەست و سۆز و ئەو دۆخەی کەسەکەی تێدایە، گرنگترین شت بۆ هەر نەتەوەیەک بوونی زمانی تایبەت بەخۆیی و پاراستنیەتی، لەناو زماندا بە گشتی زاراوەی جیاواز هەیە، زمانی ئەدەبیات، زانستی بوونیان هەیە، ڕاگەیاندنەکان لە باشووری کوردستان بە بڕوای خۆیان زمانی پاراوی کوردی بەکاردەهێنن، بەڵام بە پێچەوانە بوونەتە هۆکارێک بۆ لێک دوورکەوتنەوەی زاراوەکان.

 

مامۆستا نەسرین باسی لەوەکرد، ڕاگەیاندنەکان لە باشووری کوردستان بە جۆرێک زمان بەکاردەهێنن ناوچەگەرێتی دروست دەکەن لە نێوان ناوچە جیاوازەکاندا، ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئەوەی یەک زمانی پاراوی گونجاو بەکاربهێنن، دەڵێت: ڕاگەیاندنەکان لە باشووری کوردستان سەر بە دەسەڵات یاخود حزبە جیاوازەکانن، ئەمەش وایکردووە زمانی ڕاگەیاندنەکان یەکگرتوو نەبێت و هەریەک بە جۆرێک بەکاریبهێنێت.

 

"کەسانی شارەزای زمانەوانی لەناو ڕاگەیاندنەکاندا بوونیان نییە"

نەسرین ئەحمەد، باسی لەوەکرد، زمان لەلایەن دەسەڵاتەوە گرنگی پێنادرێت و دەربارەی تێکەڵکردنی زمانە جیاوازەکان وتی: تا ڕادەیەک تێکەڵکردنی زمان ئاساییە تا ئەو ڕادەیەی نەگاتە ئەو ئاستەی زمانەکە بشێوێنێت، یاخود کاریگەری لەسەر ڕێزمانی زمانەکە نەکات، ڕاگەیاند لە هەموو سوچ و کۆڵانێکدا هەیە، کاریگەریان لەسەر خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاگەیاندن هەوڵی نەداوە زمانەکە بپارێزێت و تێکەڵ بە زمانی دیکەی نەکات بەڵکو لە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان بە زەقی دەبیندرێت کە گرنگی بە زمانەکە نادەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا نەسرین ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکخراوێکی تایبەت بە چاودێریکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕووی هەڵسەنگاندنی بڵاوکراوەکانیان و ئەو زمانەی بەکاریدەهێنن بوونی نییە، یاخود ڕۆژنامەنووسان ئاستێکی هۆشیاری باڵایان نییە تا هەڵە نەکەن، هەندێک کات پەیامەکەیان جوانە و سود بەخشە بەڵام بەهۆی ئەو شێوازی زمانەی بەکاریهێناوە پەیامەکەی وەک خۆی ناگات.

 

"دەسەڵات هەوڵ دەدات زمانی نەتەوەی کورد لەناو ببات"

نەسرین ئەحمەد باسی لەوەکرد، نەک تەنها ئەو دەستەواژانەی لەناو ڕاگەیاندنەکاندا بەکاردێت دوورن لە زمانی پاراوی کوردیەوە بەڵکو هەندێک لە ناوی بەرنامەکانیش کوردی نین و لە زمانی ترەوە وەرگیراون، یاخود هەندێک کات شێوازی دەربڕینی وشە کوردییەکان دەگۆڕن کە نامۆیە بە بینەر، نەک تەنها لەناو ڕاگەیاندنەکان بەڵکو خەڵکەکەش گرنگی نادەن بە زمانەکە ئەمەش بە سیستم وا لە گەل کراوە، بەشێکی دوکان و شوێنە گشتییەکان بە ناوی بێگانەوەیە و دوورە لە ڕێزمان و وشەی کوردییەوە.

 

مامۆستا نەسرین دەڵێت: دەوڵەتانی داگیرکەر و باڵادەست هەمیشە هەوڵ دەدەن زمانی کوردی لەناو ببەن چونکە هەموو نەتەوەیەک بە زمانەکەیەوە دەناسرێت، ئەگەر زمان لەناو بچێت واتە ئەو نەتەوەیە لەناو دەچێت چونکە زمان کلتوور و مێژوو و ناسنامەی هەموو نەتەوەیەکە.

 

"ڕۆژنامەنووسان گرنگە خۆیان پڕ زانیاری بکەن"

لە کۆتایدا نەسرین ئەحمەد بە پێویستی دەزانێت ڕاگەیاندکاران و ڕۆژنامەنووسان بخوێننەوە و ڕۆژانە زانیارییەکانی خۆیان دەوڵەمەند بکەن، وتیشی: هەر یەک لە ڕاگەیاندن و تەلەفیزیۆنە جیاوازەکان شێوازێکی تایبەت بە خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان هەڵبژاردووە، هەوڵ نادەن هەموویان بە یەکگرتووی یەک زمانی دیاریکراو بەکاربهێنن، ئەمەش سیستمی دەسەڵات و ئەو حزبانەیە کە هەریەک ڕاگەیاندنێکی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەگەر دەسەڵاتداران بەم جۆرە کار بکەن و ڕۆژنامەنووسان ئاڕاستە بکەن، دەبنە هۆیەک بۆ لەناوچوونی زمان، هەرچەندە کەسی بە ئەزموون هەن و هەوڵی یەکخستنەوەی زمانی کورد دەدەن بەڵام گوێیان بۆ ناگیرێت.