ئەگریجە؛ مێژووی تێکۆشانی ژن لە پێنج هەزار ساڵەوە تا سەرهەڵدانی "ژن ژیان ئازادی"
ڤیدیۆ کلیپی "ئەگریجە"، یەکەم بەرهەمی ڕێکخراوی مەرزیەیە، ئامانجی پیشاندانی تێکۆشانی ژنانی کوردە، لە ڕێگەی جلوبەرگ و خاڵی سەر ڕوخساریانەوە، بەرەنگاری، هێز، کولتوور و هونەر نیشان دەدەن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- ڤیدیۆ کلیپی "ئەگریجە" یەکەم بەرهەمی ڕێکخراوی مەرزیە بۆ گەشەدان بە توانا هونەرییەکانی ژنانە، بیرۆکەی ئەم بەرهەمە هونەرییە بەر لە ساڵێک گەڵاڵە بووە و کار بۆ ئامادەکردنی کراوە، لەم ساڵدا بەرهەمەکە گەیشتە کاتی ئامادە بوون و لە ٦ی ئەیلوولدا بڵاوکرایەوە.
هۆنراوەی ئەگریجە لەلایەن سەحەر موعیزی نووسراوە، پێشەوا ڕەمەزان کاری میوزیک و کۆکردنەوە، تریفە ئیبراهیم کاری سیناریۆ و سەمای کۆریۆگرافییەکەی لەلایەن فریاد حەسەنەوە کراوە، هەریەک لە ژولیا حسێن، ژیوەر حسێن و ئەسرین سەفەری گۆرانییەکەیان چڕیوە، لە سەماکەشیدا ١٦ ژن و ١٦ پیاو تیایدا بەشدارن.
ئامانج لە بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ کلیپی ئەگریجە بریتییە لە نیشاندانی بەرخۆدانی ژنان لە دژی سیستمی سەردەستی پیاواسالاری و دەسەڵاتداری، پەیامی یەکسانی و پێکەوە ژیانی کۆمەڵگە نیشان دەدات، کولتووری کوردی دەخاتەبەرچاو و هیزی ژیانەوە لە هەناوی ژندا کۆدەکاتەوە.
"ئامانج لە دروستکردنی ڤیدیۆ کلیپی ئەگریجە پشاندانی توانای ژنان بوو لە هونەردا"
زریان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مەرزییە، باس لە بەرهەمهێنانی کلیپی ئەگریجە دەکات و دەڵێت: ئامانجمان لە دروستکردنی ئەم کلیپە پیشاندانی توانای ژنان بوو لە کاری هونەریدا، لە بارودۆخی ئێستادا بوونی ژنان لە کلیپەکاندا وەک ئاستیکی پێویست نییە، لە ڕێگەی کلیپی ئەگریجەوە ڕوونی دەکەینەوە ژنان پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەمانەوێت دەست بە پێگەیەی ژنانەوە بگرین و درێژەی پێبدەین.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مەرزییە، ئاماژە بە هەڵبژاردنی تێکست و شێوازی ڤیدیۆ کلیپی ئەگریجە دەکات، کە ئەگریجە بە واتای زوڵف و پەرچەمی ژنان دێت، دەشڵێت: تێکستەکە لەلایەن سەحەر موعزییەوە نووسراوە، ئێمە نامانەوێت ژن بوون و ناسکی لە ناوببەین، بەڵام ناشمانەوێت تواناکانی ژنان بشارینەوە، شەش کەس لە بەرهەمهێنانی کلیپەکەدا بەشدارن، ١٦ ژن و ١٦ کوڕ بەشداری نمایشی سەمان و دوو لە ئەکتەرەکانی یاری شەترەنج ئەنجام دەدەن، ڤیدیۆ کلیپی ئەگریجە لە دەستپێکردنی تۆمار کردنییەوە تا بڵاوکردنەوەی ماوەی سێ مانگی خایاند.
زریان ئەحمەد وەک بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مەرزیە بۆ کاری هونەری، لە کۆتایدا پەیامی خۆی بۆ هونەرمەندان نارد و وتی: هونەرمەندان و ژنانی هونەرمەند بە تایبەتی هیوادارین ڕێکخراوی مەرزییە وەک ماڵێکی هونەرمەندان ببینن و بێن بۆ بەرهەمهێنانی کارە هونەرییەکانیان، ئەو هونەرەی لە ڕابردوودا ژنان هەیانبووە و لە ئێستادا لەدەستمان چووە و دەمانەوێت بەدەستی بهێنینەوە، لە ڕێگەی هێشتنەوەی کولتووری هونەریمانەوە.
"نمایشەکانمان توانای ژنان دەردەخات، کاتێک پیاوان جوڵە دەکەن ئێمەی ژنانیش دەجوڵێین"
ژولیا حسێن، گۆرانیبێژ و ئەکتەر لە کلیپی ئەگریجەدا، باس لە یەکەم بەرهەمی هونەری خۆی لە ڤیدیۆ کلیپی ئەگریجەدا دەکات، دەڵێت: ماوەی زیاتر لە ساڵێکە تۆماری گۆرانی ئەگریجە کراوە، چەند مانگێکە کاری نمایشەکەی تەواو بووە، سەرەتای دەستکردن بە ڤیدیۆ کلیپەکەمان نەمدەزانی بەشداری نمایشکردنی سەماکەش دەکەم، بەڵام خۆشبەختانە توانیم تێیدا سەرکەوتوو بم، سەرەتا بۆ نمایشکردنی جوڵەکانمان کەسانێکی کەمان لەگەڵبوون، پاش ڕیکلامکردن بۆ کارەکەمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆرێک لە هاوڕێیان هاوکارمان بوون، سەرەتای کارکردنم لە ڤیدیۆ کلیپێکی وەک ئەگریجەدا کارێکی نوێ بوو، بەڵام دڵخۆشم توانیومە بە شێوازێکی جیاواز گۆرانی بڵێم.
ئەو هونەرمەدە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگریجە پەیامێکی گەورەی بۆ ژنان هەڵگرتووە، وتی: ڤیدیۆ کلیپی ئەگریجە پەیامی بۆ ژنان و پیاوان پێیە، نمایشەکانمان توانای ژنان دەردەخات، کاتێک پیاوان جوڵە دەکەن، ئێمەی ژنانیش دەجوڵێین، دەرخستنی تواناکان و جوڵەکانی هاوشێوەی پیاوان نیشانی دەدات ژنان دەتوانن هاوشێوەی پیاوان جوڵەکانیان ئەنجام بدەن، ئەنجامدانی جوڵەکانمان جەنگێکی لە نێوان جوندییەکان و ژناندا پشان دەدا، ئێمە بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوان جەنگ دەکەین بۆ هێنانە کایەی یەکسانی بۆ درێژەدان بە ژیان، ئێمەی ژنان بەردەوام لە تێکۆشانداین بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەی ئەو ئاستەنگیانەی لەلایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە دێتە ڕێگەمان.
"ڤیدیۆ کلیپی ئەگریجە ئاماژەیە بۆ دووبارە ژیانکردنەوەی ژنان"
ژولیا حسێن، جەختی لەوە کردەوە، هەبوونی کارێکی وەک "ئەگریجە" شانازییەکی گەورەیە بۆ هونەرمەندان و هونەر دۆستان، دەشڵێت: من ئەگریجەم هەیە، وەک گۆرانیبێش و ئەکتەر بەشداریم تێدا کردووە، هەستناکەم بە ئاسانی کارێکی وەک ئەگریجەم بۆ بێتە پێشەوە، بەڵام ئەگەر هەبێت بە شانازییەوە دووبارە کارێکی جوان ئەنجام دەدەینەوە، دەستپێکی کارەکەمان و بڵاوبوونەوەی هەندین دەنگۆی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێکی زۆر لە گوێگرانمان کاردانەوەی باشیان نیشاندا، بەڵام بەشێکی دیکە باس لە دووبارە کردنەوە و هێنانە ناوەوەی هونەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، بەڵام ئێمە هەموومان کوردین کار بۆ تیکۆشانی ژنان دەکەین، لەهەر جێگەیەکدا ژیان بکات، هەروەها ئامانجمان نیشاندانی و هێنانە کایەی هونەری نوێیە بۆ بەر دیدی بینەرانی باشووری کوردستان.
ئەو هونەرمەندە لە کۆتاییدا وتی: ئەگریجە ئاماژەیە بۆ دووبارە ژیانکردنەوەی ژنان، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کلیپی ئەگریجەوە هەوڵدەدەین ئازایەتی ژنان دەر بخەین، ژنان توانای بڕیاردانیان هەیە پێویستیان بە بڕیاردانی پیاوان نییە بۆ ژیانکردن، ژنان بەردەوام لە ڕێگەی چالاکییەکانیانەوە ژیانیان بەرەوپێش ببەن، با هەموومان بۆ ئازادی ژنان لە ژێر ناونیشانی "ژن، ژیان، ئازادی" تێبکۆشین.