دراما کوردییەکان ڕەنگدانەوەی کولتووری وڵاتانی دیکەن، دوورن لە کۆمەڵگەی کوردی

سەرەڕای بەرەوپێشچوونی تەکنیک و شێواز لە بەرهەمهێنانی فیلم و دراما کوردییەکان و لەگەڵ هەبوونی چەندین کێشە لەناو کۆمەڵگەدا، بەڵام دراما و فیلمەکان نەیانتوانیوە بچنە ناو دڵی خەڵکەوە و پەیامی ڕاستی بگەیەنن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- پاش کردنەوەی تەلەفیزیۆنی کەرکوک لە ساڵی ١٩٦٧، یەکەمین هەوڵ و دەستپێک بۆ بەرهەمهێنانی درامای کوردی لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و تیپی کرێکارانی سلێمانی و نواندنی سلێمانی لە سەرەتاوە ڕۆڵیان هەبووە لە بونیادنانی مێژووی ئەو هونەرە.

 

دوا بەدوای ئەوە، هونەری دراما لەناو خەڵکدا جێی خۆی کردەوە و هاوڵاتیان تامەزرۆی بەرهەمی نوێ دەبوون، چەندین بەرهەمی جیاواز بڵاوکرانەوە و جێی خۆیان کردەوە لە دڵی بینەردا، چونکە فیلم و دراما کۆنەکان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە و باس بوو لە کێشە و ژیانی کۆمەڵایەتی، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، و بەهۆی هەبوونی دراما دۆبلاژکراوەکان و تێکەڵبوونی کولتووری وڵاتانی دیکە لەگەڵ کولتووری کوردیدا، دراماکانیش ئاڕاستەیەکی دیکەیان گرت و نەیانیانی ببنە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە، بەڵکو دراما بیانییەکان بە گشتی و درامای تورکی بەتایبەت چووە ناو بینەر و کاریگەری نەرێنیشی لەسەر بەرەوپێشچوونی دراما کوردییەکان هەبوو، لەلایەکی دیکەوە بوونە هۆکارێک کە ناوەڕۆکی دراما کوردییەکان لاواز بکەن.

 

جگە لەوەش ئاڕاستەی دراما کوردییەکان گۆڕان و هەمان شێواز و مۆرکی دراما بیانییەکانیان وەرگرت، کێشە و گرفتەکان هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردی نەمان، بەڵکو شێوازی کێشەکان تەنانەت ڕەنگ و ئەو کەرەستانەی بەکاردەهێنرێن هەمان شکڵی دراما بیانییەکانن، ئەمانەش بوونە هۆکارێک بینەر تامەزرۆی بینینی دراما کوردییەکان نەبێت و لێی بکشێنەوە.

 

"بەرهەمی کوردی پێویستی بە ئەزموون و بنیادنانە"

ڕۆژە حەسەن، دەرهێنەر، ئاماژەی بەوەکرد بوونی بەرهەمی خۆماڵی کە فۆڕم و شێوازی کۆمەڵگە و کولتووری کوردی پێوە دیار بێت لە ئێستادا گرنگە، هەر هەنگاوبنرێت بۆ ئەو مەبەستەش ئەبێت بە هەنگاوێکی باش بۆ ئەوەی هونەری کوردی خاوەنی دنیابینین و شێوازی تایبەتی خۆی بێت، وتیشی: لە ئێستادا ئێمە بەرهەمی نوێ بەرهەم دەهێنین و کاری نوێ زیاد دەکەین، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووین بەو ئاستەی فۆڕم و ستایلی خۆمان هەبێت، چونکە هێشتا سینەما لەم پارچەیەی کوردستان تازەیە، ئەزموونەکانیش کەمن، بۆیە تا لە ئەزموونەکانەوە فێر نەبین لەدایکبوونی بەرهەمی بەهێز زەحمەتە.

 

"بیرۆکە و هەڵبژاردنی ناوەڕۆکەکان ئێستا لاوازن بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو"

دەربارەی ئەوەی سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک بەرەوپێشچوون بەڵام بەرهەمەکان ناچنە ناو دڵی بینەرەوە ئەو دەرهێنەرە ڕوونیکردەوە، کە کێشەکە ناوەڕۆکە، لە ساڵانی ڕابردوو ناوەڕۆکی دراماکان هەڵقوڵاوی کۆمەڵگە بوون، هەرچەندە کەرەستەی پێشکەوتوو بەکار نەدەهات، بەڵام چونکە ناوەڕۆکەکان بەهێز بوون، دەچوونە دڵی بینەرەوە، بەڵام ئێستا لاوازن و تەواو ناچنە ناو خەڵکەوە، چونکە ئەو فۆڕمەیان نەدۆزیوەتەوە کە لە ژێر چ سێبەرێکدا کار بکەن.

 

جگە لە ناوەڕۆک هونەری کورد کێشەی نەبوونی سیناریۆ نووسی هەیە، وەک ڕۆژە حەسەن باسی لێوە دەکات، تا ئێستا کورد سیناریۆنووسێکی باشی نییە، بۆیە نەیتوانیوە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بەهێز بن و بچنە ناو دڵی خەڵکییەوە.

 

"دەرهێنەر و سیناریۆنووس ناتوانن پەنجە بخەنە سەر کێشەی کۆمەڵگە"

دەربارەی ڕەنگدانەوەی بەرهەمی وڵاتانی دیکە لە بەرهەمە کوردییەکاندا ڕۆژە حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، چونکە کورد تا ئێستا خاوەنی فۆڕم و شێوازی تایبەتی خۆی نییە، بۆیە کاتێک بەرهەمێک دروستدەکات دەکەوێتە ژێر کاریگەری هەژموونی کولتووری وڵاتانی دیکەوە و ناتوانێت بە ئاسانی لێی دەرباز ببێت، "لە ئێستادا زۆرێک لە دراما و فیلمەکان کولتووری تورکی و فارسی پێوە دیارە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیا و دەرهێنەرانەی کار دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک، دەبینیت لە ئاستێکی باشدا بیر ناکەنەوە و نازانن چ بەرهەمێک پێویستە بۆ کۆمەڵگە، کام کێشەیەی کۆمەڵگە پێویستە دەستی بخرێتە سەر و بکرێتە بەرهەم و بتوانێت پەیامێکی باش بگەیەنێت، کورد خاوەنی دەرهێنەرە، بەڵام نەبوونی ئەزموون وایکردووە نەتوانن لە ژێر هەژموونی کولتووری وڵاتانی دیکە دەربچن".

 

"پارچەبوونی کوردستان بووەتە هۆکارێک کورد خاوەنی هونەرێکی تۆکمە نەبێت"

دەربارەی دەرکەوتنی ئەکتەر و شێوازی نواندنەکان، کە لە ئێستادا ئەکتەرە کوردەکان هەستی دووبارەکردنەوەی ئەکتەری وڵاتانی دیکە نیشانی بینەر دەدەن، ڕۆژە حەسەن وتی "بە تەنها ئەکتەر بڕیار لەسەر شێوازی نواندن و جلوبەرگی نادات، بەڵکو دەرهێنەر و ستافێکی گەورە لە پشت هەر ئەکتەرێکەوەیە، بۆیە کێشەکە لە ئەکتەرەکەدا نییە، بەڵکو لە دنیابینی دەرهێنەر و سیناریۆنووسدایە کە نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی خاوەن فۆڕمی خۆیان بن و نواندنی ئەکتەرەکە هاوتای ئەکتەرێکی بیانی دەکەن".

 

دەرهێنەر ڕۆژە تیشکی خستەسەر دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار پارچەدا، کە کاریگەری کردووەتە سەر دراماکانیش، وتی: کاریگەری کولتووری وڵاتانی دیکە بەسەر دراماکانەوەیە، بۆیە پارچەبوونی کوردستان کاریگەری نەرێنیشی کردووەتە سەر بەرهەمە کوردییەکان، کاتێک دەرهێنەر فیلمێک دەردەکات بێگوومان لە ژێر کاریگەری کولتوورێکی بیانی دایە، لە ئێستادا پێویستە بەرهەمەکان هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگەی کوردی بن، پەیامەکان بە باشی و ڕاستی بگەیەنرێنە بینەر و خاوەنی فۆڕم و دنیابینینی خۆمان بین، نەک فیلمەکە پەیامێکی هەبێت و خەڵکی بە شێوازێکی دیکە لێی تێبگەن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای سیناریۆنووس و هەبوونی ئەزموون.