گروپی کیژانی کوردستان بۆ یەکەم جار هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستانی لەسەر یەک ستەیج کۆکردەوە
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و توێژە جیاوازەکان، گروپی کیژانی کوردستان کۆنسێرتێکی هونەریی تایبەت ساز کراو چەندین بەرهەمی فۆلکلۆری کوردییان، بە شێوازێکی نوێ پێشکەش کردو وتیان: ئامانجمان زیندووکردنەوە و بەرزڕاگرتنی هونەری کوردییە.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی گروپی کیژانی کوردستان لەچەند ژنیکی گەنج پێکهاتبوون، کۆنسێرتێکیان رێکخست کە تیایدا چەندین ئاوازی رەسەنی کوردی و فۆلکلۆریی، چەندین پارچە میوزیک و گۆرانی ڕەسەن و کوردییان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
کۆنسێرتەکە بەسەرپەرشتی مایسترۆ هۆگر محەمەد، دەنگبێژ زینوی راوی، سێوە کامیل، ژیان وەلەدی و نۆژەن بورهان ئەنجام درا، کە تێیدا گۆرانی کانی سپی، چامەکەی نالی، خۆشە هەورامان، میراج، نیشتیمان، بەهارهاتەوە، ئەزکچم، سروەی بەیان و کەژاوە پێشکەش کرا، هەروەها لە کۆنسێرتەکە ٣٠ ژنی ژەنیار بەشدار بوون، لەگەڵ ٣٢ کۆڕاڵی ژن کە ستەیجیان ڕازاندبووەوە، بە بەرهەمی هونەری کوردی.
لەو بارەیەوە نۆژەن بورهان، ئەندامی گروپی کیژانی کوردستان وتی: من لە گروپی کیژانی کوردستان بەشدارییم کردووە، ماوەی هەفتەیەکە پرۆڤە دەکەین و ئەم گروپە لە ماوەیەکی کەمدا توانیوێتی جێی خۆی بکاتەوە لە ناو خەڵکدا،، من ئامێری سۆڵۆم ژەنی لەم ئێوارە کۆنسێرتەدا و بەشداریم لە سەرجەم گۆرانییەکان کرد، بۆ ئێمە گرنگە ئێمە چاومان لە هونەری ڕابردووی خۆمان بێت،ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارم هەرکەس حەزی هونەری هەیە، شوێنکەوتووی ئەو هونەرمەندە گەورانەی کورد بن، ئێستاش ئەو هونەرمەندانە خەڵکێکی زۆر گوێیان لێدەگرێت، گۆرانیەکان تێک نەدەن بە ناوی هونەری مۆدێرن، پێویستە گەنجان دەست بە کولتووری خۆیانەوە بگرن.
"موزیک بەشێکە لە گواستنەوی زمانی هاوبەش بۆ تێگەشتنی کولتووری نەتەوە جیاوازەکان"
وتیشی:هەوڵدەدەین کولتوور و ڕەسەنایەتی کوردی بپارێزین، کارێک بکەیەن لە نەوەیەکەوە بیگوازینەوە بۆ نەوەیەکی دیکە، موزیک بەشێکە لە گواستنەوی زمانی هاوبەش بۆ تێگەشتنی کولتووری نەتەوە جیاوازەکان، بۆیە لە ڕێگەی دەفەوە کە یەکێکە لەو ئامێرە میوزیکییانەی تەواو مۆرکی کوردی پێوە دیارە ئەمە جگە لەوەی کە جۆرێکە لە گواستنەوەی پەیامی دینی و ئاشتەوایی بۆیە هەوڵەدەین بۆ چەندساتێک ئارامی بەڕۆح بگەیەنین.
دەنگبێژ زینوی ڕاوی وتی: من وەک ئەندامێک لەگروپی کیژانی کوردستان لەشاری خانەقینەوە هاتووم وەک دەنگبێژ بەشدارم بەزاراوەی لوڕی و کەلهوڕی، ئەم کونسێتە لەلایەن دکتۆر تەها ڕەسول کراوە، گرنگی کۆنسێرتەکە لەوەدایە، بۆ یەکەمجار هونەرمەندانی هەرچوارپارچەی کوردستان، لەسەر یەک ستەیج کۆدەبنەوە و گۆرانی کوردی پێشکەش دەکەن.