گروپی هەڵپەڕکێی دایک: هەڵپەڕکێ میتۆدێک دەبێت دژی داگیرکاری
گروپی هەڵپەڕکێی دایکان سەر بە تەڤگەری هیلالی زێڕینی کانتۆنی فورات کاردانەوەیان بەرامبەر بە کردەوە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە ئامانجی قڕکردنی کولتووری کوردی نیشان دا و وتی: هەڵپەڕکێ دەبێتە میتۆدێک دژی داگیرکاری
بەرچەم جودی
کۆبانێ- دەوڵەتی تورک لە باکووری کوردستان و تورکیا زۆرێک لە گەنجانی کوردیان بە هۆی دروشمەوە دەستبەسەر کرد و بەشێکیشیان دەستگیر کرد، لە هەندێک شوێن تەنانەت هەڵیکوتاوەتە سەر ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری، بۆ ئەو مەبەستەش هێرشەکانی تورکیا لەو پێوەندییەدا لە کوردستان و دەرەوەی وڵات شەرمەزار کرا.
لەو چوارچێوەیەدا ئەندامانی گروپی هەڵپەڕکێی دایکان لە تەڤگەری هیلالی زێڕینی کانتۆنی فورات کاردانەوەیان بەرامبەر بە کردار و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە ئامانجی قڕکردنی کولتووری کورد نیشان دا.
"لەمەودوا هەڵپەڕکێ دەگۆڕێت بۆ میتۆدی خەبات و بەرخۆدان"
لەیلا ئەحمەد، وتەبێژی گروپی هەڵپەڕکێی دایکان، ڕایگەیاند کە ژنانی کورد کولتووری خۆیان لە سنگی خۆیاندا هێشتۆتەوە و وتی: گەشەسەندنی ڕۆشنبیری دایک بە سەدان ساڵە ڕووبەڕووی سیاسەتی گۆشەگیری و جینۆساید بووەتەوە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە دەبینین دەوڵەتی تورک هێرشێکی گەورەی کردووەتە سەر کولتوورەکەمان، هەوڵی نەهێشتن و لەناوبردنی کولتووری ڕەسەنی ئێمە و بەتایبەت هەڵپەڕکێی کوردی دەدات، ئێمە وەک ژنێک کە ئەم کولتوورەمان لە سنگماندا پاراست و دەوڵەمەندمان کردووە، بە تووڕەییەوە خۆمان لە دژی ئەو سیاسەتانە ڕێکدەخەین، بەتایبەت وەک ژنانی کۆبانێ، زۆرترین شانازی بە سەمای ڕەسەنی کۆبانێ دەکەین و هەمیشە لە مێشک و یادەوەرییەکانی کۆمەڵگەدا بە زیندوویی دەهێڵینەوە.
لەیلا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هەڵپەڕکێ وەک میتۆدێکی خەبات بەکاردێنن و وتی: هەڵپەڕکێی کوردی کولتوورێکی کۆنە، مرۆڤ دەتوانێت وەک میراتێکی خەبات و بەرخۆدان وەریبگرێت، دەڵێت: ئێمە ئەم هەڵپەڕکێیە بە هەڵپەڕکێی ئازادی ناودەبەین چونکە ئەوانەی دەیانەوێت هەڵپەڕکێمان قەدەغە بکەن، ئازادیشمان قەدەغە دەکەن، بۆ ئەمەش بە تایبەتی وەک ژن، بە هەڵپەڕکێ لە گەڕەک و شەقامەکاندا وەڵامی دەوڵەتی تورکیا دەدەینەوە، فەرهەنگی دایکمان هەرگیز لەناو ناچێت، بەپێچەوانەوە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بۆ ئازادی خەبات دەکەین و دژی جینۆسایدی ئێستا دەوەستینەوە، لەمەودوا هەڵپەڕکێ دەبێتە ڕێگەی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و جینۆساید.
"لە هەموو بوارەکاندا بەدوای ئازادیدا دەگەڕێین"
خانم هیبۆ، ئەندامی گروپەکە وتی: هەڵپەڕکێ و گۆرانی لە ڕەوایترین مافەکانی پێکهاتەکانە بۆ دەربڕینی بوون و هەستی خۆیان، بە تایبەتی دەزانرێت گەنجان وابەستەی هەڵپەڕکێن، خۆشی و شادی خۆیان لەگەڵیدا دەردەبڕن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەوڵەتی تورک بە توندوتیژی و سیاسەتی تایبەت لە سەر گەنجانی باکووری کوردستان کەڵک وەردەگرێت، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک گەنج دەستیان بە هەڵپەڕکێ کردووە، دەستبەسەرکراون، ئەمەش ڕاستی دەوڵەتی تورک و تەنانەت ترسیان لە کولتووری ڕەسەنی ئێمە نیشان دەدات.
خانم هیبۆ دووپاتیکردەوە کە لە هەموو بوارەکانی خەباتدا بە دوای ئازادیدا دەگەڕێن و لە کۆتاییدا وتی: زمان و کولتوور و هونەری کوردی لە هەموو کاتێک گرنگترە، ئەوانەی پێشەنگایەتی پەرەپێدانی ئەمە دەکەن ژن و گەنجن، پێویستە گەنجان دوو خولەک نمایش کردنی هەڵپەڕکێیەکی ڕاستەقینە بە جلی کولتووری خۆیانەوە بۆ قڕکردنی سیاسەتی ستەمکاری خۆیان لەسەر کورد بڵاوبکەنەوە، بە تایبەت کاتێک ئەم گۆرانیە دەڵێین دڵ و مێشک و ڕۆح و هەستەکانمان لە دەوری ئازادی کۆدەبنەوە، ساڵانێکە دەوڵەتی تورکیا گوندەکانی باکووری کوردستان وێران دەکات، پێکهاتەی کورد تووشی هێرشی جینۆساید بووەتەوە، بەڵام دەرەنجامەکەی چییە؟، ئەوەیە کە کورد زیاتر لە جاران خۆی لە چنگی قڕکردن دەپارێزێت.