"دەنگی ژنی کورد وەک داستانێکی ڕاستەقینە وایە"

ژنانی کۆچەری کە گۆرانی ڕەسەن و کۆن دەڵێنەوە، دەڵێن: لە شامارانەوە، کە داستانێکی مێژووییە بۆ ژنانی گۆرانیبێژ، دەنگی خۆیان دەگەیەننە هەموو جیهان و نەریتی خۆیان دەپارێزن.

عەبیر محەمەد

 

دێرک - گۆرانی کوردی لە دەشت و چیاوە وەرگیراوە و پڕاوپڕە لە دەنگی سروشت، بۆیە گۆرانییەکان ڕەنگدانەوەی سروشت و دیمەنی جوانی ڕەسەنایەتی نیشاندەدات لەم بوارەشدا ژنان پێشەنگن، لە ڕۆژئاوای کوردستان مرۆڤ ناتوانێت باس لە گۆرانی ڕەسەن بکات، بەبێ ئەوەی باسی گۆرانیبێژی ژنی کورد نەکات، بەتایبەت ژنانی کۆچەری شاری دێرک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە دەنگە بەرزەکانیان ناسراون. تا ئەمڕۆش تێکست و گۆرانییە ڕەسەنەکانیان لەبیر نەکردووە.

 

دوو ژنی کۆچەری لە شاری دێرک بۆ نوژنها دوان و باسیان لە گۆرانی وتنی ڕەسەن کرد و پێکەوە هەندێک تێکستی ڕەسەنیان وتەوە.

 

"هەموو گۆرانییەک داستانێکە بۆ ئێمە"

سوعاد مستەفا، کۆچەرێکی خەڵکی شاری دێرکە باسی لە گۆرانی ڕەسەنی کوردی و کاتەکانی وتنی کرد و وتی: گۆرانی لە زۆرشوێن و کاتی خۆشی و ناخۆشیدا دەوترێتەوە، بەپێی ئەو ڕووداوانەی ژیان کە ڕوودەدەن، مرۆڤەکان هەم بۆ چێژ و هەم بۆ خەفەت دەبنە گۆرانیبێژ، جاران کاتێک شەڕ لە نێوان دوو عەشیرەتدا دەبوو، ئەو لایەنەی لە شەڕەکەدا سەرکەوتوو بوو، گۆرانی خۆشی لەسەر عەشیرەتەکەیان دەگوت و ستایشی دەکرد، هەروەها لایەنی دۆڕاو لەو شەڕەدا گۆرانی خەم و پەژارەی دەوتەوە، نموونەی ئەوەش ئەو گۆرانییە کۆنەیە کە تیایدا دەوترێت "ئەندامانی بنەماڵەی باوکم نەماون، بۆیە سیاجەکەیان لە بەردەم ماڵی باوکم شکاندووە"، زمانی کوردی لە سروشتی خۆیدا زۆر دەوڵەمەندە، بۆیە هەر وشەیەک کە لە دەمی مرۆڤێکەوە دێتە دەرەوە دەبێتە گۆرانی و داستانێکی پیرۆزی لێدەنووسرێتەوە.

 

"زۆربەی گۆرانیە کوردیەکانمان لەسەر کاری ژنانە"

سوعاد مستەفا سەرنجی بۆ گۆرانی کوردی ڕاکێشا کە زۆربەیان لەسەر ژنان نووسراون، بۆ ئەوەی ماندووبوونیان نیشان بدات، وتیشی: لە مێژووەوە زۆربەی گۆرانییە کوردییەکانمان لەسەر ژنان وتراوە، هەر گۆرانییەک ئامانجێک لە قسەکانیدا هەیە، نموونەی ئەوەش گۆرانی شامارانە کە لەسەر ژنان دەوترێتەوە، بە وتنی ئەم گۆرانیانە، مێژووی ژن و کارەکانیان دەگێڕدرێتەوە.

 

"با مێژووی گۆرانی وتنمان نەفەوتێت"

سوعاد مستەفا داوای لە کۆمەڵگە کرد کە نەهێڵن مێژووی گۆرانی وتن لەدەست بچێت، "وەک چۆن دایک و باوکمان گۆرانی ڕەسەنیان بۆ دەوتینەوە و لەبیرمانە، دەبێت منداڵەکانی داهاتووشمان فێربن و نەهێڵن ئەم مێژووە لەناوبچێت، با کۆمەڵگەکەمان کولتوورەکەمان لەدەستنەدات، چونکە ئەمە ناسنامەی ئێمەیە، هەر لە سەرەتاوە بە جلوبەرگ و نەریت و دەنگ و گۆرانیمانەوە پیشان دراوین، با هەمیشە وەک کورد لە جیهاندا دیار بین و دەستبەرداری کولتوورەکەمان نەبین".

 

"ژنانی کۆچەر بە گۆرانییەکانی کاتی ڕەنجدان بەناوبانگن"

فاتمە سەعدون کۆچەرێکی دیکەیە و باس لە ناوبانگی گۆرانیبێژیی ژنانی کۆچەری دەکات و دەڵێت: بەناوبانگترین گۆرانییە کۆن و ڕەسەنەکان لە ڕابردوو و تا ئەمڕۆش گۆرانییەکانی کاتی ڕەنجکێشانە، کە تا کارەکانیان تەواو دەبوو گۆرانییان دەوت، کۆچەرییەکان بنچینەی دەنگی ڕەسەنن لە ڕۆژئاوای کوردستان، گۆرانی هەرە خۆشەویست لەلای من کە لە منداڵیمەوە دەیڵێمەوە و کاریگەریم لەسەر دروستدەکات، گۆرانی شامارانە، کە لەسەر ژنان دەوترێتەوە کاتێک داسەکەیان فڕێ دەدەنە سەر زەوی و دەڵێن "شاماران و ماڵی باوک، شاماران، باڵا بەرزی ڕوو دیار، ئێمە جوتمان لە دەریای واندا ڕاکێشا".