"زمان ناسنامە و مێژووی گەلێکە"

دەوڵەتانی داگیرکەر هەمیشە لە ڕێگەی زمان و کولتوور و ناسنامەوە ڕێگە بۆ داگیرکاری خۆش دەکەن، سنور ڕەحمانیش دەڵێت: داگیرکەر چەندە داگیرکردنی خاکی کوردستانی بۆ گرنگە و چاوی تێبڕیوە، ئەوەندەش هەوڵی لەناوبردنی کەسێتی تاکی کورد و زمان و ناسنامەکەی دەدات.

سلێمانی

 

زمان ئامڕازی مانەوە و شووناسی هەر نەتەوەیەکە، گەلی کوردیش یەکێکە لەو گەلانەی زۆرترین ئاسیمیلاسیۆن و هەوڵی لەناوبردنی لە ڕێگەی زمانەکەیەوە دراوە، دەوڵەتی تورکیا چەندین ساڵ ئەو زمانەی لە وڵاتەکەیدا قەدەغە کرد، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان خوێندن بە زمانی عەرەبی بوو، کە هەموو ئەمانە دەبوونە مەترسی لەناوچوونی گەلی کورد، بەڵام ئەم گەلە هەمیشە لە ڕێگەی زمان و تێکۆشان و پاراستنی شووناس و کولتوورەکەیەوە لە بەرخۆدانیدا بووە بۆ مانەوە.

 

ئەگەر باس لە باشووری کوردستانیش بکەین، ئەگەرچی لە هیچ سەردەمێکدا زمانی کوردی تیادا قەدەغە نەکرا، بەڵام بە ناوی سیاسەتی مۆدێرنەوە، هەوڵی ئەوە دەدرێت زمانی بیانی بخرێتە پێش زمانی کوردییەوە و نەوەی نوێ پێش زمانی دایکیی کە کوردییە، فێری زمانی بیانی دەکرێت، سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، باس لە گرنگی زمان لە مانەوەی هەر نەتەوەیەک دەکات و دەڵێت: زمان میراتی کۆمەڵایەتییە، ئامڕازی ئاخافتنی کۆمەڵگەیە و دەبێتە ئەخلاق و هزر و کولتووری کۆمەڵگەکە، وەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت کە زمان بە قووڵی گرێدراوی کولتوورە، زمان دەبێتە ناسنامەی نەتەوەیەک، ئەگەر سەیری مێژووی نزیک بکەین، دەبینین بە درێژایی دابەشکردنی خاکی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە، بە فۆڕمی جیاواز و بە ئەندازەی قڕکردنی فیزیکی کورد و لەناوبردنی خاک و بێواتا کردنی نەتەوەیە، زمانیش لە بەردەم سڕینەوە و شێواندنیدا بووە.

 

"داگیرکاری لە ڕێگەی لەناوبردنی زمان و کولتوورەوە ئەنجام دەدرێت"

سنور ڕەحمان باسی لەوەشکرد، زمان هەم دەتوانێت نەتەوەیەک بخاتە بەرچاو، هەم دەتوانرێت بە ڕێگای داگیرکاری لەناو ببرێت، لە بارەی بڵاوکردنەوە و لەپێشینەکردنی زمانی بیانی، وەک ڕۆژنامەنووسێک دەڵێت: بابەتی بڵاوکردنەوەی زمانی بیانی گرێدراوی سیاسەتە، لە بنەڕەتدا زمان و تێگەشتنی کۆمەڵگەیەکە لە یەکدی، بۆ نموونە یەکێک لەو گرێیانەی داگیرکەران لەناو کورددا چاندوویانە، گرێی خۆبەکەم زانینە، بێگومان ئەمە نەک تەنها لەسەر زمان، لەسەر شێوازی ژیانیش پێشخراوە، ئەگەر زمانێکی دیکە نەزانیت کەواتە تۆ کەمیت هەیە، ئەمەش تەکنەلۆژیا و کردنەوەی شەپۆلی زانکۆ و پەیمانگاکان کاریگەری زۆری لەسەر کردووە، کە دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە زۆر پڕۆژەی سیاسی بەرەوپێش ببەن لەسەر گەلی کورد.

 

سنور ڕەحمان تیشکی خستەسەر ڕێبازەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر کە پێش داگیرکردنی ناوچەیەک بەڕێوەی دەبەن بۆ ئەوەی بەرپەرچدانەوە دروست نەبێت، ئەویش هێزی نەرمە، کە دەستبردنە بۆ کولتوور و زمان، وتیشی: داگیرکەر چەندە داگیرکردنی خاکی کوردستانی بۆ گرنگە و چاوی تێبڕیوە، ئەوەندەش هەوڵی لەناوبردنی کەسێتی تاکی کورد و زمان و ناسنامەکەی دەدات، بۆیە کاتێک من زمانەکەم بە کەم نەبینم، خۆم و نەتەوەکەم بە کەم نابینم، بە زمانی خۆم دەتوانم مێژووی نەتەوەکەم بناسم، بۆیە ئەگەر زمانەکەم بۆ گرنگ نەبێت، کەواتە ناسنامەی کوردبوونیشم ناناسم و ناتوانم ڕێکخستنێکی بەهێز بەڕێوە ببەم.

 

"ژنان دەبێت پێشەنگی پاراستنی زمانی کوردی بن"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: دەوڵەتانی داگیرکەر لە زمانی کوردی زۆر دەترسن، لەم چەند ساڵەی کۆتاییشدا کە باشووری کوردستان زمانی بیانی تیایدا زۆر بڵاوەی کرد، کاریگەری دەوڵەتی تورکیای لەسەرە، لە پێشتریشدا کاریگەری تەعریبمان لەسەر بووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سنور ڕەحمان باس لە هۆشیاری گەلی کورد دەکات، وتی: زمانی کوردی سەرەڕای هەموو هێرشەکانی لە سەریەتی لە ڕیزبەندی دەوڵەمەندترین زمانەکاندایە، لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتانەی کە هەوڵی داگیرکردن و لەناوبردنی دەدەن لە ڕیزبەندییەکانی دوای زمانی کوردیدان، بۆیە گرنگە کە شانازی بە شێوەزار و زمانەکەوە بکرێت، هەروەها پێویستە زمانەکە لە زمانی بیانی پاک بکرێتەوە و زمانەکە بە پاکییەکەی خۆی و دوور لە ڕەگەزگەرایی بپارێزرێت و لە دەستوەردانی دەرەکی بەدوور بگیرێت، ئەم خەباتەش پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنە هەیە و ژنانیش لە ڕیزی پێشەوەی پاراستنی زمانەکە دان.