بە بەشداری ١٦ هونەرمەندی شیوەکاری ژن پێشەنگای "بەهرە ڕەنگینەکان" کرایەوە
بۆ پێشاندانی بەهرە و توانای گەنجانی پێشەنگایەکی شێوەکاری لە سلێمانی کرایەوە.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی لە شاری سلێمانی پێشەنگایەک بە ناوی" بەهرە ڕەنگینەکان" بۆ گەنجان و بەهرەمەندانی سنوری پارێزگای سلێمانی لە لایەن بەڕێوبەرایەتی لاوانی پارێزگای سلێمانی کرایەوە.
پێشەنگاکە لە کاتژمێر ١٠:٣٠ی سەر لەبەیانی بۆ ٤ی دوا نیوەڕۆ بەردەوام بوو، تیایدا ٤٥ تابلۆی ١٨ هونەرمەندی شێوەکار نمایشکرا کە ١٦ هونەرمەندیان ژن بوون.
هەر تابلۆیەک و باسی لایەنێکی ژیانی دەکرد و سەردانیکەران دڵخۆشبوون بە بینینی بەهرەی هونەرمەندانی گەنج.
"کردنەوەی ئەم پێشەنگایانە گرنگی هونەرمان پێشان دەدات"
بێری بەختیار، هونەرمەندی شێوەکار بە ٣ تابلۆ بەشداری لە پێشەنگاکەدا کردووە، وتی: هەر لە منداڵیەوە خەریکی کاری هونەری و کێشانی تابلۆم، تابلۆکانم بە بۆیەی زەیتی دەکێشم و کاتێکی زۆری پێ دەچێت بۆ کێشان و وشکبوونەوەیان، تابلۆکانم باسی دەروونی ئەو کەسانە دەکات کە ناتوانن ناخی خۆیان دەرببڕن و هونەریش بۆ ئەو کەسانە کارێکی باشە بۆ ئەوەی لەو دۆخە بێنە دەرەوە، ئەم جۆرە پێشەنگایانە گرنگی هونەرمان بۆ دەردەخات و وامان لێ دەکات بەردەوام بین لەسەر کارەکانمان.