داگیرکاری مۆرکی خۆی لەسەر ناوی منداڵانیش جێهێشتووە ...١

کولتوور و نەتەوە، شووناسی تاکن و ناوی مرۆڤ بەشێکی ئەو شووناسەیە، بەڵام بەشێکی خێزانەکان ناوی بیانی لە منداڵەکانیان دەنێن، نووسەرێکیش دەڵێت: بەهۆی داگیرکاری سەر کوردستان هەوڵ دەدرێت زمانیش داگیر بکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ناو بەشێکە لە کەسایەتی مرۆڤەکان، لە ڕێیەوە تاکی کۆمەڵگەی پێدەناسرێت، بەهۆی ناوەوە کولتوورە جیاوازەکان لێک جیادەکرێتەوە، چونکە یەکێک لە بنەمای کولتووری کۆمەڵگەکان، بۆیە پاراستنی ناو بەشێکی پارێزگاریکردنە لە زمان و کولتووری نەتەوە.

 

لە ئێستادا بەهۆی کاریگەری دەوڵەتانی دراوسێ و سۆشیاڵ میدیا و کولتووری وڵاتانی ڕۆژئاواوە، ناو و زمانی کوردی بەرەو لەناوچوون دەچێت، بە جۆرێک زۆرینەی خێزانەکان ناوی منداڵەکانیان بیانیین یاخود مانادار نین، بگرە هەندێکیان پێیان شەرمە ناوی منداڵەکانیان ناوێکی تەواو کولتووریانە بێت و پەیوەستبێت بە نەتەوەی کورد.

 

"مرۆڤ بەو ناوەوە دەناسرێتەوە کە لێی نراوە و دەبێتە بەشێک لێی"

کەتان خادیمی، هۆنەر و چیرۆکنووس، دەربارەی ناو و دیاریکردنی کەسایەتی بە ناو باسی لەوەکرد، هەموو کەسێک کاتێک ناوی منداڵ دەنێت پێویستە بزانێت ئەم ناوە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی ئەو تاکە، تا کۆتایی تەمەنی پێوەی دەبێت و مرۆڤەکە بەو ناوەوە دەناسرێتەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاستەوخۆ لە پاش لە دایکبوونی منداڵەکە ناونراوە بێ ئەوەی بیری لێبکرێتەوە بەهۆی کەمی ژمارەی دانیشتوانیش ناوەکان دووبارە بوونەتەوە، بەڵام ئێستا بەو جۆرە نییە و لەسەرەتای زانینی ڕەگەزی منداڵەکە ناوەکەی بۆ دەدۆزرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەدا لە ساڵانی ڕابردوودا ناوی منداڵ بە پێی دۆخی ژیان زیاتر ناودەنرا، بۆ نمونە کاتێک کەسێک لە زیندان ئازاد بوایە بەو هۆیەوە ناوی منداڵەکەیان دەنا ئازاد، چەندین ڕووداوی لەم جۆرە هەیە کە پشتیان بە دۆخی ژیانی ئەو کاتەیان بەستووە، یاخود بە ناوی شۆڕشگێڕەوە ناونراون.

 

"ناوی کوردی ڕەنگدانەوەی کولتووری کوردە"

کەتانی خادیمیی چیرۆکنووس ئاماژەی بەوەدا، پێوەر و بنەمایەک نییە بۆ ناونانی منداڵان بەڵام ئەوەی دەبێتە پێوەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئاین و کولتوورە، کە هەمیشە داوا لە خێزانەکان دەکەن منداڵەکانیان ناوێک بنێن مانادار بێت، لەگەڵ کولتووری کوردیدا یەکبگرێتەوە بە جۆرێک لە داهاتوودا ئەو منداڵە شەرم لە ناوەکەی نەکات.

 

هەمیشە ئەو کەسانەی شارەزاییان هەیە لە زمان و کولتووری کوردی داوا دەکەن ناوی منداڵان ناوێک بێت خزمەت بە زمانی کوردی بکات و لە خەمی کولتوورەکایاندا بن، چونکە بەو ناوەوە دەناسرێت و لە هەر وڵات و ناوچەیەکدا بێت دەزانرێت ئەو تاکە کوردە، کەتانیش دەڵێت: ناوی کوردی کۆمەڵێک ناوی بەواتەیە، یاخود گوڵ و شاخێکە لە کوردستان کە بەهۆیەوە دەتوانرێت کەسانی بێگانەش شارەزای تایبەتمەندییەکانی کوردستان بێت، چونکە ناوەکان ڕەنگدانەوەی کورد و کوردستانە.

 

"کۆمەڵگەی کوردی کەتووەتە ژێر کاریگەری کولتووری وڵاتانی دیکە"

ناوی منداڵانی ئێستا لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا نامۆیە بە کولتوورەکە، ئەو ناوانەی بەر لە ١٠٠ ساڵ لە منداڵان نراون بوونەتە بەشێک لە کولتوور و مێژووی کورد کە زۆرکات لە دەمی دایک و باوکانەوە دەبیسترێن، بۆیە زۆر کات کەسانی بەتەمن لە هێنانی ناوی نوێدا کێشەیان دەبێت.

 

ئەو چیرۆکنووسە باسی لەوەکرد دایک و باوکێک لە چ ژینگەیەکدا بژی و کاریگەری چ جۆرە کولتوورێکی لەسەر بێت بەو شێوەیە لە ژیانی خۆیدا ڕەنگ دەداتەوە، بۆ نمونە دایک و باوکێکی نەوەی نەوەدەکان و دوو هەزارەکان بێگومان دەکەونە ژێر کاریگەری کولتووری وڵاتانی دەوروبەر و ڕۆژئاوا، بۆیە منداڵەکانیان ناوی تورکی، فارسی و ئینگلیزییە، بەهۆی ئەوەی کورد و خاکی کوردستان بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی داگیرکاریدا بووە، بۆیە هەوڵدراوە لە ڕێی زمانیشەوە داگیر بکرێت و وردە وردە زمانی کوردی لەناو بچێت.

 

"گەورەترین هەڵەی ناونان ئەوەیە کە نەزانی مانای ناوەکە چییە یاخود لە خۆتەوە ناوێک دروستبکەیت، دایبتاشیت و بڵێیت ئەوە کوردییە بۆ نمونە ناوی بارین زۆرکەس دەیکات بە ڤارین دەڵێن شێوەزاری بادینییە بەڵام لە ڕاستیدا بوونی نییە و واتاشی نییە، هەروەها هەندێک کەس لە وشەی شێوەزارەکانی دیکە تێناگەن، بەڵام ناوی منداڵەکانیانی پێدەنێن لە کاتێکدا لەوانەیە ئەو وشەیە مانایەکی خراپ بدات بەدەستەوە".

 

"پیتی ناویش کاریگەری لەسەر کەسایەتی منداڵ هەیە"

کەتان خادمی ئاماژەی بەوەدا، ڕاستە کۆمەڵێک ناو تایبەت نین بە کولتووری کوردی، بەڵام کەس نازانێت لە داهاتوودا کۆمەڵگە بەرەو چی دەڕوات و چی زیاتر داوای لەسەر دەبێت، ڕەنگە ئەم ناوانە زیاتر ویستی لەسەر بێت، چونکە ئێستا نەوەیەک بەرەو پێگەیشتن دەچێت کە تەواو پەیوەستە بە کولتووری ڕۆژئاوای و سۆشیاڵ میدیاوە.

 

کەسانی شارەزا و دەرووناسان باسیان لەوە کردووە، تەنانەت پیتی ناو کاریگەری لەسەر کەسایەتی و دەروونی منداڵەکە هەیە تا گەورە دەبێت لەسەری، کەتان وتی: ناوی نەرێنی و واتای خراپ دەبێتە هۆکارێک بۆ تێکشکاندنی دەروونی کەسەکە و ڕایەیت لەسەر ئەو نەرێنییە.

 

لە کۆتایدا جەختیلەوە کردەوە، لەسەر شانی دایک و باوکان پێویستە گرنگی بە ناوی منداڵەکانیان بدەن، هەوڵبدەن هۆشیارانە ناو لە منداڵەکانیان بنێن بۆ ئەوەی کەسایەتیەکی کوردی ڕەسەن بونیاد بنێن و لە ناونانی منداڵە کچ و کوڕەکانیشیاندا جیاوازی نەکەن.