فێستیڤاڵی سوورفەستێ دەست پێدەکات

لە ناوچەی سووری ئامەد، میوانداری فێستیڤاڵی ژنانی سوورفەستێی فرە زمانی و فرە کولتووری دەکرێت و مامۆستا ساڵیحا ئایاتا، پەروەردەکار داوای لە سەرجەم ژنان کرد، بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پاراستنی سوور.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- کۆمەڵەی کولتووری و هونەر و وێژەی ژنان-کاسەد لە ناوچەی سووری ئامەد لە نێوان ٢٩ی ئەیلوول تا ٥ی تشرینی یەکەم، فێستیڤاڵی ژنانی سوورفەستێ بۆ نمایشکردنی کارە هونەری و کولتوورییەکان لەسەر زمانی دایک بەڕێوەدەبات.

 

ئامانجی کۆمەڵەکە ڕەخساندنی دەرفەتە بە ژنان لە هەموو بوارەکاندا، کە لەگەڵ هونەردا کۆببنەوە، هەموو زمانە دایکییەکان کۆبکەنەوە و یادەوەری کولتووری و مێژوویی سوور بپارێزن.

 

سەرەتای فێستیڤاڵەکە لە ٢٩ی ئەیلوول لە کڵێسای سورپ گیراگۆس لە سوور بە گۆرانی ئەرمەنی و کوردی، کە لەلایەن ژنانەوە دەوترێتەوە، دەستپێدەکات، لە میانی فێستیڤاڵەکەدا کات بەسەربردن بۆ منداڵان و چیرۆکگێڕانەوە و کۆنسێرت و نمایشی جلوبەرگی نیشتمانی پێشکەش دەکرێت، هەروەها یادی ٥ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەکە دەکرێتەوە.

 

ساڵیحا ئایاتا، مامۆستا لە کۆمەڵەی کولتووری و هونەر و وێژەی ژنان لە بارەی فێستیڤاڵەکەوە وتی: بانگهێشتی هەموو ژنان و منداڵان دەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵماندا بن، ماوەی ٥ ساڵە لە مەیداندا کار دەکەین تا خۆمان بگەیەنینە زۆرترین ژن و منداڵ، خولی زمان و میوزیک و هەڵپەڕکێ و نیگارکێشی و ئامێر بۆ ژنان و منداڵان پێشکەش دەکەین، بە تایبەتی لە ڕێزان و سوور کار دەکەین، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەمەش ئەوەیە کە دەرفەتەکان لێرە زۆر سنووردارن، خەڵک ناتوانن دەستیان بەم جۆرە کارە بگات، ئێمە لە مەیدانەکەداین و کاردەکەین بۆ کەمکردنەوەی سنوورەکان بۆ نزمترین ئاست، لەم کاتەدا بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنمان بۆ ژنان و منداڵان لە هەموو بوارێکدا.

 

"فێستیڤاڵێک دەبێت کە زمانی دایکی تێیدا هاوبەش دەبێت"

ساڵیحا ئایاتا ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی سەرەکییان لەم فێستیڤاڵە کۆکردنەوەی سەرجەم ژنانی سوورە و وتی: لەم فێستیڤاڵەدا ئامانجمان ناڕەزایەتی دەربڕینە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی پاشخستن، لە ٢٩ی ئەیلوولدا سەرەتا بە زمانی کوردی و ئەرمەنی لە کڵێسایەکی ئەرمەنیدا دەست پێدەکەین، یەکێک لە ئامانجە گەورەکانمان کۆکردنەوەی دەنگ و زمانی دایکیی ژنانە، لەم فێستیڤاڵەدا هەموو ژنان دەتوانن بە ئازادی بە زمانی دایکی خۆیان گۆرانی بڵێن، ئاهەنگ بۆ ژنان و منداڵان بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا وۆرک شۆپی هونەری و پانێڵ و خوێندنەوەی چیرۆکمان دەبێت، لە کۆتا ڕۆژدا نمایشی جلوبەرگ دەکرێت کە ڕەنگدانەوەی کولتووری کوردییە، سەرەتای فێستیڤاڵەکە لە کڵێسا دەبێت، کۆتاییش  لە کۆشکی جەمیل پاشا دەبێت.

 

"کۆمەڵکوژی دژی منداڵان دەوەستێنین"

ساڵیحا ئایاتا لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد گۆرانییەک لەسەر نارین گورانکە لە ئامەد کوژراو دوای ١٩ ڕۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە نووسیوە و وتی: ئەو ڕووداوەی ڕوویدا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هەموومان هەبوو، هەروەها جێگەیەک لە فێستیڤاڵەکەدا بە نارین دەدەین.