"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانم بەکار دەهێنم"
ژنان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرهەمەکانیان بە بینەران دەناسێنن و کردوویانەتە سەکۆیەک تا لە ڕێگەیەوە سەرچاوەی بژێوییان دابین بکەن.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- بەشی شێوەکاری و هونەر لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاری دەرچووی هەیە، ژنانی بەهرەمەند و دەستڕەنگین بە ڕێگەی جیاواز هەوڵی خستنەڕووی تواناکانیان دەدەن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بووەتە سەکۆیەک تا کارەکانیان بناسێنن.
شۆخان جەمال ماوەی ١١ ساڵە خوێندنی بەشی شێوەکاری و هونەر تەواو کردووە، وەک خۆی دەڵێت: تاکو ئێستا دانەمەزراومم سەرقاڵی کاری هونەریم و لە کارەکەم دوور نەکەوتوومەتەوە.
شۆخان جەمال سوودی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیوە و لە ڕێگەیەوە بەرهەمەکانی دەناسێنێت و بووەتە سەرچاوەیەکی داهات بۆی، وتیشی: لەبەر ئەوەی دەرچووی بەشی سیرامیکم زیاتر بە هەویری سارد و قاڵب کار دەکەم، هەروەها هونەری شێوەکاریشم پشتگوی نەخستووە و بەردەوام گرنگی پێ دەدەم، کارەکانم ئۆنلاینە و لە ڕێگەی پلاتفۆڕمەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و سناپەوە بەرهەمەکانی بە بینەر دەگەیەنم.
لە کۆتاییدا لەبارەی بەهرەمەندی ژنانەوە شۆخان جەمال وتی: ژنان هەر پەنجەیەکیان هونەرێکە، هەرچەندە داهات کەم بێتم بەڵام پێویستە گرنگی بە کارەکانمان بدەین، پەیامیشم ئەوەیە، هەموو کەسێک بەهرەی هەیە و لە هەر بوارێکدا بێت، کار بکات و ژنانیش لە کارەکانیاندا سەرکەوتوونم تەنها پێویستە پەرەی پێبدەن و بیکەنە داهاتێک بۆ خۆیان.