“پێویستە ئیتر بەرهەمە کوردییەکان ببنە جێگرەوەی بەرهەمی تورکی”
دەرهێنەرێک دەڵێت: کاتی ئەوە هاتووە فیلم و درامای کوردی ئەوەندە بەرەوپێش بچێت ببێتە جێگرەوەی فیلم و دراما بیانییەکان بەتایبەت بەرهەمە تورکییەکان، چونکە دەبنە هۆکار بۆ تێکدانی کولتوور و پەروەردەی تاکەکانی کۆمەڵگە.
شنیار بایز
سلێمانی- بەرهەمە تورکییەکان بەتایبەت دراماکان ماوەیەکی دوور و درێژە لەناو خەڵکی باشووری کوردستاندا باوە، لە ڕابردوودا خێزانەکان بە تامەزرۆییەوە تەماشایان دەکرد، لە ئێستاشدا هەندێک لە هاوڵاتیان هۆشیار بوونەتەوە و خۆیان بەدوور دەگرن لە تاماشاکردنی، بەڵام هێشتا چەندین خێزان و گەنج و کەسانی بەتەمەن هەن هەموو ڕۆژێک چاوەڕێی ڕووداوێکی تازە دەکەن لەناو دراماکاندا.
لاوازی بەرهەمی کوردی وەک 'دراما و فیلم'، هۆکاری ڕووکردنی خەڵکە بە لای دراما بیانییەکانەوە، بۆیە ئەوەی گرنگە ئەکتەر، سیناریۆنووس، دەرهێنەر و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم و دراما، بکەونە هەوڵێکی جدییەوە، بۆ دروستکردنی بەرهەمی جیاواز و چێژ بەخش.
"خێزانەکان وایان لێهاتووە تامەزرۆی سەیرکردنی فیلم و درامای تورکین"
لیلیان ئەمیر، دەرهێنەر، دەربارەی فیلم و دراما تورکییەکان ئاماژەی بەوەکرد، چینەکانی کۆمەڵگە بە تامەزرۆییەوە دادەنیشن بەدیار ئەو درامایانەوە بە شێوازێک بەشی زۆری ئەو میدیایانە بە هۆی ئەو درامایانەوە بینەریان هەیە، خێزانەکان ئێواران چاوەڕوانی ڕووداوی تازەی ناو دراماکانن، لەگەڵ ئەوەی لە کولتووری کوردییەوە دوورە کاریگەری خستووەتە سەر تاکەکانیشی، بۆ نمونە کاتێک شێوازێکی قژی نوێ یاخود جلوبەرگێک دەبینرێت لەو دراما و فیلمانەدا لە پاش ماوەیەکی کەم دووبارە دەکرێتەوە، چونکە دراما و فیلمە تورکییەکان بە شێوازێک بەرهەم دەهێنرێن کە دوورە لە کولتووری کوردییەوە، ئەمەش جیاوازە لە بەرهەمە ناوخۆییەکان، بەرهەمە ناوخۆییەکان ئەوەندە سادەن هاوڵاتیان حەز بە سەیرکردنی ناکەن و حەز بەو جیاوازییە دەکەن.
"کەموکورتی ناو فیلم و دراما کوردییەکان هۆکارن بۆ تەماشاکردنی فیلم و درامای تورکی"
دەربارەی ئاستی فیلم و دراما کوردییەکان لیلیانی دەرهێنەر ڕوونیکردەوە، ئاستی بەرهەمە کوردییەکان هێشتا زۆری ماوە تا بتوانێت بینەر تەواو بۆ خۆی ڕاکێشێت، چونکە بینەر ڕۆژانە بەرکەوتنی بەو درامایانە هەیە قبوڵی بەرهەمی سادە و بێ جیاوازی ناکات، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی بەرهەمی کوردی کەمن، ڕەنگە لە ماوەیەکی زۆردا درامایەک یاخود فیلمێک بەرهەم بێت، بەڵام ڕۆژانە فیلم و درامای تورکی بەرهەم دێت، وتیشی: کەمی بەرهەمی کوردی و فیلم و دراماکان وە هەروەها کەم و کورتییەکانی ناویان وایان کردووە بینەر بکشێتەوە لە تەماشاکردنیان، هەروەها بینەر حەزی بەو قاڵبە کۆنە نەماوە کە لە فیلم و دراما کوردییەکاندا بەکاردێت، بەڵکو حەزی بە تازەگەرییە، خۆ ئەگەر هەمان سیناریۆش دووبارە بکەنەوە بەهۆی کێشەی نواندنەکانەوە بە شێوازێک دووبارەی دەکەنەوە، بینەر بەلای خۆیاندا ڕاناکێشن.
"پێویستە گۆڕانکاری بکرێت لە بەرهەمی کوردی نوێگەری تێدا بکرێت"
لیلیانی دەرهێنەر ئاماژەی بەوەدا، ئەو بڕە پارەیەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە دۆبلاژکردنی فیلم و دراما بیانییەکاندا بە هەدەری دەدەن، پێویستە بیدەنە ئەو کۆمپانیایانەی دەرهێنان بۆ بەرهەمە کوردییەکان دەکەن، هەوڵی ئەوە بدەن پێکەوە بەرهەمێکی تۆکمە بنیاد بنێن کە پڕ بێت لە تازەگەری، بە شێوازێک لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی بگونجێت، چیتر بودجە لە بەرهەمی تورکی بەهەدەر نەدرێت، بەڵکو لەپێناو بینەری کوردیدا هەوڵی بەرهەمهێنانی بەرهەمی باش بدەن و پەخش بکرێت نەک تەنها لە فێستیڤاڵەکاندا نمایش بکرێن.
"چیتر با ژن وەک کەسێکی بێ توانا لەناو فیلم و دراماکاندا دەرنەکەوێت"
لەلایەکی دیکەوە باسی لە ڕۆڵی ژن کرد لە دراما کوردییەکاندا کە تا ئێستاش ژن وەک شەڕانگێز و هۆکاری کێشەکانی کۆمەڵگە نیشان دەدەن، وتیشی: هیچ کات ژن بە جۆرێک نیشیان نەدراوە تواناکانی دەربخرێت و سەرکەوتنی ژنان نیشان بدرێت لە کاتێکدا لە ئێستادا چەندین ژن هەن لە ژیانیاندا سەرکەتوون و لە بواری جیاوازدا کار دەکەن، بوونەتە پێشڕەوی بۆ ژنانی دیکە، ئەرکی دەرهێنەرەکانە ڕۆڵیک بدەنە ژنان کە تەنها قوربانی و کێشەوگرفت نەبێت، بەڵکو تواناکانیان دەربخەن، ڕۆڵێکیان بدەنێ کە تیایدا کار بکەن، تەنها لە ماڵەکاندا نەمیننەوە.
لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ئەو بیرکردنەوەیەی پێی وایە بە دەرخستنی توانای ژن، ژنان زاڵ دەبن، وای کردووە تا ئێستا چیرۆکی ناو فیلم و دراماکان بەو شێوازە بێت، وتیشی: گرنگە هەر کەس لەلای خۆیانەوە ڕێگری لە تەماشای فیلم و دراما تورکییەکان بکەن، دایکان و باوکان بۆ منداڵەکانیان یاخود لەناو سیستمی خوێندن، لەلایەن مامۆستاکانیانەوە هۆشیار بکرێنەوە، بۆ ئەوەی چیتر منداڵان تەماشای دراما تورکییەکان نەکەن، هەروەها دەرهێنەر و سیناریۆنووسەکانیش هێندە خۆیان بەرەوپێش ببەن، چیتر کۆمەڵگە حەزی تەماشاکردنی بەرهەمی تورکی نەمێنێت.