"دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕێگەی کولتوور و هونەرەوە داگیریان کردووین"
هونەرمەند ڕەمزی هەموو نەتەوەیەکە، بەڵام لە باشووری کوردستان هەق بە هونەرمەندان نەدراوە و لە بەرامبەردا ڕێز لە هونەرمەندانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەگیرێت، هونەرمەندێکیش دەڵێت: دەوڵەتانی داگیرکەر هونەریشیان داگیر کردووین.
شیرین ساڵح
سلێمانی- هەر گەلێک هونەر و کولتووری خۆی هەیە کە لەلایەن هونەرماندانەوە پێش دەخرێت و لە بەرامبەردا ڕیزێکی تایبەت لەو هونەرمەندانە دەگیرێت، بەڵام لە باشووری کوردستان ئەوەندەی ڕێز لە هونەرمەندی دەوڵەتانی داگیرکەر و کولتووریان دەگیرێت، ئەوەندە گرنگی بە هونەرمەندە کوردەکان نادرێت، ئەمەش نیگەرانی لای هونەرمەندانی باشووری کوردستان دروستکردووە و پێیان وایە هەر ئەوەیە وایکردووە نەیارانی کورد بتوانن لە ڕێگەی هونەریشەوە داگیرمان بکەن.
"لە ئێستادا ماددە خراوەتە پێش هونەرەوە"
ژیان ئیبراهیم، ئەکتەر، ئاماژەی بەوەکرد، لەم ساڵانەی دوایدا کاری هونەری زۆر کراوە کە کاری باش و خراپیشی تیادا بووە، بەڵام ئێمەی هونەرمەندان بەردوام کارمان کردووە بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونی هونەر بەتایبەتی لە بواری فیلم و دراما و سینەما، بۆ ئەم بەرەوپێشچوونەش دەبێت لایەنی پەیوەندیدار و بینەرانیش پشتگیریمان بکەن، ئەو کارانەی ساڵانی ڕابردوو دەکران بە دڵ و بە گیان دەکران لەلایەن هونەرمەندانەوە و ماددەیان لە پێش هەموو شتێکەوە دانەدەنا، ڕاستە هونەرمەند هەقی خۆیەتی لە پای ماندبوونی شتێک وەربگرێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا پارە دەخرێتە پێش هونەرەوە کە ئەوە کارێکی باش نییە.
" کارەکانی هونەرمەند دەبێت ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە بێت"
ژیان ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو، گەلی کورد لەوەتەی هەبووە ڕووبەڕووی ناخۆشی و دەربەدەری بووەتەوە، بۆیە زیاتر حەزیان بەو فیلم و کارە هونەریانەیە کە کات بەسەربردن و کۆمیدین نەک ئەوانەی باسی کێشەکان دەکات، هونەری دەوڵەتانی کاری کردوەتە سەر هونەری کوردی، بەڵام گرنگ ئەوە کە ئێمە سوود لە شتە باشەکانیان ببینین، کاری هونەرمەند قورسە بە تایبەتی بۆ هونەرمەندانی باشووری کوردستان، کاتێک کارێک دەکەین پشتگیریمان ناکرێت و ئەرکی ئێمەش قورسە، چونکە دەبێت کارێک پێشکەش بکەین کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی خۆمان بێت و جەماوەریش ئەوەی پێ خۆشە، گەل هونەرمەندێکی ئەوێت کە ڕابەر بێت و خەمی کۆمەڵگەی بێت، هونەرمەندیک دەچێتەو ناو گەلەوە کە دڵسۆز بێت و خاک فرۆش نەبێت، بەشێک لە هونەرمەندان کێشەی کۆمەڵگە دەخەنە ڕوو، بەڵام بەداخەوە بەشێکیان دەیانەوێت مەرامی خۆیان بگەیەنن.
"لە باشووری کوردستان ڕێز لە هونەرمەندی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەگیرێت"
ژیان ئیبراهیم ڕوونی کردەوە، هونەرمەند لە باشووری کودستان زۆر ماندووە و بە هەموو مەعاناتێکەوە کارەکانیان دەکەن، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە ماندووبوونیان ناگیرێت، لە کاتێکدا ئێمەش هیچمان کەمتر نییە لە هونەرمەندی وڵاتانی تر، چەندین هونەرمەندمان هەیە بە دەست هەژارییەوە کۆچی دوایی کردووە، کەچی هەنەرمەندی ئەو دەوڵەتانەی خاکمان داگیر دەکەن دەیهێننە باشووری کوردستان و ڕێزیان لێ دەگرن، لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتانە هیچ ڕێز لەئێمەی کورد ناگرن و تەنانەت بە میلەتمان نازانن.
وتیشی: ئێستاش لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە سنورەکانمان داگیردەکرێت، فڕۆکەخانەکانمان دادەخرێت، گوندەکانمان بۆردومان دەکرێت ژینگەی وڵاتەکەمان تێکەدەن و خەڵکی مەدەنی شەهید دەکرێن، گەلی کورد لەوەتەی کوردستان پارچە پارچە کراوە باجی ئەوە دەدات، بەڵام بەداخەوە گەلی کوردیش یەکگرتوو نییە و هەر لەو بیرکردنەوەدا ماوە کە ڕێز لە دوژمنانی بگرێت.
"دەوڵەتانی داگیرکەر تاکەکانی کورد هۆگر دەکەن بە هونەری خۆیانەوە"
ژیان ئیبراهیم جەختی کردەوە، بەداخەوە دەوڵەتانی داگیرکەر جگە لەوەی دەیانەوێت خاکەکەمان داگیر بکەن هەوڵدەدەن لە ڕێگەی هونەریشەوە داگیرمان بکەن، کارێکی وا دەکەن کە تاکەکانی کورد هۆگر بن بە سەیرکردنی هونەری خۆیانەوە نەک هونەری گەلەکەمان، لە کاتێکدا ئێمەی هونەرمەندی کورد کاتێک کارێک دەکەین بە بچوکترین شت ڕەخنەمان لێ دەگیرێت لەلایەن گەلەوە، بەڵام سەرسامی خۆیان بۆ کاری دەوڵەتانی تر دەردەبڕن، ئەمە هیچ جێگەی خۆشحاڵی نییە، ئێمە کاتێک دڵمان خۆشە کاتێک کارێکی جوان لە شاشەکانی خۆمانەوە دەبینین.
هەروەها وتیشی: دەوڵەتانی داگیرکەر ئەوەی ویستویانە توابیویانە بیکەن، چونکە گەلی ئێمە دڵ پاکن و بە هەموو شتێک ڕازی دەبن، ئەوانیش توانیویانە کۆنترۆڵمان بکەن، دەوڵەتە داگیرکەرەکان هونەرمەندەکانیشیان دڵیان ڕەقە بەرامبەر بە گەلی کورد لە کاتێکدا هونەرمەند نابێت سیفەتی دڵ ڕەقی ق نامرۆڤانەی تێدا بێت."
"هونەرمەند گوڵی یەخەی میلەتەکەیەتی"
ژیان ئیبراهیم لە کۆتایدا وتی"هونەرمەندمان زۆرە، بەڵام ڕێژەیەکی کەمیان لە ساحەکەدا ماونەتەوە بۆ کارکردن، بۆیە پێویستە ڕێز لەوانە بگیرێت کە ماونەتەوە، چونکە هونەرمەند گوڵی یەخەی میلەتەکەیەتی و کولتووری میلەتەکەی خۆی پێش دەخات، من وەکو هونەرەمەندێک داوا لە کاربەدەستان دەکەن کە پشتگیری هونەرمەند بکەن، لە هەمووی گرنگتر باری ژیانی خەڵک چاک بکەن، چونکە ئەگەر خەڵک برسی بێت پێی ناخۆش دەبێت پارە بۆ درامایەک خەرج بکرێت، کولتووریش ئەوەندەی ئەو نانە گرنگە کە دەیخۆین."