پەیام، نەخۆشی لە جەستەیدا و بەهرەمەندی لە دەستیدا

پەیام حەسەن ژنێکی گەنجی ٢٥ ساڵەم دانیشتووی کەلارە، ئەگەرچی نەخۆشی هەناسەتەنگی هەیە، بەڵام بێ ئومێد نەبووە و بە کاری دەستڕەنگینییەوە سەرقاڵە.

هاوژین شوکر

 

گەرمیان- پەیام حەسەنی ٢٥ ساڵ، دانیشتووی کەلارە، بەهۆی نەخۆشی لە دڵ و سییەکانی بەردەوام دەبێت ئامێری هەناسەدانە دەستکردەکەی لەگەڵیدا بێت، هەر بەو هۆیەشەوە نەیتوانیوە لە خوێندن بەردەوام بێت.

 

ئەو نەخۆشییە پەیامی بێ ئومێد نەکردووە بەڵکو دەستی ڕەنگین کردووە، ئەو دەڵێت ئێستا دەتوانم وێنە بکێشم و بە موروو کاری دەستی سەرنجڕاکێش دروستبکەم، سەرەتای دەستکردنیشی بە کاری دەستی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانەی دەچووە وڵاتی هیندستان بۆ وەرگرتنی چارەسەری، لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژدا خۆی بە کاری دەستییەوە سەرقاڵ دەکرد.

 

پەیامی گەنج لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها دەڵێت: "ئەگەر تەندروستیم باش بێت دەتوانم کاری زیاتری دەستی بکەم، بەڵام لە ئێستادا زوو هیلاک دەبم ، ئەوکاتانەی پێشانگایەک دەکرێتەوە لە کەلار دەچم و کارەکانم نمایش دەکەم".

 

چارەسەری نەخۆشییەکەی پەیامی دەستڕەنگین چاندنی دڵ و سییەکانە، لە دوای ئەوە ئامانجییەتی کە کارەکەی فراوانتر بکات و ڕۆژێک بتوانێت دوکانێک بۆ کارەکانی دابنێت.

 

هەرچەندە نەخۆشی و ئازار لە جەستەی پەیام دایە، بەڵام ئەو هەفتانە خۆی دەچێتە بازاڕ و ئەو پێداویستییانە دەکڕێت کە پێویستیەتی بۆ کارەکەی.

 

ت.پ