نوسەرێکی میسری: داهێنەری ژنان سنوری نییە و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی ناتوانێت ڕێگری لێبکات

کۆنەپەرستی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە گرنگترین قەیرانەکان کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە بوارە جیاوازەکاندا، بواری ئەدەبیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگەدا بەهۆی یاسا جیاکارییە ڕەگەزییەکانەوە ژنانی لە مافەکانی خۆیان بێبەش کردووە.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە - ناوەندی ڕۆشنبیری بەشێکە لە کۆمەڵگە و ژنان تیایدا بەدەست هەڵاواردن و دەرئەنجامەکانیەوە دەناڵێنن، کە ڕەنگە کاریگەری نەرێنییان لەسەر دروست بکات،زۆرێک لە ژنان لەو مەیدانەدا بەرەنگاری هەموو چەشنە ئەقڵیەتە پیاوسالارییەکان بوونەتەوە و بە داهێنانەکانیان لە بواری دراما و ئەدەبدا پێشەنگایەتی دەکەن.

 

زنجیرە چیرۆکی "شۆڕشی ڤانێلیا"، کۆمەڵێک باس و بیرۆکەی سەبارەت بە ڕۆڵی ژن و ئەو چەشنە کۆنەپەرستانەی کە کۆمەڵگە لەناویاندا دادەنێت، وروژاند، بۆ ئەوەی زیاتر دەربارەی ڕەهەند و وردەکارییەکانیان بزانن کاتێک لە چێشتخانەی ماڵەکانیان دێنە دەرەوە.

 

هیبەتوڵا ئەحمەد، نووسەری کتێبەکە و توێژەری تەندروستی دەروونی، دەربارەی داهێنەری ژن هەڵسەنگاندنی کرد و وتی: داهێنەری ژنان هیچ سنوورێکی نییە و ناتوانرێت بە چوارچێوە کۆمەڵایەتییە کۆنەپەرستانەکان ڕێگری لێبکرێت، چونکە ژن هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن هەموو بەربەستەکان بشکێنن و بە خواست و ئامانجەکانیان بگەن، بەرهەمی ئەدەبی یەکێکە لەو ئامرازانەی کە دەتوانێت بیرۆکەکان بگۆڕێت و کاریگەری لەسەر کولتووری هاوڵاتیان هەبێت کە پەیوەندیدارە بە ڕۆڵی ژن و بوونی ئەقڵیەتی کۆنەپەرستانەی دژ بە ژنان، بەتایبەتی لە چاودێریکردنی ناو ماڵ و بابەتی دیکەدا.

 

یەکەم بەرهەمی هەیبەتوڵا ناوی نوالە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٩ خەڵاتی ناوەندی کۆشکەکانی ڕۆشنبیری بەدەستهێنا و لە ساڵی ٢٠٢١دا لە خەڵاتی سەویریس بۆ نووسەرانی گەورەدا خرایە لیستی درێژەوە و هەندێک لە کورتە چیرۆکەکانی خەڵاتی تاکەکەسیشیان بەدەستهێنا.

 

بەرهەمی دووەم ناوی “شۆڕشی ڤانێلیا” بووە و بەتەواوی لە چێشتخانەدا نووسراوە، زنجیرە چیرۆکێکە لە شێوەی نامەدا باس لە کۆمەڵێک شت دەکات کە هەموو ژنێک پیایدا تێدەپەڕن، لەو ماوەیەدا دەستی خستۆتە سەر قۆناغی دابڕان لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بارگرانی و بیرۆکە تایبەتەکانی ئەو قۆناغە، بەشێکی پەیوەندیدار بە گۆڕانی کەشوهەوای زستانە کە پارێزگای ئەسکەندەریەی گرتووەتەوە و چەندین بەرهەمی دیکەشی هەیە.

 

هەیبەتوڵا دەڵێت: من دژی بیرۆکەی کۆنەپەرستانەم بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، لایەنێکی دۆخەکە هەیە کە هەمیشە چاوپۆشی لێدەکەین و بوونی پشتگوێ دەخەین، لەوانە ڕێگاکانی ئیستغلالکردنی ئەوەی لەبەردەستدایە و ڕەتکردنەوەی کۆنەپەرستی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لەو لایەنەی کە پەیوەندی بە ڕۆڵی ژنان لە گرنگیدان بە خێزان و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری و تابۆی کۆمەڵایەتی و بیرۆکە و دابونەریتە بەسەرچووەکانی پەیوەست بەوەوە هەیە.

 

ئەو پێی وابوو هەموو بیرۆکەکانی پەیوەست بە تابۆ پێویستیان بە شکاندن هەیە، لەوانە ئەوەی کە ژن "شوێنی لە چێشتخانەدایە"، یان ماڵ، یان پەروەردەکردنی منداڵ و دەربڕینی دیکە، چونکە واقیع نەخشی دیکە دەسەپێنێت کە بە تەواوی ئەو بیرۆکانە دەشکێنێت، لەوێدا ئەو ژنانەن کە بژێوی ژیان دابین دەکەن و ئەوانی تریش کە بارگرانییەکانی ژیان لەگەڵ هاوژینەکانیان دابەش دەکەن و دەچنە دەرەوە بۆ کار، هەروەها بەشداریکردن لە کاری ناوماڵدا هەیە و هەندێک خێزان ڕۆڵەکەیان پێچەوانە بووەتەوە لەوەی کە ئاساییە.

 

ئایا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی نووسەربوون بوویتەوە؟

هەیبەتوڵا ئەحمەد دەڵێت: دووری لە پارێزگاری قاهیرە چیتر ئەو کاریگەرییە گەورەیەی نییە کە هەندێک کەس بیری لێدەکەنەوە، پرسی ناوەندییەتی قاهیرە لە کۆمەڵگەی کولتووریدا گۆڕاوە بەهۆی جیهانگیری و دیجیتاڵبوون، کە ناوەندی زۆریان لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دابینکردووە و بەم شێوەیە مەوداکان نزیکتر بوون.

 

نووسەر دەتوانێت لە ڕێگەی هەر پلاتفۆرمێکەوە ئەوەی لە مێشکیدایە دەرببڕێت و پەیوەندی لەگەڵ هەزاران کەسدا بکات بەبێ هیچ سنووردارکردنی کات و شوێنێک، لە ڕاستیدا هەندێک گفتوگۆی ئەدەبی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای زووم و پلاتفۆرمی دیکەوە ئەنجام دەدرێت کە تیایدا بینەر پابەند نییە بە شوێنێکی دیاریکراوەوە، منیش هەمان کارم کرد، زیاتر باسی کارەکانمم کرد بە شێوەی ئۆنلاین.

 

ژنان لە کۆمەڵگەی ئەدەبیدا تووشی چ هەڵاواردنێک دەبن؟

نووسەر دەڵێت: هەڵاواردنی ڕەگەزی لە بازنەی جۆراوجۆردا بوونی هەیە، ژنانیش بەدەستیەوە دەناڵێنن، چونکە تا ڕادەیەکی زۆر ماف و دەرفەتەکانیان لێ زەوت دەکات، بەبێ گوێدانە لێهاتوویی و باڵادەستییان، ژن بوون شتێکە کە بارگرانی لەسەر بارگرانی و ململانێیەکانی دەورە دەدات و ئاراستە دەکرێت، بەتایبەتی لەلایەن ڕکابەرە نێرەکانەوە لە هەمان بواردا.

 

بۆ نموونە بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو کەسێک سەرنجی خۆی دەدات بە ژنان، جا چ لەسەر ئەو بیرۆکانەی کە پێشکەشی دەکەن، یان سیمای گشتیی خۆیان، یان تەنانەت باری هاوسەرگیرییان، هەموو ئەمانە بابەتگەلێکن کە کەسانی دیکە گرنگییان پێدەدەن و ڕەنگە جارجارە لە دانیشتنەکاندا بوروژێنرێن، لەکاتێکدا هیچ جیاوازییەک بۆ نێرەکان دروست ناکات، ژینگەی ئەدەبی جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگە بە گشتی نییە، چونکە لە هەمان ژینگە و بیرۆکە و پەروەردەوە دێت، هەرچەندە ئەندامەکانی هەوڵدەدەن ئەوە بە گفتوگۆکان بشکێنن بۆ ڕەتکردنەوەی تێڕوانینی کۆمەڵگەیی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان زیندانی ژینگە و پەروەردەکردنن.

 

بەداخەوە ژنان وزەیەکی زۆریان بەفیڕۆ دەدەن لە هەوڵدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هەوڵی بچووککردنەوەیان دەدەن، جا چ بە پاساوهێنانەوە، یان وەڵامدانەوە، یان تەنانەت هەوڵدان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە دەوروژێنرێت، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندی بە ستەمەوە هەبێت، من باوەڕم وایە کە پێویستە سەرنجیان لەسەر ئەو کارە بێت کە ئەنجامی دەدەن نەک وەڵامدانەوە.

 

سەبارەت بە چارەسەرەکان، هەندێکیان کورتخایەنن، وەک گرنگی نەدان بە کەسانی تر و گرنگیدان بە خودی خۆی لە جیاتی قوڵبوونەوە لە هەوڵەکاندا کە هێندەی خوازراو کاریگەرییان نابێت، بە تایبەت ئەگەر پەیوەندییان بە ڕاستکردنەوەی چەمکەکانی ئەوانی ترەوە هەبێت، ئەمەش شتێکە کە نابێت ژنان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن، چونکە لەڕادەبەدەر سترێس و ماندووکارە، چارەسەری درێژخایەنیش هەیە، کە بریتییە لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ژنان بۆ پەروەردەکردنی ئەو نەوانەی کە ڕێز لە مافەکانی ژنان دەگرن و کارەکانیان بەرز دەنرخێنن و پێگەی شایستەی خۆیان وەک هاوبەش لەم کۆمەڵگەیەدا دەبینن بەبێ گوێدانە ڕەگەزەکەیان.