ڕووبار ئەحمەد: دەسەڵات وایکردووە هونەر کاریگەری دروست نەکات

حاڵەتاکانی توندوتیژی دژ بە ژنان تا بێت ڕوو لە زیادبوونە، لە کاتێکدا هونەر دەبێت ببێتە ڕێگای هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بەڵام هونەرمەندێک دەڵێت: حکومەت شکۆی هونەرمەندانی نەهێشتووە، بۆیە کاریگەرییان لەسەر خەڵک نییە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە هەموو سەردەمێکدا هونەر یەکێک بووە لەو کایانەی ببێتە ڕۆشنکەرەوەی کۆمەڵگە و هۆشیاریی لەنێو خەڵکدا، لە ئێستاشدا بەردەوام حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە زیادبووندایە و ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی هونەرمەندان کە هونەرەکەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەکار بهێنن.

 

لە بارەیەوە ڕووبار ئەحمەد، هونەرمەند و شانۆکار، دەربارەی ڕۆڵی هونەر لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا وتی: هونەر دەبێت ڕۆڵی لە هۆشیارکردنەوە و بەرچاو ڕوونکردنەوەی کۆمەڵگەدا هەبێت، بەوەی ژنیش وەک مرۆڤ تەماشا بکرێت، ئەوەش لە ڕێگەی هەر بوارێکی هونەری بێت و بتوانرێت بچێتە ماڵی هەموو کۆمەڵگەوە ئەنجام دەدرێت.

 

ڕووبار ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە نەک هۆشیاری لە ڕێگەی هونەرەوە تەنها پێویستییە بۆ تێڕوانین و بینینی بینەر بەرامبەر بە ژنان، بەڵکو پێویستە لە فیلم و دراماکاندا یاخود شانۆیی ژنان ڕۆڵی بەهێزیان پێبدرێت، بە جۆرێک نیشان بدرێن کە کاریگەریان هەیە لەسەر کۆمەڵگە، ئەوانیش بەشێکی سەرەکین لە کۆمەڵگە و دەتوانن لە هەموو بوارێکدا جێدەستی خۆیان هەبێت.

 

"حکومەت خەڵکی سەرقاڵ کردووە بۆیە هێزی گوێگرتیان لە هۆشیارکردنەوە نەماوە"

ڕووبار ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، خۆی دەبێت هونەر کاریگەری هەبێت بەڵام لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کە دینارێک نییە و خەڵکی لە نەبوونیدا دەناڵێنن، حکومەتیش گرنگی نادات بە ڕۆشنبیری، کولتوور و چەمکەکانی دیکە، تەنانەت وەک وەزارەتێکی زیادە تەماشای وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەن، بێگوومان هونەر ڕۆڵ نابینێت و کاریگەری ناخاتە سەر کۆمەڵگە، دەشڵێت: کاتێک وەزیر دیاری دەکرێت بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری هەر حزبە و دەیدات بەوەی دیکە چونکە داهاتی نییە، هەر کەرتێکیش داهاتی نەبێت، پەراوێز دەخرێت وەک پەروەردە و ڕۆشنبیری.

 

هەروەها ئەو هونەرمەندە باسی لەوەشکرد، درامایەک باس لە ڕۆڵی ژن دەکات، کە ئەمڕۆ چی بەرامبەر دەکرێت و ئەمان داوای پاڵپشتیان کردووە بۆ پەخشکردنی، تا ئێستا هیچ لایەنێک نەچووە بە دەم داواکانیانەوە و ئامادەیی پەخشکردنیان دەرنەبڕیوە، لەکاتێکدا دراما دەچێتە هەموو ماڵێکەوە و دەتوانرێت زۆرترین کەس هۆشیار بکرێتەوە دەربارەی پرسەکانی ژنان.

 

"نەک هونەر تەنانەت یاساکانیش جێی خۆیان نەگرتووە"

هونەرمەند ڕووبار ڕوونیکردەوە، ڕۆژانە هەموویان گوێبیستی کوشتنی ژنان دەبن، کاتێک ژنێک تاوانبار بێت یاخود بکوژرێت دواجار ئەو دەبێتە زەرەرمەندی یەکەم، ٣١ ساڵە حکومەتی هەرێم هەیە و داوا دەکرێت بوونی ژن وەک مرۆڤ قبوڵ بکرێت و ئەم کوشتن و توندوتیژییە نەمێنێت، بەڵام تا ئێستا نەک هونەر، تەنانەت یاساکانیش جێی خۆیان نەگرتووە، چونکە حکومەت ڕەوشی ژنانی بۆ گرنگ نییە. دەربارەی کارە هونەرییەکان کە تیایدا کەمترین کات باس لە پرسی ژن دەکات دەڵێت: بینەر حەز بەوە ناکات پێی بوترێت ئەمە مافی ژنە و پێویستە بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو بابەتێکی دەوێت تیایدا کات بەسەر ببات.

 

باسی لەوەشکرد خەڵکی هێندە بەدەست نەبوونی و خراپی دۆخی ژیانیان دەناڵێنن حەز بەوە ناکەن دووبارە لە ڕێگای شاشەکانەوە فکریان بگۆڕن بەرامبەر بە ژنان و ئامۆژگاریان بکرێت، بەڵکو ئەو قورساییانەی لە دەرەوە دەکەوێتە سەر شانیان لە ماڵەوە بە توندوتیژی دژ بە ژنان بەتاڵی دەکەنەوە، حکومەتیش بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەو کەمە بەرهەمانەوە داهاتی دەست بکەوێت، هۆشیارکردنەوە بەرامبەر بە ژنان ڕەت دەکاتەوە و داوا دەکات بابەتەکە بگۆڕدرێت بە بابەتێک بینەر سەرقاڵبکات و داهاتی هەبێت.

 

"حکومەت گرنگی پەیامی هونەرمەندانی لای خەڵکی نەهێشتووە"

دەربارەی پێگەی هونەرمەندان و کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگە ڕووبار ئەحمەد وتی: "هیچترین پێگە لە کۆمەڵگەدا پێگەی هونەرمەندانە، چونکە حکومەت وای لە هونەرمەند کردووە، بۆیە ناتوانن هەرچی بکەن کاریگەریان لەسەر تاکەکان هەبێت"، خودی خۆی تەمەنێکە لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە دەنگ بەرز دەکاتەوە و داوا دەکات ژن وەک مرۆڤ تەماشا بکرێت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەو ویستەی هەیانە، چونکە خەڵکی گوێ بۆ هونەرمەندان ناگرن، وەک خۆشی دەڵێت حکومەت وای لە پێگەی هونەرمەند کردووە.