"دنیا زاد"؛ ڕۆمانێک کە ژیانێکی نوێی بە می تەلمسانی بەخشی

می تەلمسانی، ڕۆماننووسی میسری پێی وایە، نووسەرانی ژن لە ئەمڕۆدا لە ئاشکراکردنی پرسە نەگوتراوەکان و نووسین لەسەر خۆیان لە ڕێگەی ژیاننامە و دانپێدانانەوە بوێرتربوون، سەرەڕای ئەوەش ناوی دەنێت "گوێگرتن لە خوێنەر".

زهور مەشرقی

 

تونس- می تەلمسانی، ڕۆماننووسی میسری، دووپاتی کردەوە، کە دەستپێکردن لە خودەوە ئازادی نووسەر دەگەڕێنێتەوە بۆ جیهانی خۆی دوور لەو بڕیارانەی کۆمەڵگە سەپاندوێتی، هەروەها  بوێری نووسەرانی ژن ئەمڕۆ لە ئاشکراکردنی پرسە نەگوتراوەکان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی دەنگی ژنان لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا.

 

ڕۆمانی ''دنیا زاد'' ڕۆماننووسی میسری می تەلمسانی هێنایەوە ژیان، کە لە ڕۆمانی عەرەبی و بە تایبەتی لە ئەدەبیاتی ژناندا بە ئاماژەی گەشاوە دادەنرێت، هەروەها  سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ دەیە بەسەر نووسینەکەیدا، بەڵام هێشتا سەرکەوتنی بەرچاو و سەرنجی بەردەوامی ڕەخنەگران بەدەست دەهێنێت.

 

می تەلمسانی، ڕۆماننووسی میسری، باس لەوە دەکات ،کە ڕۆمانی ''دنیا زاد'' بە یەکەم ئەزموونی دادەنرێت، کە لە ساڵی ١٩٩٥ نووسراوە و دوای دوو ساڵ لە میسر و دەرەوەی وڵات وەک ڕۆمانێکی ژیاننامەیی بڵاوکراوەتەوە، کە تایبەتمەندە بە پچڕانێکی ڕوون لەگەڵ شێوازی گێڕانەوە کە لەو کاتەدا باو بووە و هەڵگری پلەیەک لە خەیاڵکردنە کە لەلایەن ژانری ڕۆمانییەوە سەپێنراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆمانەکە لە ڕووداوێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە ژیانی هەژاندووە، بەو پێیەی هەڵیبژاردووە ئەزموونی خۆی لە نەخۆشخانە بگێڕێتەوە دوای لەدەستدانی تاکە کچەکەی بەناوی "دنیا زاد" کە بە مردووی لەدایک بووە، هەروەها ئەو نووسینی لەو سەردەمەدا بە هەوڵێک وەسف دەکات بۆ تۆمارکردنی ئەو خەم و خەفەتانەی ڕۆژانە بەسەر دایکدا دێت کاتێک منداڵەکەی لە ساتەوەختی لەدایکبوونیدا لەدەست دەدات، هەروەها ئامرازێک بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو لەدەستدانە بە "دروستکردنی منداڵێکی نوێ" لە ڕێگەی نووسینەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، هەوڵیداوە لە زۆر گۆشەنیگاوە لە ئەزموونی لەدەستدان نزیکبێتەوە، لە لەدەستدانی کارێکی خۆشەویستەوە تا لەدەستدانی ماڵ و خێزان یان هاوڕێیەکی نزیک، بۆئەوەی هەوڵبدات لە ڕوانگەی ژنەوە بیر لە ئازاری لەدەستدان و دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانی بکاتەوە.

 

ڕۆمانەکە لە میسر سەرنجی ڕەخنەگرانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و وەرگێڕدراوە بۆ هەشت زمانی ئەورووپی، ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هەر ئاهەنگگێڕانێکی ڕۆمانەکەدا، کە نزیکەی سی ساڵ لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە، هەست دەکات "دنیا زاد" هێشتا زیندووە، ڕۆمانەکە هێشتا کاریگەری لەسەر خوێنەران هەیە، چونکە تەوەری دایکایەتی ئەو جێگایەی نییە کە شایەنییەتی لە نووسینی داهێنەرانەدا، هەرچەندە دەست دەخاتە سەر بابەتێکی هەستیار.

 

''لە خودەوە دەست پێدەکات''

می تەلمسانی ئاماژەی بەوەشدا، کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی بە نووسین کردووە، ئەو قۆناغە شایەتحاڵی ئاهەنگگێڕانی بەربڵاوی ژیاننامەی نووسەرانی هەردوو ڕەگەزبووە، هەروەها کاتێک خوێنەرێک بەر ڕۆمانێکی ژیاننامەیی ژنێک دەکەوێت، زۆرجار "خوێنەری ڕوانگەرایی" خودی ژنێکە، تەنانەت ئەگەر نووسەر باسی ئەزموونی خەیاڵی یان کارەکتەرەکانیش بکات، وەک ئەوەی بەدوای دۆزینەوەیدا بێت دەروونی و حەسرەت و ئارەزووەکان لە ڕێگەی نووسینەوە تەنها بۆ مەبەستی ڕوانگەیە.

 

ڕوونیکردەوە، ئەمڕۆ ژنانی نووسەر چیتر لە پشت کارەکتەرەکانەوە خۆیان ناشارنەوە، بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە لە ئەزموونەکانی خۆیانەوە دەنووسن، زۆرجار ئەمە بە بوێری و ڕاشکاوی ئەدەبی خوێنەری تێگەیشتوو سەرسام دەکات، کە بەبێ ترس و شەرمەزاری دەربڕدراوە، بۆ نموونە لە میسر، میرال تەحاوی، ڕۆماننووس، لەبارەی میراسی بەدەوی و گەشتەکانی لە نێوان گوند و شارەکاندا دەکات، هەروەها ئەزموونە کەسییەکانی لەگەڵ ڕەوتی ئایدیۆلۆژی جیاوازدا نووسیوە، شاعیرانی وەک ئیمان مێرسال و فاتمە قەندیلیش لە ئەزموونە کەسییەکانەوە نووسیویانە، لەم دواییانەدا، فاتمە قەندیل "أقفاص فارغة" "قەفەزی بەتاڵ"ی بڵاوکردەوە، کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ خێزانەکەیدا دەکۆڵێتەوە.

 

وتیشی: ئەم نووسینانە نوێنەرایەتی هەوڵدان دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی شکۆمەندی ژنانی نووسەر، بۆ دەربڕینی ئازادی خۆیی و تێگەیشتن لە خود لە دەرەوەی ئەو بڕیارە ڕەوشتی و فشار و سنووردارکردنانەی کە کۆمەڵگە و بەتایبەتی کە بەسەر کۆمەڵگەی خوێنەران سەپێنراون.

 

"نووسین لە چوارچێوەی کۆچبەریدا"

بە لەبەرچاوگرتنی گواستنەوەی می تەلمسانی لە نێوان میسر و کەنەدا، پەیوەندییەکەی لەگەڵ نووسیندا گۆڕاوە بەپێی ئەوەی لە کوێوە هاتووە یان لە کوێ ژیاوە، وتی: ئەگەر کۆچم بکردایە بۆ فەڕەنسا کە لەڕووی کولتوورییەوە لە منەوە نزیکترە، پەیوەندیم لەگەڵ ئەو شوێنە جیاوازتر دەبوو بە بەراورد بە کۆچکردن بۆ کەنەدا، کە کۆمەڵگەیەکی تاڕادەیەک سەردەمین و ئەنجلوسكسونیە، هەروەها کۆچبەرانی کەنەدا وایان لێکردووە هەست بە "نامۆبوون لە نێو نامۆکاندا" بکات، چونکە وڵاتەکە تەمەنی تەنها دوو سەد ساڵە و هەمووان مێژووی کۆچبەری هاوبەشیان هەیە، کە ئەمەش پلەیەک ئازادی پێبەخشیوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەمەجۆریی کولتووری و شارستانی لە کەنەدا ئاسانکاری بۆ تێکەڵبوونی وەک نووسەرێک کردووە، بەڵام ئاڵەنگاری لە کاتی هەوڵەکانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی ئەکادیمی سەریهەڵدا، بەو پێیەی ئەم بوارە، هەمان گرنگیدان بە ئاراستە و بەرژەوەندییە هزرییەکانی وەرناگرێت، ئەمەش بۆتە پەراوێزخستنی هەندێک لە بیرۆکە و هەوڵەکانی، وای لێکرد هەست بە پەراوێزخستن بکات لەناو کەمینەی عەرەبی ئەوێدا، هەروەها لەناو ئەو پێکهاتە کولتوورییانەی کە ئاهەنگ ناگێڕن بۆ ئەدەب.

 

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ژنانی نووسەر و ڕۆشنبیران، می تلمسانی جەختی لە گرنگی ئەوان کردەوە سەرەڕای دەگمەنییان، کە لە ئەنجامی گرنگی نەدانی پێویستی بە ئەدەبەوە سەرهەڵدەدات، جەختی لە پێویستی گردبوونەوەکانی وەک شوێنی گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هاوبەشەکان و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و ئەزموونەکان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەراوردکردن کە هەمووان بتوانن سوودی لێ وەربگرن کردۆتەوە.