لە مەراسیمێکدا ناساندن بۆ دوو بەرهەمی هۆنەر کنێر جەمیل کرا

لە مەراسیـمێکدا هەردوو پەرتووکی هۆنەر کنێر جەمیل بە ناوەکانی "کە مۆمی تەمەن هەڵکرا" و "جوانە" ناساندنی بۆ کرا.

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنێ لە باخچەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت-سی دی ئۆ. مەراسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی هەردوو پەرتوکی "کە مۆمی تەمەن هەڵکرا" و "جوانە"ی هۆنەر و نووسەر کنێر جەمیل، بە هاوکاری ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا و ڕێکخراوی مەدەنیەت سی دی ئۆ، ڕێکخرا.

 

"کە مۆمی تەمەن هەڵکرا" یەکێکە لە بەرهەمە نوێیەکانی کنێر جەمیل و کۆمەڵە هۆنراوەیەکە لە خۆی لە هۆنراوەکانی دڵداری، کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەریدا دەبینێتەوە، هەروەها پەرتوکی "جوانە"ش کۆمەڵە چیرۆکێکی دۆکۆمینتارییە باس لە مەینەتیەکانی ژنان دەکات لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و بە تایبەت کوردەواریدا، لە ژێر جەور و ستەمی ڕژێمی گۆڕ بە گۆڕی بەعس و دۆخە سیاسییەکانی دیکەی کوردستاندا، لە سالی ٢٠٢١دا بڵاوکراوەتەوە.

 

لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە ئیسماعیل ماوەرانی و شاهین نەجمەدین خوێندنەوەیان بۆ پەرتووکەکان کرد و ناوەڕۆکی پەرتوکەکانیان خستەڕوو.

 

لە کۆتاییدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە هەریەک لە  کنێر جەمیل ئیسماعیل ماوەرانی و شاهین نەجمەدین.