ژنانی ئەحرەس کولتوور و زمانی خۆیان دەپارێزن

سەرەڕای پێشێلکارییەکانی دژ بە گوندی ئەحرەس لە ناوچەی شەهبای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ناسنامە و بوونیان، ژنەکانی گوندەکە بەردەوام بوون لە پاراستنی کولتوور و ناسنامە و کەلەپووری داپیرانیان.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- دانیشتوانی گوندە کوردییەکان کە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک باب و جەرابلوس و عەزاز و مەنبج دەژین، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری نزیک سنووری تورکیا و سوریا کە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو گوندانە پێکدەهێنن زمان و کولتوور و نەریتەکانیان دەپارێزن.

 

گوندی ئەحرەس یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە ڕووبەڕووی چەندین هێرش و پێشێلکاری و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی کولتوور و مێژووەکەی بووەتەوە، چونکە هێشتا نەریت و کولتوورەکانی خۆی دەپارێزێت.

 

"هەوڵی لەناوبردنی زمانەکان دەدرێت"

سەباح ڕەجەب ڕۆستەم، ژنێکی خەڵکی گوندی ئەحرەسە و وتی: گوندەکە چەندین پێشێلکاری و هێرشی لەلایەن بەکرێگیراوەکانی سەر بە داگیرکاری تورکیا و هێزەکانی سەر بە حکومەتی شام بینیووە، پێش قەیرانی سوریا، حکومەت زمانی عەرەبی بەسەرماندا سەپاند بوو، واتە ئێمە قەدەغەکرابووین بە زمانی کوردی قسە بکەین، بە هۆشیارییەوە ئەم سیاسەتەیان لە هەموو گوندەکان بە مەبەستی داڕمانی زمانەکەمان و هەڵوەشاندنەوەی کولتووری کوردیمان جێبەجێ دەکرد.

 

وتیشی: سەرەڕای هەموو ئەو سیاسەتانەی لە دژی ئێمە جێبەجێیان کردووە، ویستی ئێمە بەهێزتر بووە لە پاراستنی مێژوومان، پێش ڕزگارکردنی گوندەکە لە چەتەکانی داعش لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، هەموو پێشێلکارییەکان دژی گەل بە تایبەتی ژنان جێبەجێکران، ئێمە قوربانی ئەوان و سیاسەتەکانیان نین و لەژێر دەسەڵاتی هیچ هێزێکدا ناژین کە هەوڵ بدات لە کولتوور و نەریتەکانمان دوورمان بخاتەوە، تەنانەت حکومەتی شامیش هێشتا هەوڵدەدات زمانەکەمان لەناوببات.

 

"هەر کەسێک کولتوور و ناسنامەی خۆی بپارێزێت، بوونی خۆی دەپارێزێت"

فاتیمە ناسان، تەمەن ۸۰ ساڵ، وتی: دایک و داپیرانمان فێریان کردین کە هەر کەسێک کولتوور و ناسنامەی خۆی بپارێزێت، بوونی خۆی دەپارێزێت، ئەوان پەیوەندییان بە زەوی و کشتوکاڵەوە هەیە، بۆیە گوندەکەمان بە کشتوکاڵ بەناوبانگە، بەتایبەتی کشتوکاڵی پەتاتە و گەنم، لە ڕێگەی ئەوەوە بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆحی هاوکاری لەنێوانیاندا هێشتا هەیە، چونکە هەمیشە پێکەوە کار دەکەن، لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا کۆدەبنەوە و پشتگیری یەکتر دەکەن، ژنان یارمەتی یەکتر دەدەن و کاتێک دەچن بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن.

 

لە لایەکی دیکەوە، عەیوش بەرەکات وتی: کاتێک ئێمە لە دایکبووین، داپیرانمان ڕۆحی خەباتیان لە دڵماندا چاند و بە کولتوور و مێژووی خۆمان ئاشنا بووین و هانیان داین کە بیپارێزین، گرنگ نییە چەند دەژین بۆ ئەوەی بیگوازینەوە بۆ منداڵ و نەوەکانمان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، ئێمە هۆکاری ئەوەمان بۆ دەرکەوت، چونکە گەلەکەمان ئێستا ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبنەوە بۆ لەناوبردنی کولتوور و مێژوو و بوونی کورد.