"بە دەنگبێژی و گۆرانی مێژوومان زیندوو دەبێت"
دیانا موراد، ئەندامی تەڤگەری هیلالی زێڕین سەبارەت بە گۆرانی کوردی ئاماژەی بەوەکرد، بە ڕێگەی کار و خەباتی خۆی و میراتی مەریەمخان و ئایشە شان و شاکیرۆ بەردەوامە.
ڤیان ئامەد
قامیشلۆ- دیانا موراد، ئەندامی تەڤگەری هیلالی زێڕین بۆ کولتوور و هونەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە گۆرانی دەڵێت و هەروەها ژەنیاری گیتارە، بۆچوونی خۆی لەسەر گۆرانی وتن و هونەر خستەڕوو.
"هەستەکانم بە گۆرانی دەردەبڕم"
لە سەرەتای قسەکانیدا دیانا موراد، خۆشەویستی خۆی بۆ گۆرانی وتن دەربڕی و وتی: من خەڵکی عەفرینم و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە منداڵییەوە دەستم بە خەبات لەناو هیلالی زێڕین کردووە، لە ناو چەندین گروپی هونەریدا بووم، گۆرانیم لە بۆنە جیاوازەکانی وەک ٨ی ئادار و ٢١ی ئادار وتووە،، دایک و باوکیشم لە کولتوور و هونەردا بەشدارن کە کاریگەری لەسەر من هەبوو بۆ ئەوەی خۆم لە هونەردا پەرەپێبدەم و خێزانەکەشم لەو بوارەدا یارمەتیان دام، من زیاتر لە ڕێگەی گۆرانیەوە هەستەکانم دەردەبڕم، پەیامە گرنگەکان بە گۆرانی دەبەخشرێن، هێزی گۆرانی زۆر گەورەیە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەش هەیە.
قڕکردنی کولتوور
دیانا موراد لە قسەکانیدا تیشکی خستەسەر قڕکردنی کولتوور و کاریگەری شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر کاری کولتووری و هونەری و وتی: بۆ قڕکردنی کولتووری کوردی ئێمە، چەندین ساڵە دەوڵەتی تورک و ڕژێمی سوریا و ئێران بە سیاسەتی جۆراوجۆرەوە هێرش دەکەنە سەرمان، ئەگەرچی کۆمەڵگەی ئێمە خۆی لە قڕکردن پاراستووە، بەڵام بەداخەوە لە ژێر کاریگەری کولتووری تورک و عەرەب و فارسدا ماوەتەوە، بەڵام لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا لە ئاستێکی باشدا کاری کولتووری و هونەریمان پەرەپێداوە، پێش شۆڕش کار هەبوو، بەڵام بە نهێنی ئەنجام دەدرا کە کاریگەری گەورەی هەبوو، پێش شۆڕش دەرفەتی پەروەردەیی کەم بوو، بەسایەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئاستەنگەکان لابران.
"دوژمن گۆرانی دژی کۆمەڵگە بەکاردێنێت"
دیانا موراد، ئاماژەی بەوەدا، گۆرانییەکان ئاماژە بە هەستی خەڵک دەکەن و وتیشی: گۆرانییەکان ڕۆح دەدەن بە مرۆڤ و دەتوانێت ئاڕاستەت بکات، بەداخەوە دوژمن هەندێک جار ئەم خاڵە لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت، هێزە دەسەڵاتدارەکانیش گۆرانیان دژی کۆمەڵگە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کاریگەری بکەنە سەر کۆمەڵگە، بە تایبەتی گۆرانی ئەرەبێسک لە نێوان گەنجاندا بڵاودەبێتەوە کە ڕۆح و هەستی خەڵک دەکوژێت و وزەی مرۆڤ لەناودەبات، بەم شێوەیە دوژمن دەیەوێت کۆمەڵگە لە سروشتی خۆی دوور بخاتەوە.
"میراتی ئایشە شەنان و مەریەم خان و شاکیرۆ بەردەوامی پێدەدەین"
دیانا موراد ئەوەیخستەروو کە ئەوان لە ڕێگەی کولتوور و هونەرەکەیانەوە لە دژی دوژمن دەجەنگن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بە شۆڕشی ڕۆژئاوا لەناو کۆمەڵگەدا هۆشیاری دروستبوو، لە ڕێگەی کارەکانمانەوە درێژە بە میراتی ئایشە شان و مەریەم خان و شاکیرۆ دەدەین، مێژوومان بە دەنگبێژی و گۆرانی بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئێمە وەک ژنانی کورد پێویستە دوژمنی خۆمان بناسین و هۆشیار بین.