چیرۆک، ڕێگەیەک بۆ گێڕانەوەی مێژوو

چیرۆک ڕێگەیەکە بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی کۆمەڵگە و ئەو زەحمەتیانەی هاتۆتە ڕێگەیان، مێژووی چیرۆکی کوردی نوسراویش بە نزیکەی سەدەیەک دیاری کراوە، خەج و سیابەند، تیلتیلە و بیلبیلەش لە بەشی چیرۆکی منداڵان نمونەیەکن لەناو چیرۆکە کوردییەکاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

چیرۆکی میللی یاخود هەقایەت، بە شێوەیەک لە شێوەکان گوزارشت لە ژیانی میللەتانی کۆن دەکات، بەتایبەت لە دەربڕینی شێوازی بیرکردنەوە، کولتوور، دابونەریت، شێوازی ژیان و پەیوەندی نێوان تاکەکان، هیچ نەتەوەیەک نییە چیرۆکێکی نەبێت، هەموو نەتەوەیەک لەڕێی چیرۆکەوە گوزارشتی لە بەشێکی زۆری کولتوور و پێکهاتەی خۆی کردووە، تەنانەت بەشێکی کتێبە ئاسمانییەکان لەڕێی چیرۆکەوە شتەکانمان بۆ دەگوازنەوە، دەماودەم بەشێوەی چیرۆک بەسەرهات و ژیانی کۆن لەلایەن خەڵکییەوە بۆ داهاتوو گواستراوەتەوە، ئەگەر چیرۆک و گێڕانەوەی کۆن نەبووایە ئەوا ئاگایی و زانیاریەکمان لەبارەی ژیان و گوزەرانی سەردەمانی پێشوو نەدەبوو، بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی فۆلکلۆری و میللی، ئەفسانە و داستان شێوازی جۆراوجۆر بەکارهێنراوە وەک حەیران، مەتەڵ، چیرۆک، نوکتە، شەوچەرە... هتد، ئەمانە تا ئێستا بەکاردێن بەڵام کەمتر لە جاران.

 

یەکێک لە ڕێگاکانی گێڕانەوە حەیرانە

حەیران یەکێکە لە شێوازەکانی گێڕانەوە کە لە کۆندا بەکارهاتووە بۆ کات بەسەربردن یاخود بۆ گێڕانەوەی ئەو مەبەستانەی کە دەیانەوێت بیگەیەنن، سێ جۆر حەیرانمان هەیە، ئەوانیش حەیرانی سەرچیایی، مەجلیسی و حەیرانی غەریبی، حەیرانی سەرچیایی ئەو جۆرە حەیرانەیە کە لە ئامێزی سروشتدا دەوترێت و دەنگی حەیرانبێژ تێکەڵ بە چریکەی سروشت دەبێت، دووەم جۆری حەیران مەجلیسی-یە واتا لە جێگایەک کۆڕ و کۆبونەوە و دانیشتن هەبێت وەک لەناو ڕەشماڵ یان دیوەخاندا دەنگی حەیرانبێژەکە لە چوارچێوەی کۆبونەوەکە دەرناچێت، حەیرانی غەریبی جۆرێکی دیکەیە و لە عاجزی و خەمباری حەیرانبێژ بەدەم خۆیەوە  لەبەر دڵی خۆی دەیڵێت.

مەنیج حەیران یەکێکە لە ژنە حەیرانبێژە ڕێچکە شکێنەکان، لەکاتێکدا بۆ ژنان ئەستەم بووە بکەونە ناو کاری هونەری، بەڵام مەنیج حەیران بە دەنگە خۆشەکەی و لێهاتووییەکەی توانیویەتی لەو کات و سەردەمەدا پێگەی خۆی دیاری بکات، هەرچەنە لەو کاتەدا کۆمەڵگە و خەڵک زۆر بە چاوی خراپ لێیان ڕوانیووە و لەناو ئەو کۆمەڵگای پیاوسالاریەدا حەیران وتن کارێکی قورس بووە بەڵام مەنیج هەر بەردەوام بووە و چەندین حەیرانی وتووە.

مەتەڵ و چیرۆک شەوچەرەی شەوانی داپیرانمان

مەتەڵ بەشێکی زۆری لە فۆلکلۆری کوردی داگیر کردووە و جەماوەرێکی زۆری هەیە، دەتوانین بڵێین وەک شەوچەرەی زستان بەکارهاتووە، جگە لەوە مەتەڵ بۆ زاخاوی مێشک و  چالاک کردنی هزر سودێکی زۆری هەیە، مەتەڵ لە شەوچەرەکانی شەودا باسکراوە بەدەم دانیشتن و بەسەربردنی کاتەکانی شەوان لەلایەن خەڵکییەوە.

چیرۆک کۆنترین و گرنگترین لقە لە لقەکانی ئەدەبدا، لە هەموو جۆرەکان بە چیژترە و سودیکی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنێت، لەناو بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکاندا چیرۆک زیاتر ڕەنگدانەوە و کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە، هەست و نەست، دەروون، ویژدان و ئەندیشەی مرۆڤ دەردەخات، چیرۆک بە گشتی گێڕانەوەی ڕووداوێک یان کۆمەڵە ڕووداوێکە، کە ڕاستییە یان لە ڕاستییەوە نزیکە یاخود هەڵقوڵاوی ناخی چیرۆکوانەکەیە.

 

مێژووی سەرهەڵدانی چیرۆک

میژووی سەرهەڵدانی چیرۆک بۆ مرۆڤبوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو سەردەمەی مرۆڤ لەناو ئەشەکەوت، کەندەڵان، شاخەکان و لەسەر دارە ئەستور و بەرزەکان دەژیان و ڕۆژانەیان بە ڕاوکردنی نێچیر و کۆکردنەوەی بەری دار و گیا بەسەربردووە و بژێوی ژیان و گوزەرانیان دابین کردووە و ڕووبەڕووی چەندین ئاژەڵی دڕندە بونەتەوە، بۆ باسکردنی ئەم بەسەرهاتانەیان بە نواندن لە یەکتر گەیشتون و گوزارشتیان لە هەست و سۆزی خۆیان کردووە، بەم جۆرە گێڕانەوەی چیرۆک سەریهەڵداوە و تا بەپێی گۆڕانی سەردەم و پێشکەوتن نوسینی وێنە و هێڵکاری مێخی و ... داهێنرا وبە داهاتنی زمانی ئاخافتن چیرۆک بەم ئاستەی گێڕانەوە گەیشتووە، لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا بۆ باشوری کوردستان تەمەنی چیرۆکی نوسراو بە نزیکەی سەدەیەک دیاری کراوە، داستانە چیرۆکی مەم و زین، شەم و وەلی دێوانە، شیرین و فەهاد، خەج و سیابەند، تیلتیلە و بیلبیلەش لە بەشی چیرۆکی منداڵانە نمونەیەکن لەناو چیرۆکە کوردییەکاندا، کە دەماودەم بە شێوەی جیاواز گێڕدراونەتەوە و گەشتوون بە زاری نەوەی ئێستا.

 

ت.پ