دڵسۆز عەبدولڕەحمان: نووسین هەنگاوێکە بۆ ئازادبوون و خۆدۆزینەوە

ڕۆمانی 'یادەوەری خوێن، لە زمانی گوڵەوە' لەلایەن دڵسۆزەوە بە زمانێکی ژنانە نووسراوە، وەک نووسەرێک داوا لە ژنان دەکات بنووسن، چونکە نووسین ڕێگایەکە بۆ ئازادبوون.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دڵسۆز عەبدولڕەحمان، لەدایکبووی شاری سلێمانییە، خوێندنی سەرەتای و ناوەندەی تا دەگاتە زانکۆ لە سلێمانی تەواو کردووە و دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری بەشی تەلارسازییە لە زانکۆی موسڵ، لە ساڵی ١٩٩٨وە لە وڵاتی هۆڵەندا دەژی، دڵسۆز دایکی سێ منداڵە، لە ئێستادا نووسەر و شاعیرە.

 

دڵسۆز لەگەڵ نووسین لەدایکبووە، نووسین نابەستێتەوە بۆ دۆخێکی تایبەتی و دووربوون لە نیشتیمان، بەڵکو دەڵێت لەگەڵ لەدایکبوونمدا نووسینیش لەدایک بووە، دەشڵێت: نووسین بۆ من بەشێکە لە ژیانم و تا هۆشیارتر بووم و بەر نادادپەروەرییەکانی ژیان کەوتم، لەگەڵ گەورەبوونمدا هۆشیاریم گەشەی کرد و کولتووری جیاوازم بینی، لە قوڵایی ژیانم گەیشتم و زانیم بۆ نووسین دروستبووم، بۆیە نووسین وەڵامێکی منە لە بەرامبەر ژیاندا.

 

"نووسین بۆ من چارەنووسە"

دڵسۆز عەبدولڕەحمان، یەکێک بووە لەو ژنانەی هەمیشە بەهۆی دروستبوونی زۆرترین پرسیار لە مێشکیدا لە تەمەنێکی منداڵییەوە دەستی کردووە بە خوێندنەوە و هەمیشە بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا گەڕاوە، وەک خۆی ئاماژەی پێدا، لە قۆناغی سەرەتایی تەمەنییەوە دەستی کردووە بە خوێندنەوە، لە خوێندنگە و ماڵیشەوە بەردەوام کتێبی دەخوێندەوە، هەرچەندە لەوکاتەدا کتێبی منداڵان کەم بوون، بەڵام دڵسۆز لێی دانەبڕاوە، ئەمەش وایکرد جگە لە زمانی کوردی لەتەمەنێکی منداڵییەوە فێری زمانی عەرەبی بووە و بووەتە دەرگایەک بۆ دەستپێکردن بە نووسین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لەو کاتەی من لە کوردستاندا دەمخوێند و دەمخوێندەوە ئاسۆی خۆهۆشیارکردنەوە لە ڕووی خوێندن و فێربوون زۆر بوو، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لەبەردەم تاکەکاندا، سەردەمی زێڕینی فێربوون بوو، هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەستیپێکرد، بەڵام کێشەکە ئەوەیە تەنها بە خوێندن بەربەستەکانی بەردەم ژنان نامێنێت.

 

"بەربەست لەبەردەم ژنانی نووسەر بەردەوامە و کۆمەڵگە ترسی لە ژنانی نووسەر هەیە"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو نووسەرە باسی لەوەکرد، بە ئێستاشەوە و لە کۆنیشدا بەو شێوەیە بووە کە بەربەستی زۆر هەبێت لەبەردەم هۆشیاری ژناندا، چونکە کۆمەڵگەی کوردی بە هەندێک گۆڕانەوە تا ئێستا کۆمەڵگەیەکی پاتریاکیە، بەردەوام بەربەست دەخاتە بەردەم هۆشیاری ژنان بەتایبەت بۆ ژنێکی هۆشیار و ژنێک کە دەیەوێت لە کۆمەڵگەدا هۆشیاری بڵاوبکاتەوە، تەنها خێزانیش ڕێگرییەکە نییە. بەڵکو کۆمەڵگە سەرتاپای بە فکری پیاوانە بیردەکاتەوە.

 

دڵسۆز ئاماژەی بەوەکرد، گومانی تێدا نییە ئەوەی بۆ پیاوێکی نووسەر و خوێنەر فەراهەم دەکرێت بۆ ژنێک بەو شێوازە نییە، بە تایبەت ژنێک بیەوێت لە ڕێگەی نووسین و بەرهەمەکانییەوە بیەوێت پەیامێک بگەیەنێت، لەوکاتەدا کۆمەڵگە و تاکەکانی ناوی دەبنە بەربەستێکی گەورە لەبەردەمیدا، هەمووان دەزانن هیچ پانتاییەک وەک پانتایی ئەدەب و ڕۆشنبیری تاکێکی ئازاد بەرهەم ناهێنێت، بۆیە ڕێگری دروستدەکەن تا ژنان ئازاد نەبن، وتیشی: کۆمەڵگە سەرەتا تەماشای ژنێکی نووسەر دەکەن، وەک ژنێک پاشان وەک نووسەرێک، بە پێچەوانەی پیاوی نووسەر وەک نووسەرێک تەماشای دەکەن پاشان وەک پیاوێک.

 

دڵسۆز لایەنە جیاجیاکانی ژیانی لە هۆنراوە، ڕۆمان و وتارەکانیدا دەرخستووە

لە باسی خوێندن و نووسیندا دڵسۆزی نووسەر ئاماژەی بەوەکرد، خوێندنەکەی بەشێکی تەواو هونەرییە، ئەویش ئەندازیاری تەلارسازییە، تەنانەت لە وڵاتانی دەرەوە ئەو کۆلێژە بەشێکە لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان، ئەو بەشە بەهرە و هونەری تیادا بەکاردێت، وەک نووسین و هۆنراوە و گۆرانی وایە، بۆیە توانیویەتی هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان خوێندن و بەهرەی نووسینیدا، دەڵێت: کاتێک دەڵێم لە ئەنجامی نادادپەروەریی دەستم کرد بە نووسین، بینیم ژیان پڕیەتی لە نادادپەروەری بەتایبەت بەرامبەر بە ژنان، جگە لەوەش نادادپەروەری بەرامبەر بە ژینگە، نیشتیمان و ئاژەڵەکانیش.

 

دڵسۆز تا ئێستا سێ دیوانی شیعری نووسیوە و بڵاویکردووەتەوە، یەکەم ئەزموونی ڕۆمانی بە ناوی 'یادەوەری خوێن، لە زمانی گوڵەوە' هەفتەی ڕابردوو بڵاوکردەوە، جگە لەوەش چەندین وتاری جیاجیای دەربارەی ژیان، ژنان، سیاسی و چەندینی دیکە بڵاوکردووەتەوە، هۆنراوەکانی دڵسۆز هەموو لایەنەکانی ژیانی لەخۆگرتووە، لە باسی ڕۆمانەکەیدا وتی: ڕۆمانەکەم تایبەتە بە خۆشەویستی، کە دەکرێت مرۆڤێک دڵ ڕەقی و نادادپەروەری ببێتە کەسێکی دڕندە یاخود کەسێکی باش.

 

"گرنگە ژنان بنووسن چونکە هەنگاوێکە بۆ ئازادبوون"

لە درێژەی قسەکانیدا دڵسۆز عەبدولڕەحمان ڕوونیکردەوە، چەندین تێکستی بۆ منداڵەکانی نووسیوە، تەنانەت ڕۆمانەکەشی پێشکەش کردووە بە منداڵەکانی، دەربارەی هەستی ئەو نووسەرە لەکاتی نووسیندا ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک دەنووسێت تامی ڕاستەقینەی ژیان دەکات، هەست دەکات خودی خۆیەتی، بەچێژترین ساتی ژیانیەتی، "ئەوکاتانەی دەنووسم هەست دەکەم بێ ئامانج نیم و ڕێگەیەکە بۆ بەستنەوەم بە ژیانەوە".

 

دڵسۆز عەبدولڕەحمان نووسین بە هەنگاوێک لە هەنگاوەکانی ئازادبوون دەزانێت، بە تایبەت لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئەم کۆمەڵگەیە کە قسەکردنی ژنان و دەربڕینی بیروڕای ئازادیان قەدەغە کراوە، بۆیە ئەگەر ژنێک بتوانێت گوزارشت لە خودی خۆی و خەونەکان و هەستەکانی بکات، بێگومان ڕەهەندێکی گەورەی ئازادبوونی بڕیوە، لە کۆتاییدا دەشڵێت: گرنگە ژنان بنووسن و خۆیان بدۆزنەوە، تەنانەت وەک ژنێک دەنووسم بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێواز پەیامەکەم بگاتە ژنان و ڕۆمانەکەشم بە زمانێکی ژنانە نووسراوە.