زەینەب موراد: ژن و ئاشتی لێکدانەبڕاون

زەینەب موڕاد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە" دەڵێت: ژنی کورد بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" توانیویەتی ببێتە هیوایەکی گەورە بۆ هەموو ژنانی ئازادیخوازی جیهان.

هێرۆ عەلی

 

سلێمانی-  ساڵی ٢٠٠٠ بۆ یەکەم جار ئەنجومەنی ئاسایشی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ١٣٢٥ی پەسەند کرد، کە پەیوەندی بە ژن و ئاشتی و ئاسایشەوە هەبوو، ژنانی جیهانیش لە پڕۆسەکانی ئاشتییدا نەک تەنها یارمەتیدەر، بەڵکو تەلارسازی چارەسەرییەکانی داهاتوون، ئەگەرچی لە شەڕەکاندا ژنان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هێزی ئاشتیشیان هەیە، هەروەها لەو قەیرانانەی کە بەهۆی شەڕەکانەوە درووست دەبن، ژنان هەم خۆیان لەسەر پێ ڕادەگرن هەم خێزانەکانیان، لە هەمان کاتدا لە پڕۆسەکانی ئاشتییدا خاوەنی ڕۆڵن و هێزی سەرەکین لە پێشخستنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی ڕەگەزیی و دیموکراتیکبووندا.

 

"کۆمەڵگەیەک ژن تێیدا ئازاد نەبێت ناتوانێت ئازاد بێت"

زەینەب موڕاد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە، باسی بارودۆخی ژنانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، وتی: مێژوویەکی درێژهەیە بۆ بابەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، توندوتیژی ئیتر وەکو ڕێبازێکی سیاسی بەکاردەهێنرێت بەرامبەر ژنان، ئیتر دەسەڵاتدارانی جیهان بۆئەوەی کار لەسەر کۆمەڵگە بکەن لە ژنانەوە دەست پێدەکەن، چونکە هەموومان دەزانین کۆمەڵگەیەک ژن تێیدا ئازاد نەبێت ناتوانێت ئازاد بێت، بۆیە ئەو سیاسەتانە بەرامبەر ژنان بەکاردەهێنن تاوەکو ژنان لە جەوهەری خۆیان دوورخەنەوە، ئێمە دەبینین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانکەی شارستانیەتە و ژن ڕۆڵێکی پیرۆزی هەبوە تێیدا لە کۆندا، بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەبینین بەهۆی ئەو سیایەتانەوە لە زۆربەی ناوچەکان ژن وەکو کۆیلە تەماشا دەکرێت و کاریش بۆ ئەوە دەکرێت وەکو کۆیلە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئێمە دەبینین بەم دوایانەش شەڕ و پێکدادان لە هەموو شوێنێک هەیە و لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرانسەری جیهانیش ئیتر گەشتۆتە ئەو قۆناغەی ژنان ببنە قوربانی سەرەکی ئەو شەڕ و پێکدادانە، بەڵام خۆشبەختانە ژنی کورد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا و لەم قۆناغە و لە ٥٠ ساڵی دوایشدا توانیویەتی لەسەر ئەساسی میراتێکی تێکۆشان ناسنامەیەکی نوێ بۆ تەواوی ژنانی ئازادی خوازی دوونیا دروست بکات.

 

"ژنی کورد بە فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" توانیویەتی ببێتە هیوایەکی گەورە بۆ هەموو ژنانی ئازادیخوازی جیهان"

وتیشی: هەموومان دەزانین ژنی کورد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەو ناسنامە نوێیەوە توانیویەتی ببێتە هیوایەکی گەورە بۆ هەموو ژنانی ئازادیخوازی جیهان، بینیشمان هەنگاوەکان چۆنبوون لەسەرەتاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن شۆڕشێکی گەورە بەرپابوو، ئەو شۆڕشەش شۆڕشی "ژن، ژیان، ئارازادی"یە، کە بووە هیوایەک بۆ هەموو ژنانی گەلانی تری ئێران بە فارس و هەموو پێکهاتەکانی تر ناو ئێران، هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕش شۆڕشی ژن بوو، شۆڕش لەناو شۆڕشبوو، ئەو شۆڕشە دیسان کاریگەری لەسەر هەموو پێکهاتەکانی تری ئەو ناوچەیەکرد، ئەو بەرخودانە گەورەیەی کە ژنی کورد کردی بۆ شکاندنی زیهنیەتێکی وەکو زیهنیەتی داعش و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێیبوو، ئەمەش خۆی لەخۆیدا گۆڕانکاریەکی گەورەی لەناو ئەو کۆمەڵگەیەدا درووست کرد، بۆیە ژنی کورد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە هەموو بوارەکانی تێکۆشان هەن، لەڕووی عەسکەریەوە بۆ پاراستنی خاک و نیشتمان وگەل و بۆ پاراستنی نرخ و بەهای مرۆڤایەتی لەبەرەی پێشەوەی جەنگن، لەهەمانکاتیشدا ژنان لە ناو خۆبەڕێوەبەری جێگە دەگرن، تاوەکو لەناو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا هەرکەسێک بتوانێت ژیان بکات، هەروەها لەناو سیاسەتیش ژنی کورد ئەمڕۆ پێشەنگە، بۆیە دەتوانم بڵێم لە ئێستادا پێوویستمان بە ئاشتی هەیە، ئاشتیەکی هەمیشەیی، لەپرۆسەی ئاشتیشدا دیسان ژن ڕۆڵی زۆر گەورەی دەبێت و دەشبێت هەیبێت، چونکە دەزانین ئەو شەڕ و پێکدادانە زیاتر لەسەر ئەساسی بە ئامانجگرتنی ژنان بەڕێوەدەچێت.

 

"بمانەوێت ئاشتیەکی هەمیشە هەبێت دەبێت کۆمەڵگە دیموکراتیک بێت، کۆمەڵگەش بێ ژن نابێت بەدیموکراتیک"

زەینەب موڕاد وتی: دەزانین لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا گۆڕانکاریەکی زۆر گەورە لەئاستی پرسی کورد کراوە، ئەویش لەدوای ئەو بانگەوازیە مێژوویە کە لەلایەن ڕێزدار "عەبدوڵا ئۆجالانەوە" لە ٢٧ی شوبات ڕاگەیەنرا بۆ چارەسەریەکی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتتک، چونکە ئەو کۆمەڵگەیە ئیشی لەسەر کراوە کە بۆماوەی سەد ساڵە بە زیهنیەتێکی نادیمکراتیک و لەناوبردنی ئیرادەی کۆمەڵگە ئیشکراوە لەسەری، لەبەرئەوە ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئاشتیەکی هەمیشە هەبێت دەبێت کۆمەڵگە دیموکراتی بێت، کۆمەڵگەش بێ ژن نابێت بەدیموکراتیک، کۆڵگەی سەرەکی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەش ژنە، خۆشبەختانە دەڵێم لەو پێناوەدا ژنی کورد هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە، لە ئێستابەدواوەش هەنگاوی گەورەتردەنێت.

 

لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد: تا ئێستاش کە ئێمە گەیشتوینەتە ئێرە لە سەر ئەساسی تێکۆشان و گیان فیداییەکی زۆرگەورەی ژنانی کوردبوە، جا چ لە بەرەکانی شەڕچ لە ناو سیاسەتدا، کە لە هەموو بوارەکاندا گیانی خۆیان فیداکردوە، لەبەرئەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی زۆر گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئێمە کە بتوانین ئەو قۆناغە بەرەو سەرکەوتن ببەین، چونکە دەستکەوتمان گەورەیە و ژنی کوردیش دەستکەوتی زۆر گەورەیە، کە بتوانین لەسەر ئەساسی ئەو دەستکەوتانە هەنگاوی گەورەتربنێین.

 

"ژن و ئاشتی دوو بابەتن لێکجیاناکرێنەوە"

زەینەب موڕاد، هاوسەرۆکی  کەنەکە ڕایگەیاند، بێگومان ژن و ئاشتی دوو بابەتن لێکجیاناکرێنەوە، چونکە کە باسی شەڕ و پێکدادان دەکەین زیاتر لەسەر ژنان ئەنجام دەدرێت، هەر شەڕێک کە لەسەر ئاستی جیهان ڕودەدات ژن تێیدا بە ئامانج دەگیرێت، بێگومان ئاشتیش کە بەرپابێت لە هەرشوێنێکی جیهان ژن زیاترتێیدا سودمەند دەبێت، لەبەرئەوە هەرڕۆڵێک بۆسەرخستنی ئەو ئاشتیە هەبێت بۆ سەرخستنی هەموو کۆمەڵگەیە، بۆیە دەڵێم پەیوەندیەکی زۆرگەورە هەیە لەنێوان ژن و ئاشتیدا و ژنان زیاتر ئاشتی خوازن و زیاتر ئەوان دەیانەوێت ئاشتیەکی هەمیشەیی لە ناو کۆمەڵگەکاندا هەبێت، ژنی کوردیش لە ئێستادا بەهەمان شێوە ئەو ئەزمونەی هەیە بتوانێت ڕۆڵێکی پێشەنگ بۆسەرخستنی ئەو پرۆسە ئاشتیەی کە ئێستا هەیە ببینێت، هەروەها چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە دەستکەوتێکە نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆهەموو ئەو گەلانەی تریشە کە لە گەڵمان ژیاون و بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێویستە، هەمووان پێویستیان بە ئاشتیە، بۆیە دەبینین چارەسەرکردنی هەر پرسێکی بە ڕێگەی شەڕ و کوشتن هیچ چارەسەریەک بەدەست ناهێنێت، دەوڵەتی توکیاش بەهەموو ڕێگە و ڕێبازێک نەیتوانی کورد لەناوببات، هەروەها نەیتوانی ئەو ئامانجەی کەهەیەتی کە لە ناوبردنی کوردبوو بەدەستی بهێنێت، لەبەرئەوە لە ئێستادا مەجبورە گوێ بیستی ئەو بانگەوازەبێت و هەنگاو بۆ ئاشتی بنێت، چونکە غەیری ئاشتی هیچ چارەسەریەک ناتوانێت ببێتە سوود بۆهەرلایەک.

 

"بانگەوازە مێژوویەکەی ڕێزدارعەبدوڵا ئۆجالان، وایکرد دەرگا بۆ هەموو چارەسەریەکان بکرێتەوە"

لە قسەکانیدا باسی ١٢هەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان"پەکەکە"، کرد، وتی: ئەو بڕیارە کە لەلایەن تاڤگەری ئازادی کورد درا لە کۆنگرەی ١٢هەمین، ئەوە پاپەندبونە بەوهەنگاوە گەورەیە مێژوویەی کە ڕێزدار" عەبدوڵا ئۆجەلان" دەستی پێکردوە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا ئەوە نیشاندەدات کە چ جوڵەیەکی گەورەیە کە بتوانێت ئەو بڕیارە گەورەیە بدات و خۆی پابەندی ئەو هەنگاوە بکات بۆ ئاشتی، بابەتی چارەسەری پرسی کورد ئیتر گەشتۆتە قۆناغێک هەنگاو بەرە و دواوەنانێت.

 

لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتیشی:بانگەوازە مێژوویەکەی ڕێزدارعەبدوڵا ئۆجالان، وایکرد دەرگا بۆ هەموو چارەسەریەکان بکرێتەوە، کە ئێمە بتوانین لەمەوبەدوا لە دوای ئەو هەنگاوە گەورانە وەکو گەل و لایەنی سیاسی و ژن، بتوانین پاڵپشتی ئەو هەنگاوەبین و بەرەو سەرکەوتن ئاڕاستەی بکەین، چونکە هەنگاوێکی مێژوویە لەپێناو چارەسەرێکی هەمیشەیی و ئاشتیەکی هەمیشەیی بۆ کورد و کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەرئەوە دەڵێم بابەتی چارەسەری ئاشتی دەبێت دەرگا بۆ چارەسەری هەموو ئەو قەیرانانە بکاتەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، وەکو شەڕی فەڵەستین و ئیسرائیل، لوبنان، سووریا، نازانین لە داهاتوودا لە ئێرانیش چی ڕوودەدات، هەروەها عێراقیش بەهەمان شێوە، لەبەرئەوە دەبێت ئێمە خۆمان ئامادەبکەین بۆ قۆناغێکی نوێ و بتوانین ئەو قۆنا‌غە بەرەو سەرکەوتن ببەین.