زمانی کوردی، نە بنەچەی لە فارسیەوەیە و نە ڕەگی تورکییە
زمانی کوردی مێژوویەکی تایبەت بە خۆی هەیە نە لە فارس نە لە تورکەوە وەرنەگیراوە، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان زمانی کوردی لە میدییەکانەوە هاتووە، زمانی فارسیش لە سەردەمی ڕەزا شا و ئەتاتورکیش بۆ زمانی تورکی، لە کورییەوە وشەیان وەرگرتووە.
شنیار بایز
سلێمانی- ژمارەیەک لە مێژوو نوسان وایدادەنێن زمانی کوردی بەشێکە لە زمانی فارسی یاخود تورکی، بەڵام دکتۆر کەمال مەزهەر لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەربارەی مێژووی زمانی کوردی ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە وتارەکەی لە ژمارە سێی ساڵی یەکەمی گۆڤاری بڵێسەدا لە ساڵی ١٩٥٩ بڵاوکردووەتەوە.
هەرکەسێک بیەوێت لە ڕەگەز یان زاراوەی هەر گەلێک لە گەلەکانی ڕۆژهەڵات بدوێت دەبێت بۆ مێژوونوسان و ڕۆژهەڵاتناسان بگەڕێتەوە، هەندێک لەوانیش ڕاستی بابەتەکانیان ئاشکرا نەکردووە لەبەر چەند هۆیەک کە دەتوانین بیانکەین بە سێ بەشەوە، بەشی یەکەمیان، ئەو مێژوونوسانەن هیچ مەبەستێکیان نەبووە لە نوسینەکانیان تەنها لەلایان گرنگ بووە پێیان بڵێن مێژوونووس، بەشی دووەمیان، بەپێی ڕێگەیەکی دیاریکراو کە بۆیان دانراوە باسەکانیان نوسیووەتەوە کە لەوانەش مێژووی کورد دەگەڕێننەوە بۆسەر فارس و تورک، بەشی سێیەم لە مێژوونووسان ئەوانەن کە پشتیان بە زانست بەستووە و ڕاستییەکانیان پشتگوێ نەخستووە.
ئەو مێژوو نووسانەی دەڵێن کورد زمانی خۆی نییە و لە وڵاتانی دراوسێوە وەریانگرتووە لە بەشی یەکەم و دووەمن ئەوانەشی دەڵێن کورد زمانی خۆیەتی بەپێی سەرچاوە و بەڵگە مێژووییەکان ئەو ڕاستییەیان خستووەتە ڕوو.
سۆزان کەریم، دکتۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر باس لە هەندێک مێژووی زمانی کوردی دەکات:
"ژمارەیەکی کەم لە ڕۆژهەڵاتناسەکان دەڵێن زمانی کوردی پەیوەندی بە تورک و عەرەب و فارسەوە هەیە بەهۆی ئەوەی هاتوونەتە ئەم ناوچانە لەگەڵ پاشای تورک و فارسدا بوون یاخود کتێبی فارسی و تورکییان خوێندووەتەوە، بەڵام بە بڕوای زۆربەی کوردناسەکان دەڵێن زمانی کوردی زمانێکی سەربەخۆیە، بۆ نموونە ڕۆژهەڵاتناس دکتۆر جویس بلو دەڵێت: 'ئەدەبیاتی کوردی یەکێکە لە ئەدەبیاتە بەهێزەکان کە پەیوەندی بە تورک و فارس و عەرەبەوە نییە'، هەروەها مینۆرسکی یەکێکی ترە لەو ڕۆژهەڵاتناسانەی کە زمانی کوردی ناگەڕێنێتەوە بۆ زمانەکانی دیکە، زۆر کەس هەن کاریان لەسەر زمانی کوردی کردووە وەک مەکنزی، گارزۆنی، تۆفیق وەهبی، ئێکزەنە فۆن و چەندینی دیکە، هەروەها ڕووسەکان لێکۆڵینەوەیان لە زمانی کوردی کردووە، بەتایبەت کاتێک کوردناسی لە بەشی ڕۆژهەڵاتناسی جیاکرایەوە یەکەمجاریش لە ڕوسیا ساڵی ١٩٥٩ بوو، کورسی تایبەتیشی بۆ خوێندن لەو بەشەدا دابینکرد، هەتا ئێستاش لە ڕوسیا زانکۆ و پەیمانگای تایبەت هەیە بۆ بەشی کوردناسی، یەکەم زانکۆش زانکۆی کازان بووە لە ڕووسیادا".
ئەو ڕاستیانەی دەیسەلمێنن زمانی کوردی زمانی ڕەسەنی خۆیەتی
سێر سدنی سمث لە ژێر ناوی کوردستانی کۆندا دەڵێت: "هیچ گومانی تێدا نییە ئەو کاردۆخیانەی زەینەفۆن باسیان دەکات هەر گەلی کورد بوون"، زەینەفۆن سەرۆکی سوپای ئیغریقی بوو کە بۆ هێرشکردنە سەر کوردەکان ڕووی لە زاخۆ کردبوو، دەڵێت کاتێک سوپاکەمان گەیشتە ناوچەی زاخۆ گەلێکی ئازا و شەڕکەرمان لێهەڵکەوت ناویان کاردۆخی بوو، ئەم گەلە لە ناوچەیەکی شاخاویدا دەژیان و ئارەزوویان دەکرد سەربەخۆبن، کەواتە لەمەوە دەردەکەوێت ویستی ئەو گەلە بۆ ئازادی و جیابوونەوەی لەبەر هۆکاری زمانەکەیان بووە کە زمانێکی سەربەخۆ بووە، ئەو زانایە پێی وایە بنچینەی زمانی کوردی نە لە فارس نە لە تورکەوە وەرنەگیراوە.
هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناسەکانی دیکە دەڵێن بنچینەی زمانی کوردی لە میدییەکانەوە هاتووە، ئەمەش بەتەواوەتی کۆنی زمانی کوردی دەردەخات چونکە میدییەکان لە فارسەکان کۆنترن و ناکرێت زمانی کوردی لە فارسەکانەوە هاتبێت، میدییەکان پێش فارسەکان دەوڵەتیان دروستکرد و بەهێز بوون، لە ساڵی ٦١٢ی پێش زاینیدا ئیمپراتۆریەتی ئاشورییەکانیان کە دەوڵەتێک بوون نیوەی جیهانیان لە ژێر دەستدا بوو، لەناوبرد، بەهۆی ئەوەی میدییەکان زۆر پێش فارسەکان خاوەن دەوڵەتی خۆیان بوون، بۆیە ناکرێت بنەچەی زمانی کوردی لە فارسییەوە بێت.
بیروڕای مێجەرسۆنی ڕۆژهەڵات ناس چییە دەربارەی کورد؟
مێجەرسۆن ئاماژە بە کوردستان دەکات و دەڵێت لە سەردەمی کاردۆخییەکاندا کوردستان بووەتە جێی نیشتەجێبوونی گەلێکی کۆن خاوەن زمانێکی تایبەت بە خۆیان بوون، کورد لەچاو هەموو گەلانی تردا زمانی خۆی پاراستووە بە شێوەیەک جیاوازیەکی زۆر نییە لە نێوان کوردی ئێستا و کوردی سەدەها ساڵ پێش ئێستا.
هۆکاری سەرەکی مانەوەی زمانی کوردی لایەنە جوگرافیاکەیەتی کە بە هۆی بوونی شاخ لە ناوچەکانیدا کەمتر لەگەڵ گەلانی دیکەدا تێکەڵاوی هەبووە بۆ کاری بازرگانی و ئابووری، تەنها هەندێک وشەی عەرەبی بەکارهێنراوە ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلام لە کوردستاندا لە ١٨ی کۆچیدا، ئەم تێکەڵی زمانە تەنها کوردی نەگرتووەتەوە بەڵکو زمانی تورک و فارس ئەگەر پاڵاوتەی بکەین بەشی زۆری هەڵگری وشەی زمانی عەرەبین.
لەگەڵ بوونی ئەم هەموو جیاوازییە، بۆچی هەندێک پێیان وایە زمانی فارسی و کوردی یەک زمانن! چەند هۆکارێک هەیە بریرتین لە...
هەردوو زمانی کوردی و فارسی بەشێکن لە زمانی یەک خێزان ئەویش هیندۆ-ئەورۆپییە، بۆیە لەیەک چونێکی زۆر هەیە لە نێوان کورد و زمانەکانی دیکەی ئەم خێزانە، هەندێک وشە هەیە لە نێوان زمانی کوردی و فەڕەنسی هەروەها کورد و ئیتاڵی، مانای ئەوە نییە زمانی کوردی زمانی فەڕەنسی و ئیتاڵی بێت بەڵکو نزیکی زمان و بونیانە لە یەک خێزاندا.
هۆکاری دیکەش هەیە، هەڵکەوتەی جوگرافیایە وای کردووە زمانی کوردی و فارسی نزیکتر بن لەیەک وەک کوردی و زمانەکانی دیکەی هیندۆ-ئەوروپی، چونکە ئێران و کوردستان نزیکە لە یەکترەوە لە ڕووی ناوچەوە.
جگە لەم هۆکارانە هۆکارێکی دیکەی مێژووی هەیە، لە ساڵانی ٥٥٠ پێش زاینی، دوای ئەوەی دەوڵەتی میدییەکان لەلایەن فارسەکانەوە تێکدەشکێنرێن و دەبنە ژێر دەستی دەوڵەتی فارس، بەشێکیان دەچنە ناوچە شاخاوییەکان و لەگەڵ گەلانی دیکەدا تێکەڵ دەبن، بەشێکی دیکەشیان لە ژێردەستی فارسەکاندا دەمێننەوە، ئەم تێکەڵییەی دەوڵەتی میدیەکان و فارس دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژێردەستییە.
ئایا زمانی کوردی پەیوەندی بە زمانی تورکییەوە هەیە؟
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن لێکۆڵەرانی نیوزلەندی کراوە کە لە گۆڤاری scienceدا بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە، بنەماڵەی زمانەکانی هیندۆ-ئەوروپی کە خاوەنی مێژوویەکی هەشت تا نۆ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوپێشن دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی باکووری دەریای خەزەر لە باکوری کوردستان، بە پێی ئەو بەڵگانەی لەو لێکۆڵینەوەیەدا بڵاوکراوەتەوە، ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە زمانی کوردی و ناوچەی باکوری کوردستان سەرچاوەی سەرهەڵدانی زمانە هیندۆ-ئەوروپییەکانە و زمانی تورکی هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەی زمانە هیندۆ-ئەوروپییەکانەوە نییە.
لە نوێترین لێکۆڵینەوەی زانستی، لێکۆڵەرانی زانکۆی ئۆکلاندی نیوزیلاند لە ژێر ناوی : Mapping the Origins and Expansion of the Indo-European Language Family تیشک دەخەنە سەر ڕەگ و ڕیشە و سەرچاوە و پەرەسەندنەکانی بنەماڵەی زمانە هیندۆ-ئەوروپییەکان و ئەوە دەخەنەڕوو کە زمانەکانی هیندۆ-ئەوروپی لە ناوچەی باکوری کوردستانەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەوەشیان خستووەتە ڕوو بنەماڵەی زمانەکانی هیندۆ-ئەوروپی بریتین لە٤٠٠ زمان کە خۆیان لە ٦٠ وڵاتی جیهاندا دەبینەوە.
زمانی کوردیش یەکێک لەو زمانانەیە کە سەر بە بنەماڵەی زمانەکانی هیندۆ-ئەوروپییە و لەگەڵ زمانەکانی دیکەی ناو ئەو بنەماڵەیە خاوەنی کۆمەڵێک وشەی هاوبەشن، گرنگی و بایەخی ئەو لێکۆڵینەوەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زمانی کوردی لای خۆمان لەڕووی زانستییەوە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە و باکوری کوردستانیش شوێنی سەرهەڵدانی بەشێکی هەرە زۆری ئەو زمانانەن کە لە ئێستادا قسەیان پێدەکرێت.
بۆچی لەسەردەمی کۆندا بە زمانی کوردی بابەتەکانیان نەنوسیوە؟
دکتۆر سۆزان پێی وایە بەکارنەهێنانی زمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی "لە سەردەمی زوودا کاتێک ئەدیبەکانمان شعریان دەنووسی دەبوایە زمانەکانی فارسی و تورکی بزانن، بۆیە ڕۆژهەڵاتناسان وایان داناوە زمانی خۆیانە"، لە ڕەخنەیەکدا کە لە نالی شاعیر دەکرێت و پێی دەڵێن زمانی کوردی دروستکراوی زمانەکانی دیکەیە دەڵێت:
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا
بێتە حوجرەم، پارچە پارچەی موسوەدەم بکڕێ بە ڕۆح،
هەرکەسێ کووتاڵ و پارچەی بێبەدەڵ سەودا دەکا
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: "لەو سەردەمەدا نووسەر دانی پێدا نەدەنرا ئەگەر زمانی فارسی نەزانیبایە، بەڵام لە بنەڕەتدا زمانی فارسی لە سەردەمی ڕەزا شا-دا لە لوڕی و بەختیارییەکانەوە وشەیان وەرگرتووە، هەروەها ئەتاتورک لە زمانی کوردییەوە وشەی وەرگرتووە.
دکتۆر سۆزان کەریم دکتۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، ئەوەش دەخاتەڕوو زمانی کوردی بۆیە دەوڵەمەندی پێوە دیارنەبووە چونکە هەمیشە کورد داگیرکراوە بەڵام بە پێچەوانەوە زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە دەوڵەمەندەکان چونکە شێوەزاری زۆری هەیە.
ت.پ