" ژنانی کورد سەرەڕای توندوتیژییرکانی بەرامبەریان لە ٢٠٢٤دا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدەن"
سەیوان ڕۆستەم دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٢٤دام ژنانی ڕۆژئاوا بوونە سەرمەشق و پارێزەری خاک و ژنانی کورد، لە ڕێگەی بەرخۆدانەوە ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییە پوچەڵ دەکاتەوە کە ژن بە پلە دوو سەیر دەکات.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوونی قەیرانەکان و هەڵگیرسانی جەنگەکان بە درێژای ساڵی ٢٠٢٤ی ئاستەنگی ژیانی دروست کردووە، بەتایبەت گەلی کورد ڕووبەڕووی چەندین جەنگ و هێرش و پەلاماری دەوڵەتە داگیرکارەکانی هاوسێی بۆتەوە، لە ناویاندا ژنان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری و توندتیژی جەستەی و دەروونی بوونەوە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری لە سەددەی ٢١دا، ژنانی بەرەو توندوتیژی و کوشتنی زیاتر بردووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان ئاوارەبوون بە هۆکاری جەنگ، ئەو ئامارانەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٦٩ ژن کوژراون یان ناچار بە خۆکوژی کراون.
ساڵانە شێوازی نوێی توندوتیژی لە ئەنجامدانیدا دەبیندرێت، لە ناو توندوتیژیەکاندا دەبینین هەموواری یاسای باری کەسێتی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراق، هەوڵێکە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی و جینۆسایدکردنی ژنان لە عێراقدا، لە ئەنجامی دەرچوونی ئەو یاسایە ژنان چەندین هاوپەیمانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێکهێنا، لە ناویاندا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دورخستنەوە لە کارەکانیان بوونەوە، لە باشووری کوردستان و بە تایبەت ژنان لە شاری سلێمانی، بەهۆکاری هەبوونی مەترسی یاساکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی هاوپەیمانیەکەوە چالاکوانان و ژنان و ڕاگەیاندنەکان، هەوڵی ڕێگریکردنیان لە هەموواری یاساکە دەکرد، چالاکییەکانی ژنان و چالاکوانان لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ داواکرنی مافەکانی ژنان و ئاشنابوونی ژنان بە مافەکانیان بەردەوامی هەبوو.
"کۆمەڵگەی پیاوسالاری کاریگەری لەسەر لەناوبردنی بیری ئازادیخوازی ژنان دەکات"
سەیوان ڕۆستەم، چالاکوانی مافی ژنان باسی لە بارودۆخی ژنان و چالاکوانانی ژنان کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لە باشووری کوردستاندا بە چی بارودۆخیکدا دژ بە یاساکان و ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەجەنگن و وتی: تێکۆشانی ژنان لە چەندین ساڵی ڕابردوو بۆ دەستەبەرکردنی یاسایەکی تۆکمە تا ژنان بتوانن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان ڕوو لە دادگا و یاساکان بکەن، بەڵام هەمواری یاسای باری کەسێتی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراق، پێمان دەڵێن یاساکانیش پارێزگاری لە ژنان ناکەن، چالاکی و یەکڕیزی ژنان لە باشووری کوردستاندا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پێکەوەی ژنان دەتوانێت ژنان مافەکانیان بەدەست بهێنن، بە گژداچونەوەی تەواوی ژنان لە ڕێگەی گروپی هاوپەیمانی ١٨٨، و چەندین چالاکی لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا، ڕێکخراوەکانی ژنان بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی ژناندان، ئەو ئەقڵیەتی پیاوسالارییەی لە ناو کۆمەڵگەدا بەدی دەکرێت، بەردەوام لە ڕێگەی کۆمەڵگەوە ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبینەوە، بەڵام هەبوونی یاداش و ڕاگەیاندن و کۆڕ و سیمینارەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژییەکان و هەموواری یاسایی باری کەسێتی دەریدەخات، ژنان بەردەوامدەبن لە چالاکیەکانیان، سەرەڕای هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان بەردەوامی هەیە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە کۆکراوەتەوە ٦٩ ژن لە لایەن کەسانی پلە یەکیەوە کوژراون یان ناچار بە خۆ کوشتن کراون، سەرەڕای ئەوەی دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان چەندین ژنی دیکە کوژراون.
سەیوان ڕۆستەم باسی لەوەکرد، سەرەڕای ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە ڕێگەی دەوڵەتانی دراوسێوە هەوڵ بۆ کوشتنی ژنان دەدرێت، دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕێگەی هێرشە درۆنیی و تێکشکاندنی ناوچە سنووریەکان، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤دا دوو ژنە ڕۆژنامەنوسی ئازاد " گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ڕۆژنامەوانی بۆ دەزگای میدیایی چەتر، شەهید دەکرێن، هەروەها لە ١٩ی کانوونی یەکەمی هەمانساڵدا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتی ڕوماڵکردنی جەنگدا ژنە ڕۆژنامەنووس " جیهان بیلگین" لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی شەهید کرا، وتی: بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی داگیرکەر دوژمنی دەنگی ئازاد بووە، لە ناویاندا بەردەوام ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەکاتە ئامانج، لە جیهاندا ئامارەکان دەریدەخەن لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە ٦٠٪ی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان زیادی کردووە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە حەقیقەتی ڕووداوەکان ڕۆژنامەنووسان بە هێرشە ئاسمانییەکانیان شەهید دەکەن، سەرەڕای شەهیدکردنی ژنانی ئازادیخواز هەڵی لە سێدارەدان و زیندانی کردنیان دەدرێت، زیندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیندانەکانی سەوریا، باکووری کوردستان و باشووری کوردستان لە دێرزەمانەوە ژنانی ئازادیخوازیان تێدا بەند کردووە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ژنان و منداڵان کۆمەڵکوژ دەکران، دایکان بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان دەناشت، دوژمنان لە سەردەمانی کۆنەوە تا ئێستا هەوڵ بۆ تواندنەوەی گەلی کورد دەدەن، لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیندانی سیدنامان بینی لە سووریادا، کە ژنان ڕووبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی ببوونەوە، لە کاتی ئازادکردنیاندا ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییان پێوە دیاربوو، هەروەها لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتدا ژنانی ئازادیخواز بەردەوام چاوەڕێی لە سێدارەدانیان دەکەن، لە کاتێکدا ژنان لە سەدەی ٢١دا دەژین، بەڵام ناتوانن دەنگی ئازادیان هەڵببڕن، هەروەها دەبینین ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی داگیرکەر وەستاونەتەوە و بەرگری لە خاکی خۆیان دەکەن، ژنانی لەوێدا بوونە سەرمەشقی ژنان لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت، لە ڕێگەی بەرخۆدانییەوە تەواوی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییە پوچەڵ دەکاتەوە کە ژن بە پلە دوو سەیر دەکات.
"یاسا و دادگاکانیش لەسەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری بڕیار لەسەر کەیسەکانی ژنان دەدەن"
سەیوان ڕۆستەم باسی لەوەشکرد، هەبوونی ئەو ئەقڵیەتی کۆمەڵگەی پیاوسالاری بونیادناوە لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانکردندا ڕەنگی داوەتەوە، ڕەنگدانەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە یاساکان و دادگاکاندا بە ڕوونی دەبیندرێت، وتی:هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە لایەن دادگاکانەوە دەبیندرێت، لەمساڵدا ژنێک لە دادگای سلێمانی بەبەرچاو یاساناسانەوە لە دژی بڕیارێکی ناتەندروستی دادگادا هەوڵی خۆ کوشتن دەدات، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هاندانی دادگا بۆ ئەنجامدانی خۆکوژی، یاساکان و دادگاکان پێویستیان بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە، بەڵام ژنان لە ڕێگەی چالاکییەکان دژ بە یاساکان و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەوڵ بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی دەدەن.
سەیوان ڕۆستەم، سەرەڕای زیادبوونی توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان و دروستبوونی جەنگ و هەموواری یاسای باری کەسێتی، باسی لە دەستکەوتەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٤دا کردو وتی: سەرەڕای ئاستەنگیەکان، ڕێگرییەکان لە بەرەوپێشبردنی توانای ژنان، بەڵام ژنان بەردەوامیان بە چالاکی و داواکردنی مافی خۆیان دەدا، ژنانێکی بەرچاو بەشداریان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد، پاشان لە ڕێگەی چالاکییە مەدەنییەکان و چالاکی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکاناین دەدەن، هەروەها ژنانی نووسەر بەردەوام لە ڕێگەی توێژینەوە و نووسینەکانیانەوە هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و تاکی کۆمەڵگە دەدەن، لە هەمان ساڵدا چەندین ژنە نووسەر بەردەوام لە ڕێگەی پەڕتوکەکانیانەوە هەوڵی هۆسیارکردنەوەی ژنانیان دەدا، هەرچەندە خوێنەرەکان کەم بن بەڵام ژنان لە هەوڵی هۆشیارکردنەوە ناوەستن.
سەیوان ڕۆستەم لە کۆتاییدا وتیشی: هیوادارم ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی پڕ لە ئاسودەیبێت بۆ ژنان، ژنان لە ڕێگەی خۆ پەروەردەکردن و یەکگرتووی خۆیانەوە دەتوانن هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی مافەکاناین بدەن، بەردەوام لە هەوڵی هۆشیارکردنەوە و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بن.