ژنان و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا... سووریا
شەڕ و ئایین و کولتوور سێ لایەنی مەترسیدار پێکدەهێنن کە بەکاردێت بۆ پاساو هێنانەوە بۆ توندوتیژی دژی ژنان و سەپاندنی سنووردارکردن بەسەریاندا، وەک کۆنترۆڵکردنی جل و بەرگ و ڕەفتار و پەروەردە و کار.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا- توندوتیژی دژ بە ژنان لە سووریا یەکێکە لە هۆکارە هەرە بەرچاوەکانی قەیرانی ئەو وڵاتە، هەروەها یەکێکە لە دەرکەوتە قووڵە چەسپاوەکانی هەژموونی کۆمەڵایەتی و سیاسی، وە سووریا لە ساڵانی ڕابردوودا دوو جار گواستنەوەی دەسەڵاتی بەخۆیەوە بینیوە: یەکەمیان لە ژێر دەسەڵاتی جیهادیدا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس.
لە دیمەشق سیاسەتی ئەو دوو ڕژێمە بەرامبەر بە ژنان لە بنەڕەتدا یەکسانن، بەم واتایە، هەردوو ئیدارە ڕێبازی ئایدیۆلۆژی هاوشێوەیان هەیە سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی ژن، ئەم تێگەیشتنە هاوبەشە سیستەمی ئێستا لەقاڵب دەدات بەو نەخشانەی کە لە ڕابردووەوە بۆیان ماوەتەوە.
بەڵام ئەم نەخشانە لە پراکتیکی سیاسیدا لە ژێر پەردەی جیهادیزم و یاسای شەریعەتدا جیاواز بوون، سیاسەتی ژنکوژی کە لە سەرانسەری وڵاتدا باو بووە، ڕاستیەکی دڕندانەی دروست کردووە، توندوتیژی دژی ژنان تەنها لە کردەوەی تاکەکەسی یان ڕووداوی هەڕەمەکیدا سنووردار نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی دیاردەیەکی پێکهاتەیی دەکات کە لەگەڵ سیاسەت و کۆمەڵگە و ئابووری و کولتووردا تێکەڵاو بووە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی مەدەنی سووریا لە ساڵی ٢٠١١، خولگەیەکی توندوتیژی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبۆیەوە، ئەو توندوتیژییەشی کە لەگەڵ شەڕدا بڵاوبووەوە، بوو بە ئامرازێکی زۆرەملێ کە دەوڵەت لە دژی کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان بەکاری دەهێنا، لە ساڵانی کۆتایی شەڕەکەدا، بڵاوبوونەوەی گروپە چەکدارەکان لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە کە لە سووریادا ڕێکخرابوون، گەلی سووریا لە نێویاندا ژنانی خستە ناو گێژەڵوکەی ململانێکانەوە، ژنان لە ناوەندی ئەم وتارە توندوتیژەدا دانران و لە ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووریدا بوونە ئامانجی ڕاستەوخۆی کۆنترۆڵکردن.
توندوتیژی دژی ژنان لە سووریادا لە تەواوی ژیانی ڕۆژانەیان خۆی دەردەخات، لەوانە دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و توندوتیژی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی، کە لە شێوازی یاسایی و کولتووریدا دەردەکەوێت و ئامانجیان بەرتەسککردنەوەی ئازادی تاک و سەپاندنی گوێڕایەڵی و ملکەچبوونە، ئەم توندوتیژییە تەنها لە هێرشی تاکەکەسیدا سنووردار نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیستەمێکی باڵادەستی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتی و کولتووری، کە بەهۆی تێکەڵبوونی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ پیاوسالاری نەریتی و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی بەردەوام دەبێت.
''بنەما پێکهاتەییەکانی توندوتیژی لە سووریا''
توندوتیژی لە سووریا بە ناوەندگەرایی و پیاوسالاری دەوڵەت و بە هەڵاواردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی لە قاڵب دەدرێت، ئەمانە ئەو هۆکارە بنەڕەتیانەن کە قەیرانەکان لە سووریادا قووڵتر دەکەنەوە، دەوڵەتی سووریا کە وەک دەوڵەت نەتەوەیەک لەسەر بناغەی ئایینی و سێکسیزم و ناسیۆنالیزم بونیاد نراوە، پرسە کەڵەکەبووەکانی سەدەیەکی تا ئەمڕۆ لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.
ئەم ئاڵۆزییە لە پرسەکان سەریهەڵدا و بوو بە قەیرانێک کە لە ساڵی ٢٠١١دا قووڵتر بووەوە و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت، بێتوانایی دەوڵەت نەتەوەیی لە دروستکردنی ڕێگاچارەیەک، خستۆتییە دۆخێکەوە کە بازرگانی بە چارەنووسی وڵاتەوە بکات، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد سووریا چووە سەردەمێکی نوێوە، بەڵام ئەم سەردەمە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ سەردەمی پێش خۆیدا نەبوو، ئیدارەی کاتی جیهادی ''هەتەشە''، پێکهاتەی دەوڵەتی مەرکەزی بە میرات گرت و تێگەیشتنێکی پەرەپێدا، کە دان بە مرۆڤ و پێکهاتە و بیروباوەڕ و بە تایبەتی ژنانی دەرەوەی کایەی خۆی و ئەو گروپە چەکدارە جیاوازانەی کە لە دەوری خۆیان یەکگرتبوون نانێت، هەروەها ئەو ڕۆڵەی ژنان کە لە سیستەمی یاسایی و ئایینی و جیهادیدا دیاری کراوە و ئیدلیب لە ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی بووە، لە ژێر پەردەی ڕەش و نکۆڵی هەموو مافەکانیاندا دەرکەوتووە و تا ئەمڕۆش لە دیمەشق بەردەوام بووە.
لە ئێستادا سووریا بووەتە دەوڵەتێک کە لەلایەن چەتەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها چەتەکان و گروپە جیهادییەکان و هێزە ئاسایشییەکان توندوتیژی نەک تەنها بۆ سەپاندنی گوێڕایەڵی بەڵکو وەک بنەمایەک بۆ دووبارە دروستکردنەوەی دەسەڵات و هەژموون بەکاردەهێنن، ئێمە باس لە پێکهاتەیەکی دەوڵەتی دەکەین کە بە کردەوە بوونی نییە، لە ڕاستی ئێستای ناوچەییدا مەحاڵە باس لە دەوڵەتێکی کارا و یاساکانی و بەتایبەتی مافی ژنان لە سووریا بکرێت.
ئەم گروپە جیهادییانە کە یاسای ئیسلامی سیاسی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنن، سووتەمەنییان بە دۆزەخی سووریا داوە، ناوچەکانی عەلەوی و دروزە و کوردنشین بە بەردەوامی بەدەست کۆمەڵکوژی سیستماتیک و تاڵانکردن و دەستدرێژی سێکسی و ڕفاندنی ژنان و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و کوشتن بەناوی"شەرەف" و نکۆڵی بەردەوامی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان دەناڵێنن، وە ئەم سیناریۆیە دەتوانرێت بە یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی قەیرانی ئێستای سووریا هەژمار بکرێت.
چەمکی ئایینداری کە گفتوگۆ ئایینییەکان دەقۆزێتەوە و سنووردارکردن بەسەر شێوازی ژیان و جل و بەرگ و ڕەفتار و پەروەردە و کاردا دەسەپێنێت، کە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی بەکاردێت، ئەمەش ترس و تۆقاندنی بەکۆمەڵ لە دەوری ئەم پراکتیزانە قووڵتر دەکاتەوە، کولتووری دەستدرێژی و چەوساندنەوە کە بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە، ئامانجی سەرکوتکردنی خەباتی ژنانە بە تیرۆرکردن لەڕێگەی ئەو پێکهاتە سەربازییانەی کە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا جێگیرکراون، جگە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئەم عەقڵیەتە کە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا کەمدەکاتەوە، دەستدرێژی وەک یەکێک لە باوترین جۆرەکانی شەڕانگێزی دەقۆزێتەوە، باڵادەستی پیاو لە قۆرخکردنی میکانیزمەکانی بڕیاردان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ژنان بۆ گوێڕایەڵی و چاودێریکردن دەردەکەوێت، توندوتیژی یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی دروستکردنەوەی ئەم باڵادەستییە.
لە کاتی ململانێ و کارەساتەکاندا، ژنان زۆرجار بە هۆی ناهاوسەنگی هێز و زیادبوونی گرژییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، تووشی ستەم و توندوتیژییەکی توندتر دەبن، کە ئەمەش نیشاندەری بەردەوامی بوونی پێکهاتەیەکی پیاوسالارییە کە بەردەوام توندوتیژی لە هەردوو ئاستی تاکەکەسی و دامەزراوەییدا بەرهەم دەهێنێتەوە.
''جیهادی هەتەشە و ژنان''
٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، هیچی تر نەبوو لە کودەتایەکی سەربازی لەلایەن لایەنێک لە شەڕی سووریا لە دژی لایەنەکەی تر، کە بە ناچاری بووە هۆی گواستنەوەی نادیموکراتیکی و توندتیژی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەمکی "یاسایی شۆڕشگێڕانە"، ئەمەش ئاڵەنگاریەک بوو بۆ تەڤگەری مەدەنی و ژنان، کە دەرگایەکی فراوانی کردەوە بۆ دەرکردنی هەر کەسێک کە پەیوەندی بە کوتلەی دەسەڵاتدارەوە نەبێت، بە دروشمی "کێ بڕیار دەدات، کێ ڕزگاری دەکات"، ئەم دۆخەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی و تەڤگەرەکانی ژنان دروست کرد.
''هەتەشە'' گروپێکی جیهادییە و دژایەتی مافەکانی ژنان دەکات، کە لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕێکخراوەکانی وەک قاعیدە و بەرەی نوسرە و داعش سەریهەڵداوە، هەروەها لە ئەزموونی ئیدلب لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لەوکاتەدا کە پێی دەوترا "حکومەتی ئازادیخواز" دیاربوو، ئەم حکومەتە ژنانی کردە ئامانج، ئازادی و چالاکییەکانیان بە ناوی "یاسا" و "دین" بەرتەسک کردەوە، تەڤگەری ژنان بە تاوان ناسێندرا، تەنانەت سادەترین داواکارییەکانی ژنانیش ڕەتکرانەوە، هەروەها ڕەتکردنەوەی دەستەواژەی "دیموکراتیک" و هەموو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان"سیداو'' لە سیاسەتە بەردەوامەکانیدا ڕوونە، ئەمەش بریتییە لە ناچارکردنی ژنان بۆ باڵاپۆشی، جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان لە زانکۆکانی ئیدلب، ئەمانەش نیشاندەری سەرەکی سیاسەتە بەردەوامەکانی هەتەشەن.
ئەمڕۆ ئەم کارانە لە دیمەشق و حومس و حەما و تەنانەت کەنارەکانی سووریاشدا بڵاودەبێتەوە، نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستە سیاسییەکاندا سنووردارە بە یەک وەزارەتی ئاماژە، کە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی ڕێبازی نەریتی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ژنانە لە ژیانی گشتی و سیاسیدا.
لێدوانی بەرپرسانی وەک عەبیدە ئارناووت و ئایشە دبس، بەرپرسی ئەو شوێنەی کە بە فەرمانگەی کاروباری ژنان ناسرابوو، ڕۆڵی سنوورداری ژنانی لە ژێر چاودێری دەسەڵاتە ئایینی و سیاسییەکاندا پشتڕاستکردەوە، کە کەس چاوەڕوانی ڕەفتاری جیاوازی لەم ژنانە نەدەکرد کە لەلایەن هەتەشەوە هەڵبژێردرابوون، ئەم سیاسەتە کە لەلایەن پیاوێکەوە جێبەجێ کرابێت یان ژنێک هیچ جیاوازییەکی نەبوو، چونکە ئامانج لێی ئەوە بوو کە ژنانی سووریا لە ژێر کۆنترۆڵی جیهاد و یاسایی شەریعەتدا بمێننەوە، بەم شێوەیەش بوونی خۆیان پشتگوێ بخەن و ژێردەستەییەکانیان قووڵتر بکەنەوە.
''ئەڵقەی دیمەشق و ئیدلب''
بەهۆی کۆنترۆڵکردنی شارەکانی ئیدلب و گەندەکانی ڕۆژئاوای حەلەب لەلایەن هەتەشەوە، ژنان تووشی زیادبوونی بەرچاوی پێشێلکارییەکان بوون، لەوانە ڕفاندن، دەستدرێژیکردن، دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، سەپاندنی باڵاپۆشی و سنووردارکردنی جووڵە و خوێندن و دامەزراندن، جگە لەوەش هەتەشە ئەو پراکتیکەکانەی جێبەجێ کرد کە سەدەکانی ناوەڕاستی بیردەخاتەوە، ژنانی کردە کاڵا لەو بازاڕانەی کە لە ئیدلب دامەزراندبوو، هەروەها گروپەکانی سەر بە ئیدلب لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جۆری توندوتیژی و جیاکاری دژی ژنانی ئاشکرا کردووە.
ئیدلیب کە قەڵای هەتەشە و چەند گروپێکی سەربەخۆیە، لەم ساڵانەی دواییدا چەندین شێوازی توندوتیژی و جیاکاری دژی ژنانی تێدا بەڵگەدارکراون، لە نێو دیارترین پراکتیزە بەڵگەدارەکاندا سەپاندنی یاسای جل و بەرگی کۆنەپەرستانەی زۆرەملێیە لەلایەن هەتەشە لەسەر ژنان، لەگەڵ سنووردارکردنی جوڵە و بەڕێوبەری گەشتکردن، هەروەها دەستگیرکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بەڵگەدارکراوە لە نێویاندا ڕۆژنامەنووسانی ژن، هەرچەندە بەڵگەنامەکان لە زۆر سەرچاوەدا کەمتر وردەکارییان تێدایە، سەرەڕای ئەوەش، تەنها خوێندنەوەی ژمارەی ئەو کەیسانەی کە لە ڕۆژنامەکاندا باسکراون، بەسە بۆ تێگەیشتن لە قورسایی دۆخەکە.
دوای ئەوەی کە هەتەشە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، ئەم کارانە بە ئاشکرا دەستیان کرد بە دەرکەوتن، ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ''ڕۆیتەرز'' کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بڵاوکرایەوە، پشتڕاستی کردەوە، کە بە لانیکەم ٣٣ ژن لە کۆمەڵگەی عەلەوییەکان لە کاتی هێرشەکەدا ڕفێندراون، هەندێکیان گواستراونەتەوە بۆ ئیدلب و بەشێکی دیکەشیان براونەتە دەرەوەی سووریا.
بەڵگە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەی ڕفێندراوی ژنانی عەلەوییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە، هەروەها هەزاران ژنی دروز و ئێزدی پێشتر بە هەمان شێوە کراونەتە ئامانج، ئەم ژنانە تووشی ئەو شتە بوون کە جیهادییەکان پێیان دەووت"دیلبوون"، بەڵام لە ڕاستیدا پێشێلکارییەکی قورسی تێدایە، وەک "کۆیلەی سێکسی" مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن.
ملیۆنان ژنی سووری لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەدەست سنوورداربوونی هەلی کار و خوێندن بۆ منداڵانی کچ دەناڵێنن، هەروەها بێ وەستان بارگرانییان لەسەرە بەهۆی ئاوارەبوون و بێکارییەوە، کە ئەمەش لاوازییان زیاتر دەکات، کە ئەمەش لەوەدا ڕەنگ دەداتەوە ژنان ناچار دەکرێن لە بارودۆخێکی نائارامدا کار بکەن یان بەشداری ئابووری نافەرمی و بێ پارێزراو بکەن، ڕاپۆرتی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٤دا پشتڕاستی کردەوە، کە "قەیرانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا وایکردووە ژنان ڕووبەڕووی مەترسی زیادبوونی توندوتیژی ڕەگەزی و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ببنەوە''.
شاری حەلەب، ئەو شارە ستراتیژییەی کە شاهیدی هەندێک لە توندترین شەڕەکان بوو، لە نێو ئەو ناوچانەدایە کە بەرکەوتەی زۆرترین زیانی شەڕی سووریایە، کە بریتییە لە شەڕی توند، ئاوارەبوون، دواتر کۆنترۆڵکردنەوەی خاک، بوونی کوتلە جیاوازەکانی سەر بە داگیرکاریی تورکیا و بۆشایی سیاسی و ئیداری کە لە ئەنجامی شەڕدا دروست دەبێت، تەنانەت پێش جەنگیش ژنان لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا دەژیان و ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبوونەوە، لە تێکدانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە ناتەواوەکانەوە تا کۆچکردن و دۆخێکی ناسەقامگیری ئاسایشی، هەروەها بەرگەی فشارە ئابوورییە بەرچاوەکان دەگرن، زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە حەلەب وەک شارەکانی دیکەی سووریا، ژنان دوو هێندە زیانیان بەرکەوتووە، چ وەک زیانلێکەوتووی ململانێکان و چ لەوەی زۆرجار لە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لاوازدان.
''پێشێلکارییە سەرەکییەکان و هۆکارە بەڵگەدارەکان''
سنووردارکردنی جووڵە و خوێندن و دامەزراندن لە دیارترین ئەو پێشێلکاری و سنووردارکردنانەدان کە بەڵگەدارکراون، گروپە توندڕەوەکان کە ناوچە جیاوازەکانی سووریایان کۆنترۆڵکردبوو، سنووردارکردنیان بەسەر جوڵەی ژنان و ئامادەبوونیان لە خوێندنگە یان کار و جل و بەرگیان سەپاند، بەمەش کاریگەرییان لەسەر مافەکانیان بۆ خوێندن و دامەزراندن هەبوو، لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی "AVSI" کە لە سووریا کاردەکات لەسەر پڕۆژەکانی پشتیوانی ژنان، ئاماژەی بە دابەزینی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کاردا کردووە لە نزیکەی ٢٢٪ بۆ ١٣٪ لە سەرانسەری سووریا.
هەزاران ژن و منداڵای کچ لە شار و گوندەکانی سووریا لە دەرەوەی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕووبەڕووی پرسی بەرچاو دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە توندوتیژی سێکسی "SGBV"، لەوانە کەمیی کارمەندی ژن و کەمی سەرچاوە بۆ دەستڕاگەیشتن بەو خزمەتگوزارییانە، زۆرێک لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کوشتن، هاوسەرگیری پێشوەختە و تەنانەت دەستدرێژیکردنە سەریش بوونەتە جۆرێک لە ئازاردان کە لە ژێر پەردەی شەرەف یان ئاسایشی کۆمەڵگەدا ئەنجام دەدرێن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەو کاتەوەی هەتەشە لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، تا ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سووریا شایەتی بەردەوامی چالاکی تاوانکاری و کوشتنی تاوانبارانی نەناسراو لە سەرانسەری شارە جیاوازەکانی سووریادا بووە، جگە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەم ماوەیەدا ٣١٥ تاوانی لەو جۆرە تۆمار کراون و لە ئەنجامدا ٣٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٥٠ کەسیان ژن بوون.
لە ساڵی ڕابردووەوە بەردەوامییەکی بەربڵاوی پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤ لە سووریادا هەیە، توندوتیژی و ئاژاوە پەرەی سەندووە و چەندین شێوازی پێشێلکاری بەڵگەدار کراوە، لەوانە کوشتن و لەسێدارەدانی دەرەوەی دادوەری، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، بە ئامانجگرتنی بێ جیاوازی هاوڵاتیانی مەدەنی و هێرشی چەکداری و بۆردوومانی بەردەوام لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەماوەی ڕاپۆرتەکەدا، کوژرانی ١٠ هەزار و ٩٥٥ کەسی لە سەرانسەری وڵاتدا بەڵگەی لەسەر تۆمارکردووە کە ٨ هەزار و ٤٢٢ کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەنێویاندا ٤٦٣ منداڵ و ٦٣٦ ژن، هەروەها ٣٠٥٤ کەیسی لەسێدارەدانی پوختەی بەڵگەدار کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ"SNHR" کە لە مانگی ئاداری ٢٠٢٥دا بڵاوکراوەتەوە، ١٩ ڕووداوی بەئامانجگرتن یان تۆقاندن بەرامبەر بە ژنانی چالاکوان، لەوانەش داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەماوەی ئەمساڵدا لە مانگی ئاداری ٢٠٢٤ تا مانگی ئازاری ٢٠٢٥ بەڵگەدارکراون.
''دۆخی ئاڵۆزی مرۆیی و کۆمەڵایەتی''
تێکچوونی ئابووری و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری و پەککەوتنی خوێندنگە و ناوەندە تەندروستییەکان بەو واتایەیە کە ژنان لە ڕووی چاودێری خێزان و پشتیوانی بژێوی دوو بارگرانییان لەسەرە، بەپێی ئامارەکانی ''یونیسێف'' لە کاتی شەڕدا زیاتر لە ٧هەزار خوێندنگە زیانیان بەرکەوتووە و لە ئەنجامدا ٢.٥بۆ ٣ ملیۆن منداڵ وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەمەش ڕێگەی خۆشکردووە بۆ زیادبوونی کاری منداڵان و هاوسەرگیری منداڵان.
هەزاران کەس کە بەهۆی شەڕەوە کۆچیان کردووە لە کامپەکاندا بەردەوامن و ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی بارودۆخی سەختی ئەو کامپانە، چاودێری تەندروستی سنووردارە و نائاسایشی زاڵە، ژنان بێدەسەڵات دەمێننەوە و لە چنگی توندوتیژیدا گیریان خواردووە، ئەم دۆخە زۆرتر لەو کامپانەدا دیارە کە دەکەونە ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب و دەوروبەری، توندوتیژی و دەستدرێژی و ڕفاندنی زۆرەملێ لەسەر دەستی چەتەکانی سەر بە تورکیا، هاوڵاتیان بە تایبەت ژنانی بەرەو لێواری مردن پاڵداوە، هەموو ئەم ڕووداوانە لەو ناوچانەدا ڕوودەدەن کە هاوپەیمانی هەتەشە و گروپە جیهادییەکان لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە، لە زۆربەی ئەو بوارانەدا سیستەمێکی دادوەری و یاسایی کاریگەر نییە و لە چوارچێوەیەکیوادا باس لە دەوڵەتێکی کارا زیادەڕەوییە.
''سوەیدا و ئازادی دواخراو''
پێش دەستبەسەرداگرتنی جیهادیەکانی هەتەشە، سوەیدا کەمتر کاریگەری سنووردارکردنی ئازادییەکانی ژنانی لەسەر بوو بە بەراورد بە ئیدلب، حەلەب و دەرعا، ئەمەش ڕێگەی بە ژنان دا کە تا ڕادەیەکی زیاتر چالاکی کۆمەڵایەتی خۆیان بپارێزن و سوەیدا بە بەراورد بە شارەکانی دیکەی سووریا بە نموونەی ئازادی ڕێژەیی ژنان دادەنرا، بەڵام سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و کولتووری وایکرد زۆرێک لە ژنان لە کاتی گەشتکردن بۆ دیمەشق یان ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەتەشە خۆپارێزی بگرنەبەر، وەک باڵاپۆشی بۆ ئەوەی تووشی هەراسانکردن نەبن.
بەڵام لە دوای هێرشەکەی ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥، چەکدارانی هەتەشە پەنایان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ژنان لە سوەیدا برد، لە شارەکەدا ڕفاندن و کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان هەبووە، ژنانی ناچاربوو بە کۆچ بەن لە گوندەکانیان و بە پەنابردن بۆ پەناگە، ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی قورسی ئازادی و شکۆمەندیان بوونەتەوە، پراکتیزەکانی وەک چاودێری چڕ و سنووردارکردنی جووڵە هەڕەشەیان لە باشبوونی جەستەیی و دەروونییان دەکرد.
سیاسەتی چەکدارەکان بەرامبەر بە ژنان لە ناوچەکانی عەلەوی و کورد و دروزدا زیاتر بەرچاو بوو، ژنانی دروز و عەلەوی هەمان مامەڵەی ژنانی ئێزدییان بەسەردا هات، دەیان ژن ڕفێندران و دەستدرێژییان کرایە سەر و چەتەکانیش بازرگانییان پێوە دەکرد لەو بازاڕانەی کە لە ناو کۆمەڵگەکانیان دامەزراندبوون، ئەو توندوتیژییەی سوەیدای گرتەوە، بە تەواوی لە ناوچەکەدا بڵاوبووەوە، ئەو ژن و پیاوانەی لە نەخۆشخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان و شوێنە گشتیەکانی دیکەدا کاریان دەکرد، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران.
هەتەشە کە توندوتیژی کردۆتە تایبەتمەندییەکی دیاریکەری سوەیدا، ئەمڕۆش بەردەوامە لە پراکتیزە سەرکوتکەرەکانی، ئەم ڕێکخراوە کە بەشێکی زۆری سورویای کردووە بە دۆزەخێکی بەرگە نەگیراو بۆ ژنان، بووەتە زۆرترین ئامانجی توندوتیژی دژی ژنان لە ژینگەیەکدا کە توندوتیژی ئاسایی دەکاتەوە، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژی و دەستدرێژییەی کە لە سوەیدس ڕوویدا، لەگەڵ خودی شەڕەکەدا، فشارێکی بێئەندازەی خستۆتە سەر خێزانەکان، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان، بە تایبەتی ژنانی دروز کاریگەری ئەو دۆخەیان لەسەر بووە کە لە ژێر هێرشی دڕندانەی گروپە جیهادییەکان کە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی بەناو دەوڵەت دەدەن، ناچار بوون بچنە ناویەوە، بەم شێوەیە، لە دڵی توندوتیژییەکان دانراون، ئەم وێنەیەش بە ڕوونی ڕاستی بارودۆخی ناوچەکە ئاشکرا دەکات.
بەکورتی، پێش لەشکرکێشی، سوەیدا بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکە کەشێکی کۆمەڵایەتی کراوەتر بۆ ژنان بەهرەمەند بوو، بەڵام هێرشەکە و دواتر ئاوارەبوونی دانیشتووان گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەر بارودۆخی ژیانی ژناندا هێناوە. ئەم قۆناغە کە بە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی چڕتر بووەتەوە، وەک نموونەیەکی توند دەبینرێت کە چۆن ئەو ستەمانەی کە چەتەکان بۆ قازانجی سیاسی بەکاریدەهێنن، دەتوانێت کۆمەڵگەیەک لاواز بکات.
''چالاکی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژیدا''
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا "٢٠٢٤-٢٠٢٥"، زیادبوونی بەرچاو لە چالاکییەکانی هەردوو ڕێکخراوی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەبووە کە تیشکیان خستۆتە سەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و هاوسەرگیری منداڵان، ئەمەش لە نێوان بارودۆخی ئابووری و سیاسی زۆر سەختدا ڕوویدا و لەگەڵ چەندین هێزی باڵادەستی جوگرافی، پێگەی ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا جیاواز بوو، هەندێک بوار نموونەی پێشکەوتووی بەهێزکردنی ژنانیان نیشان دا، لە کاتێکدا هەندێکی تر پاشەکشەیان کرد بۆ شێوازە نەریتی و کۆنەپەرستانە کە بەشداری ژنانیان لە ژیانی گشتیدا سنووردار دەکرد.
''یەکەم – تەڤگەری ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا''
نموونەیەکی جیاواز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەریهەڵدا، کە خۆبەڕێوبەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی نێوان ژنان و پیاوانی لە دامەزراوە مەدەنی و سیاسییەکان گرتەبەر، ئەمەش هەنگاوێکی چۆنایەتی بوو لە مێژووی تەڤگەری ژنانی سووریادا و بە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە بەرچاوەکانی ساڵانی ڕابردوو دادەنرێت، بەو پێیەی پۆستی سەرکردایەتی کاریگەر بە ژنان بەخشی و بەشداری کرد لە بەهێزکردنی بنەمای یەکسانی لە بڕیاردان.
جگە لەوەش، ڕێکخراوەکانی ژنان لەو بوارانەدا، وەک کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەبنوبیا، سەرەڕای بارودۆخی ئاسایشی و ئاڵەنگاری سیاسییەکان، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە هۆشیارکردنەوە و بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بینی.
''دووەم – ئەزموونی ژنان لە سوەیدا''
بارودۆخەکە لە سوەیدا جیاواز بوو، ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ستەم و ئازارە درێژخایەنەکانیان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا، داوای مافەکانیان و سیستەمێکی مەدەنییان دەکرد کە یەکسانی و ئازادی مسۆگەر بکات، بەڵام خۆشیەکەیان تەمەنی کورت بوو، دوای داڕمانی دەسەڵاتی ڕژێم، هەتەشە سەریهەڵدا و هەوڵیدا ژنان بەرتەسک بکاتەوە و لە ماڵ و ڕۆڵی نەریتیدا قەتیسیان بکات.
ژنانی سوەیدا بە توندی ئەم نموونەیان ڕەتکردەوە و لە سنووردارکردنی سەپێنراو یاخی بوون و تۆڕی کۆمەڵایەتییان بەکارهێنا بۆ دەربڕینی ڕەتکردنەوەی سەرپەرشتیکردنی پیاو، جەختیان لەوە کردەوە، کە شۆڕش لەسەر وەدەرنانی ژنان بونیاد نادرێت، هەرچەندە سوەیدا لە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی هەتەشە نەبوو کە ئەحمەد شەرع "جۆلانی" سەرۆکایەتی دەکرد، بەڵام ئەو قسە کۆنەپەرستانەی کە گروپەکە هەوڵی بەرەوپێشبردنی دەدا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بەرچاو بووەوە لەلایەن ژنانی شارەکەوە.
''سێیەم – قەیرانی ئابووری و چوونە ناو بازاڕی کارەوە ژنان''
قەیرانی ئابووریی پەککەوتوو، ژنانی سووری لە ناوچە جیاوازەەکان پاڵیان بە بازاڕی کارەوە هێنا بۆ گەڕان بەدوای داهات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی دەستپێشخەرییە ئابوورییەکان بە سەرکردایەتی ژنان لە بواری کشتوکاڵ، پەروەردە، پیشەسازی دەستی و خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان.
بەڵام زۆرێک لە ژنانی کرێکار ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت بوونەتەوە، لە کەمی کرێ و کاتژمێری کارکردنی درێژەوە تا دەگاتە چەوساندنەوە لە ژینگەیەکی کاردا کە پارێزگاری یاسایی و کۆمەڵایەتی تێدا نەبووە.
''چوارەم – پاشەکشە و بەربەستە پێکهاتەییەکان''
لەگەڵ سەرهەڵدانی هەتەشە، ژنان لە سووریا ڕووبەڕووی پاشەکشەی دووبارە بوونەتەوە، دیارترینیان دابەزینی ئابووری بوو، کە وایکرد کار ببێتە پێویستیەک نەک هەڵبژاردنێک بۆ ژنان، لەگەڵ کەمی موچە و چەوساندنەوەی کرێکاران و نەبوونی ژینگەی پارێزراوی کارکردن.
نەبوونی ژێرخانی یاسایی و کەلێنی یاسایی و ناشەرعییەتی سروشتی خودی دەوڵەت هیچ پەنایەک بۆ پێشێلکردنی مافەکان ناهێڵێتەوە، بۆ نموونە ئەو یاسایانەی کە پێی دەوترێت کاتی، تەنها تا ئەو ڕادەیەی هاوژینەکانیان ڕێگەی پێداوە، ڕێگە بە ژنان دەدەن کار بکەن، ئەگەر ژنێک کار بکات، هاوژینەکەی مافی یاسایی هەیە ڕێگری لێبکات، هەروەها ئەو یاسایانەی کە بە تایبەتی بۆ پێکهاتەی گروپە جیهادییەکانی ئێستا داڕێژراون، لە بەرژەوەندی پیاوان و سنووردارکردنی مافەکانی ژنان، بەپێی ئەو یاسایە کاتیانە، یاساکانی باری کەسی لەسەر بنەمای یاسای شەریعەت دامەزراون و بە شێوەیەک داڕێژراون کە ژنان لە زۆرێک لە مافەکانیان بێبەش دەکات، بۆیە پێویستە هەنگاوی یەکەمی گواستنەوەی دیموکراتیکی بە سەرکردایەتی ژنان لە سووریا، دووبارە نووسینەوەی دەستوور بێت بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان و مافی هەموو سوورییەکان، هەروەها خێڵەکی و پەیوەندی ئایینی کاریگەری لەسەر مافەکانی ژنان لەسەر بنەمای هەرێم و ناسنامەی ئایینی هەیە، لە ناوچەکانی سووریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەتەشەدایە، بوونی ژنان لە ئەندامەکانی بڕیاردان بە کردەوە بوونی نییە و کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی توندی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوەیە.
لە کاتێکدا ژنان بەشدارییەکی بەرفراوانیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە، بەڵام ئەزموونەکە لە ڕووی جوگرافیاوە سنووردارە و ژنانی ناوچەکانی دیکەی سووریاش بەدەرن.
''پێنجەم – ئەنجام''
ئەزموونی ژنانی سووریا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تێکەڵەیەک لە دەستکەوت و پاشەکشەی ئاشکرا کردووە سەرەڕای پەرەسەندنی هۆشیاری و بەشداری ژنان لە کایەی گشتیدا، یەکگرتوون لە ڕەتکردنەوەی هاوکاریکردنیان لەگەڵ ڕێکخراوی جیهادی هەتەشە، کە توندوتیژی دژی ژنان لە سووریا توندتر کردووە، تەنانەت تا ڕادەی ژنکوژی، تا ئەو پێکهاتەیەی ئێستا گۆڕانکارییەکی دیموکراتیکی بەسەردا نەچێت کە دان بە مافەکانی ژناندا بنێت، ناکرێت باسی سووریایەکی دیموکراتیک بکرێت، لەگەڵیشیدا باسی مافی ژنانیش بکرێت.
لەبەر ڕۆشنایی ئەمە دەتوانرێت بوترێ ئەزموونی ژنان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نوێنەرایەتی پێشکەوتنێکی بەرچاو لە ڕووی بەشداری و نوێنەرایەتی دەکات، بەڵام لە ڕووی جوگرافیەوە سنووردار ماوەتەوە و هەموو ژنانی سووریا ناگرێتەوە، هەر بۆیە بونیادنانی سیستەمێکی ژنانی دادپەروەر و بەردەوام لە سووریای داهاتوودا پێویستی بە جیاکردنەوەی یاساکان هەیە لە ئاماژە خێڵەکی و ئایینییەکان و چەسپاندنی یەکسانی یاسایی و سیاسی وەک هەوێنی هەموو گواستنەوەیەکی دیموکراتیکی و درێژکردنەوەی ئەمە بۆ تەواوی خاکی سووریا بۆ پێکهێنانی بنەمای گۆڕانکاری دیموکراتیکی.