"ژن، ژیان، ئازادی" فەلسەفەیەک بۆ ڕزگاری و پێناسەکردنەوەی ناسنامەی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران

ترسی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەربڵاو، بووەتە هۆی ئەوەی سیاسەتی "سەرکوتکردنی پێشوەختە" بخرێتە بەرنامەی کاری ڕژێمی ئێرانەوە، دەستپێکردنەوە و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لاوازی ڕژێم و ڕاستی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک هەڕەشەیەکی زیندوو دەردەخات.

بێریڤان شاهۆ

 

ناوەندی هەواڵ- دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن پۆلیسی بەناو ڕەوشتی ڕژێمی ئێران، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" نەک هەر ئێران بەڵکو ڕای گشتی جیهانیشی وەک ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی هەژاند. ئەم شۆڕشە لە دڵی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێوە سەریهەڵدا، بەڵام هەر زوو بوو بە هێمای خەباتێکی هەمەلایەنە لە دژی سیستەمی پیاوسالاری و سەرکووتی سیاسی و هەڵاواردنی پێکهاتەیی و وەرگرتنەوەی مافی ژیانی بە کەرامەت، بەبێ کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر جەستە و ڕەفتاردا و ئازادی لە هەژموون، چ لەسەر ئاستی تاک و چ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا.

 

ساڵانێک چەوساندنەوەی ژنان و کۆنترۆڵکردنی جەستە و ڕەفتار و جلوبەرگیان، لەگەڵ نایەکسانی یاسایی و کۆمەڵایەتی و بەشداری سیاسی، سەکۆیەکی ڕەخساندبوو کە تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی کردبووە پێویستی. ئەمجارە ژنان نەک وەک قوربانی، بەڵکو وەک پێشەنگی ناڕەزایەتییەکە ڕژانە سەر شەقامەکان.

 

"ژن، ژیان، ئازادی" ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی ستراکتوری قووڵ بوو لە کۆمەڵگەی ئێراندا

سەرهەڵدانی  شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، نەک هەر ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی دژی حیجابی ناچاری بوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی ستراکتوری قووڵ بوو لە کۆمەڵگەی ئێراندا، ئەم شۆڕشە بە تیشک خستنە سەر سێ چەمکی "ژن، ژیان، ئازادی" ئاڵنگاری گوتاری فەرمی ڕژێمی ئێرانی کرد و ژنان بە تێکۆشانیان ئەو سیستەمە و ئایدۆلۆژیای حکومەتیان هەژاند و سنووری ڕەگەزی و نەتەوەییان تێپەڕاند.

 

لەم چوارچێوەیەدا توندوتیژی دژ بە ژنان نەک تەنیا لە بنەماڵە یان لەسەر شەقام، بەڵکو لەسەر ئاستی قەوارەی دەسەڵاتداریش بووەتە دامەزراوەیی. جەستە، ئیرادە و ئازادی ژن وەک هێمای بەرخۆدان دەبیندرێت؛ لە ئەنجامدا سەرکوتکردنی وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ گەڕاندنەوەی هێز و دەسەڵاتی ئەم ڕژێمە دەبیندرێت هەر بۆیە یەکسەر دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی ترس لە ڕێگای گرتن و ئەشکەنجەدان و سەپاندنی سزای قورسی وەک زیندانی هەتاهەتایی و سزای لەسێدارەدان و بەسەر کەسانی ناڕازی لە سیاسەتە ناڕەوا و سەرکوتکارەکانی ئەم ڕژێمە.

 

ئامارەکان دەریدەخەن کە لە دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێراندا ڕێژەی لەسێدارەدانەکان بە ڕێژەی ٧٥٪ زیادی کردووە، بە جۆرێک لە دوو ساڵی یەکەمی دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان واتا لە (١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لانیکەم هەزار و ٤٢٥ کەس لە سێدارە دراون، هاوکات نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی ئابی ئەمساڵ ئامارێکی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکان لە ئێران بڵاوکردوە و نیگەرانی خۆی لە "شێوەیەکی سیستماتیکی کەڵک وەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان وەک کەرەستەی سەرکوت و تۆقاندنی دەوڵەت" لە ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٨ی ئابی هەمان ساڵ لانی کەم ٨٥٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون و تەنها لە مانگی تەمموزدا ئێران لانیکەم ١١٠ کەسی لەسێدارەداوە و باسی لەوەش کردووە ڕەنگە ئامارە ڕاستەقینەکە جیاواز و خراپتر بێت.

 

بە پێی ئامارە نافەرمییەکان لە ٢١ی نیسانی ٢٠٠٧ تا ساڵی ٢٠٢٥، ٢٩٥ ژن لە سێدارەدراون کە ٢٠١ی ئەم لەسێدارەدانانە لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە بووە، بە جۆرێک تا مانگی ٨ی ئەساڵ ٢٥ ژن بە تۆمەتی جیاواز لەسێدارەدراون و هاوکات چەندین زیندانی سیاسی دیکە وەکوو شەریفە محەمەدی، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و مەترسی جێبەجێکردنی ئەم سزایە لەسەریان هەیە.

 

بە کۆی گشتی ئەو زیندانیانەی کە لەسێداردراون لە نەتەوەی کورد، لوڕ، فارس، بەلووچ، عەرەب، گیلک و تورکمانن و زیاترینی لەسێدارەدانەکان لەسەر کورد، فارس، لوڕ و بەلووچ جێبەجێ کراوە.

 

هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بە هەزاران کەس دەستبەسەر کراون و سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٥١٤ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکان یان دامودەزگا دادوەرییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام، هەمەدان، تاران و خوراسان بە هۆکاری سیاسی دەستبەسەر کراون.

 

لەمساڵدا هەزاران کەس دەستگیر کراون

هاوکات لە ئەمساڵی ٢٠٢٥دا بە تۆمەتی ئەمنییەتی بە سەدان کەس دستگیرکراون، بەتایبەت لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل بە تۆمەتی هاوکاری وڵاتانی دژبەری ئەم ڕژێمە زیاتر لە ٩٠٠ کەس دەستبەسەرکراون، کە تەنها لە مانگی ٨ی ئەمساڵدا بە نزیکەی ٨٧ هاوڵاتی کە پێکهاتوون لە ۷ چالاکوانی ژن، ۱ منداڵ، ۳۹ هاووڵاتیی کورد، ۲۱ هاووڵاتیی بەلووچ و ۲ چالاکوانی بەهایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە زیاترین حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردن لە پارێزگاکانی ئورمیە و سیستان و بەلووچستان بە ۱٦ حاڵەت تۆمار کراون.

 

هەڵگیرسانی شۆڕشی خۆڕسکی ژن، ژیان، ئازادی بووە هۆکاری ئەوەی توندوتیژییەکانی لەناو کۆمەڵگە کەم ڕەنگ ببێتەوە، بەڵام لەدوای سەرکوتکردنی ئەم شۆڕشە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دیسانەوە شەپۆلی توندوتیژییەکانی سەر ژنان ڕووی لە زیادبوون کرد، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٥ بە لایەنی کەمەوە تەنها لە ژێر ناوی شەرەفدا ٣١٢ ژن لەلایەن کەسانی نزیکیانەوە کوژراون.

 

توندوتیژی فیزیکی و دەروونی لە ناو زیندانەکاندا ٥٠-٦٠٪ زیادی کردووە

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێژەی کوشتنی ژنان دوای شۆڕش، بەراورد بە پێش شۆڕش، نزیکەی ٣٠-٤٠٪ زیادی کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٩١ ژن کوژراون و تەنها لە مانگی ٧ی ئەمساڵدا ٢٧ ژن و ٩ منداڵ کوژراون، هەروەها ڕێژەی توندوتیژی فیزیکی و دەروونی لە ناو زیندانەکاندا ٥٠-٦٠٪ زیادی کردووە.

 

پەیوەندی نێوان دەستپێکردنەوەی توندوتیژی و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەتواندرێت لە شێوەی وەڵامدانەوەی سیستماتیکی هەڕەشە بۆ سەر وتاری فەرمی و پێکهاتەی دەسەڵات شیبکرێتەوە و وەڵامێکیش بۆ هێزی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەم شۆڕشە.

 

هەروەها ترسی دووبارەبوونەوەی ئەم ڕاپەڕینانە و گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەربڵاو، بووەتە هۆی ئەوەی سیاسەتی "سەرکوتکردنی پێشوەختە" بخرێتە بەرنامەی کارەوە، دەستپێکردنەوە و پەرەسەندنی توندوتیژیەکان نەک هەر لاوازی ڕژێم دەردەخات، بەڵکو ئەو ڕاستییەش دەردەخات کە هێشتا ئەم شۆڕشە وەک هەڕەشەیەکی زیندوو و جددی هەست پێدەکرێت و لە مێشک و هەڵسوکەوتی خەڵکدا بەردەوامە و هەر توندوتیژییەکی نوێش بەڵگەی مانەوەیە.